ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە پەراوێزی کۆچیی دوایی کەڵە مێژوونووسی کورددا

وەفایەک بۆ کەمال مەزهەر

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

وتەی بەرایی:

 

٭ مامۆستای زانکۆ، توێژەر، رۆژنامەنووس، مێژوونووسی ناوداری کورد، د. کەمال مەزهەر؛ ناوێکی زیندوو درەوشاوەیە، لە بواری ڕۆشنبیری و مێژوونووسی گەلی کوردستان و وڵاتی عێراق و جیهانی کوردناس..

٭ یەکێکە لەو مێژوونووسە بە توانایانەی لە ماوەی نیو سەدەدا، کتێبخانەی مێژوویی عێراقی و کوردستانی و جیهانی دەوڵەمەند کردووە بە ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژینەوەو کتێبی مێژوویی بە زمانەکانی کوردی عەرەبی و ڕووسی و ئینگلیزی و فارسی هتد.. هەروەها بەشێک لە بەرهەمەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە جیهانییەکان.

٭ یەکێکە لەو ئەکادیمییە زانستپەروەر و زمان پاراوانەی کە سوودی یەکجار زۆری بە ڕێبازی زانستی نووسینەوەی مێژوو بەخشیوە. هەروەها خاوەن گەورەترین کتێبخانەی تایبەتی مێژووییە لە کوردستاندا.

٭ یەکێک بوو، لەو کەسایەتییە ڕۆشنبیرە نیشتمانپەروەرە، پێشکەوتنخوازانەی لەسەر بنەمای هزری پێشکەوتنخوازی و کوردپەروەری بێگەرد، درێژەی بە پێگەیاندنی خۆی داوە لە بواری هزری و ڕۆشنبیری و مێژوونووسیدا..

٭ شەرەفخانی بەدلیسی خاوەن شەڕەفنامە، یەکەم کوردە زیاتر لە ٤۰۰ ساڵ پێشی ئێستا بە جوانی مێژووی کوردی تۆمارکردووە، حوسێن حوزنی موکریانی و محەمەد ئەمین زەکی بەگ وەکو دوو مێژوو نووسی پێشەنگی کورد لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، بۆنی مێژوو و بۆنی خاکی کوردستانیان وەکو بۆنی نێرگزی بەهار پەخشکرد..ئەوە زاناو مامۆستای هەمیشە زیندوومان د. کەمال مەزهەریشە،لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمداو لە سەرەتای سەدەی ۲۱ دا،زانستی مێژوویی لە میانی دانراوەکانیدا سەلماند..مێژووی ڕاستەقینەی لای خوێندەوارانی کورد خۆشەویست کرد. پێشمەرگەئاسا خزمەتی زانستی مێژوو و مێژووی گەلەکەی کرد.

مامۆستا کەمال مەزهەر لە بەرایی بەشی یەکەمی کتێبە نایابەکەی( مێژوو)، لە بارەی زانستی مێژوو، نووسیویەتی و دەڵێ:" هیچ گومان لەوەدا نەماوە، کە مێژوو زانستێکی گەورە و بە کەڵکە، بەڵکو بێ سێ و دوو دەتوانین ناوی بنێین (زانستی زانستەکان)، راستەکەشی مێژوو زانستی زانستەکانە، وەک خوێی چێشت وایە بۆیان، چونکە هیچ زانیارییەکی گرنگ نییە مێژووی خۆی نەبێت، وەک مێژووی سروشت و مێژووی پزیشکی و مێژووی ئابووری و مێژووی زوبان و مێژووی ئەدەب و مێژووی ئاسمانگەری و مێژووی سەربازی و مێژووی وەرزش و مێژووی کیمیا و فیزیا و مێژووی هونەر و گەلێکی تر. بەڵام لە هەموویان گرنگتر، مێژووی ژیانە، کە گشت زانستەکان و ڕووداوەکانی ڕۆژانە و ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵ دەگرێتەوە. بڕوا ناکەم رووناکبیرێکی ڕەسەن یا فەرمانبەرێکی سەرکەوتوو، توانیبێتی بێ مێژوو بەڕێوە بچێت. بۆ هەر کەسێک بیەوێت دەرسەکانی مێژوو گەورەن، نەمری ڕاستەقینە لای مێژووە" .

 

کورتەیەک لە ژیاننامەی؛

٭ناوی تەواوی: کەمال مەزهەر ئەحمەد حاجی رەسول.

٭ لە ١٤ی شوباتی ١٩٣٧ لە ناحیەی ئاغجەلەر سەر بە قەزای چەمچەماڵ، لەدایک بووە،باوکی لەوێ فەرمانبەر میری بووە،خۆیان لە بنەماڵەیەکی ناوداری شاری سلێمانین و دانیشتووی گەڕەکی کانی ئاسکان بوون. سێ خوشک و دوو برا بوون.

٭ هەرسێ قۆناغی خوێندنی؛ سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە.

٭ لە ساڵی ١٩٥٣، کە لە پۆلی چوارەمی ئامادەیی بووە، باوکی کۆچی دوایی کردووە..خۆی دەڵێ:" باوکم لە ساڵی ١٩٥٣ کۆچی دوایی کرد، معاون شورتە بوو" کۆچی دوایی زووی باوکی، کاریگەری زۆر دەبێت لەسەری،هەر بۆیە دوای ئەم رووداوە، هەست بە بەرپرسیارێتی زیاتر دەکات و سەرەڕای ئەم کۆستە گەورەیە، بە جددی لە سەر خوێندنیدا، بەردەوام دەبێت.

٭ دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی، لە ساڵی ١٩٥٥دا، لە بەشی مێژووی خانەی باڵای مامۆستایان لە بەغدا وەردەگیرێت،کە دواتر بۆتە کۆلێژی پەروەردە. د. کەمال لەبارەی خوێندنی مێژوو هەر لە خوێندنی بەکالۆریۆسەوە، دەڵێ:" لە خوێندندا زۆر باش بووم، لە پۆلی یەک، هەستم کرد، کە دەبێ رووبکەمە مێژووی کورد، ڕاپۆرتێکی زانستیم نووسی لەسەر مێژووی کورد". لە ساڵی ١٩٥٩ بە پلەی (شەڕەف) بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری مێژوو لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.

٭ دوای دەرچوونی لە کۆلێژ لە ماوەی نێوان ئەیلولی ١٩٥٩ و ئاداری ١٩٦٠ خەریکی پیشەی مامۆستایی بووە.

٭ لەسەردەمی شۆڕشی چواردەی تەمووزدا (١٩٥٨-٨ی شوباتی ١٩٦٣) لەگەڵ یەکەمین گرووپی قوتابییانی کورددا لە لایەن حکومەتی زەعیم عەبدولکەریم قاسم، بۆ تەواوکردنی خوێندن رەوانەی یەکێتی سۆڤیەت کراوە.

٭ لە ساڵی ١٩٦٣ بڕوانامەی دکتۆرای لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی سەر بە ئەکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت لە بواری مێژووی هاوچەرخی کورد بەدەستهێناوە..

٭ لە دوای وەرگرتنی یەکەم دکتۆرای، شەش ساڵی تر لە خوێندن بەردەوام دەبێت،ئەم جارە لە ساڵی ١٩٦٩، دکتۆرای زانستی (علوم ناوک) لە بواری مێژووی هاوچەرخی کورد بەدەست دێنێت، یەکەم قوتابی کورد بووە، لە بواری مێژوو، ئەم بڕوانامە هەرە باڵایە لە یەکێتی سۆڤیەت، بەدەستبێنێت.

٭ لە ساڵی ١٩٧٠ دەگەڕێتەوە عێراق و لە بەشی مێژووی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا بە مامۆستا دادەمەزرێت..

٭ لە ساڵی ١٩٧٣دا پلەی زانستی دەبێتە پرۆفیسۆر یاریدەدەر، لە ساڵی ١٩٨١دا، دەبێت بە پڕۆفیسۆر..

٭ جگە لە وانەگوتنەوە، مامۆستا کەمال مەزهەر، سەرپەرشتی نامەی دکتۆراو ماستەری دەیان قوتابی لێهاتووی کوردی کردووە، لە تاوتوێکردنی سەدان ماستەرنامەودکتۆرانامەدا بەشداربووە.

٭ لە ١/٨/١٩٨٥دا، ژیانی هاوسەری، لەگەڵ (شەهلا تاهیر حەیدەری) پێکهێناوە..شەهلاخان بەوپەڕی دڵسۆزێ، هەمیشە هاوکار و پشتیوانی د. کەمال مەزهەر بووە، لەماوەی کارکردنی د. کەمال لە لەندەن لەسەر بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، کە دوو بەرگ کتێبی بایەخداری لێبەرهەمهێنا، شەهلا خان زۆر هاوکاری دکتۆر بووە.. لەماوەی نەخۆشکەوتنیشیدا زۆر خزمەتی کردووە.

 

Rebin sent Today at 12:29 PM

لەپێشوازی هێنانەوەی تەرمەکەیدا؛

 

ڕۆژی ٢٤/٣/٢٠٢١ لە شاری هەولێر لە لایەن ئەکادیمیای کوردی، لە حزووری تەرمی پیرۆزی زانا و مێژوونووسی ناوداری کورد مامۆستا کەمال مەزهەر، مەڕاسیمێکی ماتەمینی تایبەت بەڕێوەچوو، بەر لە بەڕێکردنی تەرمی پیرۆزی د. کەمال، بۆ شاری سلێمانی زێدی باب و باپیرانی تاکو لە گردی سەیوان، لە نزیک گۆڕی مێژوونووسی ناودار محەمەد ئەمین زەکی بەگ، بەخاک بسپێردرێت..

ئێمەش وەکو قوتابییەکی ئەم زانا گەورەیە، کە پێشەکی بۆ کتێبی ــ ماستەرنامەکەم ــ (عەزیز شەریف و کورد) نووسیوە، بە ئەرکی سەر شانی خۆم زانی، وەفا بنوێنین و ژیاننامەی بەڕێز و نەمریان لە چوار بەشدا، بڵاو بکەینەوە، وەکو یەکێک لە (مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان)..

 

+سەرەتاکانی هەڵوێست و تێکۆشانی سیاسی و دوایی هەڵوێستی بەردەوامی کوردایەتی :

مامۆستا و نووسەر هاوڕێ جەلال دەباغ، کە هاوڕێی دێرینی د. کەمال مەزهەرە، نووسیویەتی و دەڵێ:" مامۆستا کەمال مەزهەر ئەحمەد لە دواناوەندی سلێمانی لە ساڵی ١٩٥٥ خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە، لەو ساڵانەی قوتابێتیدا، بۆتە ئەندامی یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق و پێکەوە لەو یەکێتییەدا خەباتمان کردووە، ئەو کاتەش بۆتە ئەندامی حزبی شیوعی عێراق. لە سەردەمی شۆڕشی ١٤ی تەمزوی ١٩٥٨دا بۆتە لایەنگر و بەرگریکار لە شۆڕشەکەو تێکۆشەرێکی چالاک بوو" ..

لە سەرچاوەیەکی دیکەشدا هاتووە:" یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی دیکەی، هەروەکو خۆی لە دیمانەیەکدا باسی لێوە کردووە، لە سەرەتاوە کۆمەنیست بووە،پێش شۆڕشی ١٤ی تەموز بە ئەندامێتی حزبی شیوعی عێراق وەرگیراوە، کە لە لایەن حوسێن نوری کیکی کە خەڵکی بادینانە سەرپەرشتی شانەکەیان کراوە. د. کەمال مەزهەر خۆی لە درێژەی دیمانەکەدا، دەڵێت:" من ئێستا کۆمۆنیست نیم، بەڵام هەر چەپڕەوم، هەر مارکسیم و بڕوام بە بیرو باوەڕی مارکسییەت زۆر زۆر هەیە،لە ژێر ڕۆشنایی مارکیسیزم و لینینزمدا، زۆر لە وتارەکانی خۆم و نووسینەکانی خۆم دەنووسمەوە" بڕوانە: (بەرزان محەمەد عەلی، کەمال مەزهەر ژیان و بەرهەم و ڕێبازی لە نووسینەوەی مێژوودا، ل ۱٥). هەروا بڕوانە: (زانیار سەردار قڕگەیی، دکتۆر کەمال مەزهەر ئاوڕ لە مێژوو دەداتەوە)..

لە چاوپێکەوتنێکیشدا کە لە ساڵی ١٩٩٩دا لە ژمارە (٣)ی (ڕۆڤار) بڵاوکراوەتەوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا، د. کەمال مەزهەر دەڵێ" سەرەتای ژیانم چەپڕەوبووم، لەگەڵ کۆمەنیستەکاندا ئیشم دەکرد، تا چووم بۆ خوێندنی باڵا لە وڵاتی شۆرەوی، لەوساوە بە یەکجاری خۆم بۆ مێژوو تەرخانکرد، هەرچەند دەزانم ژیان هەمووی سیاسەتە، یەکێکی وەک من ناتوانی دوورە پەرێز بێت، هەمیشە کوردایەتیم کردووە و کوردایەتی دەکەم" ..

بە گوێرەی هاوڕێ جەلال دەباغ، دکتۆر کەمال مەزهەر تاکو ساڵی ١٩٦٧ ئەندامی حزبی شیوعی عێراق بووە...

دیارە ئەم مامۆستا کوردپەروەرە دڵسۆزە، ئەم زانا نیشتمانپەروەرە، ویستوویەتی بەردەوام" لە ڕێگەی زانستەوە خزمەت و خەبات بۆ میلڵەتەکەی خۆی بکات، بەڵکو حەزی کردووە ماوەیەکیش روو لە چیاکانی کوردستان بکات، ئەوەتا لە ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥ لە چیا و شاخەکانی کوردستان پێشمەرگە بووەو ئارەزووی ئەوەی کردووە لەگەڵ خەباتگێڕانی نەتەوەکەی بێت، جا بۆیە لەو ماوەیەدا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی شۆڕشدا بەرپرسیارێتی گرنگی هەبووە،هەروەها چالاکانە کارەکانی هەڵدەسووڕاند" بڕوانە:( ئامانج نازم بێجان، پ. د. کەمال مەزهەر ئەحمەد، باوکی مێژووی نەتەوەی کورد، گۆڤاری مێژوو، ژمارە ١٦، ساڵی ٢٠١٠.

 

نووسین و بەرهەمەکانی د. کەمال مەزهەر:

 

ــ کەمال مەزهەر، لەو کاتەی قوتابی دواناوەندی بووە،یەکەم نووسینی خۆی، لە ساڵی ١٩٥٣دا، لە پەخشنامەیەکی قوتابخانە، بە ناونیشانی: (بمخوێننەوە) بڵاوکردۆتەوە.

ــ یەکەم وتاری مێژوویی، لە ساڵی ١٩٥٩دا، لە گۆڤاری (بڵێسە)، بە ناونیشانی: (ڕۆڵی کورد لەمێژووی شارستانێتیدا) بڵاوکردۆتەوە.

ــ لە ماوەی خوێندنیدا لە یەکێتی سۆڤیەت ١٩٥٩-١٩٦٩، وتار و لێکۆڵینەوەی مێژوویی، لە هەردوو گۆڤاری؛ ١- گەلانی ئاسیا و ئەفریقیا، ٢- هەواڵەکانی کۆڕی زانیاری ئازربایجانی سۆڤێتی، بڵاوکردوونەتەوە.

ــ لە حەفتاکانی سەدەی ڕابروودا، لە بەغدا، وتار و لێکۆڵینەوەکانی لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی: (التآخي، ڕۆژی کوردستان، هاوکاری، کۆڕی زانیاری کورد، ڕۆشنبیری نوێ، کاروان، الثقافة، آفاق عربیة). بڵاو دەکردەوە.

ــ لە ساڵانی ١٩٧١-١٩٧٤دا، لە کۆڕی زانیاری کورد، وەکو سکرتێرو ئەندامی کارا، ڕۆڵی زانستی بەرچاوی بینیوە و چالاکی زۆری هەبووە.

 

٭ لە کتێبە چاپکراوەکانی:

ــ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی عێراق لە ساڵانی ١٩١٨-١٩٣٢، یەکەم دکتۆرانامەیەتی، لە یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٦٧ بە زمانی ڕوسی چاپکراوە.

ــ کوردستان لە ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، بەغدا ١٩٧٥.

ــ تێگەیشتنی ڕاستی و ڕۆڵی لە ڕۆژنامەنووسی کوردیدا، بەغدا ١٩٧٨.

ــ ئافرەت لە مێژوودا، بەغدا ١٩٨١، چاپی دووەم، سوید ١٩٩٦.

ــ مێژوو، کورتەباسێکی زانستی مێژوو کورد و مێژوو، بەغدا، ١٩٨٣. کتێبێکی زۆر نایابە، دەربارەی زانستی مێژوو، من لەڕێگای خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە خوێندنی مێژووم زیاتر لە لا خۆشەویست بوو..

ــ چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد، بەغدا، ١٩٨٥.

 

٭ لە کتێبەکانی بە زمانی عەرەبی:

ــ ثورة العشرین في الاستشراق السوفیتي، بغداد، ١٩٧٧.

ــ اضواء علی قضایا دولیة فی الشرق الاوسط، بغداد، ١٩٧٨.

ــ دورالشعب الكردي في ثورة العشرین، بغداد. ١٩٧٨.

ــ (النهضة) ،بغداد، ١٩٧٩، لە لایەن فوئاد مەجید میسری کراوە بە کوردی، چەندین جار چاپکراوەتەوە.

ــ الطبقة العاملة العراقیة التكون وبدایات التحرك، بغداد ١٩٨١.

ــ دراسات في تاریخ ایران الحدیث و المعاصر، بغداد ١٩٨٥.

ــ صفحات من تاریخ العراق المعاصر، بغداد، ١٩٨٧.

جگە لەم کتێبانە د. کەمال مەزهەر خاوەنی چەندین کتێبی دیکەی مێژووییە، بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ڕووسی،فارسی،ئینگلیزی..

٭ لە ژمارەیەکی زۆر کۆنفرانس و کۆنگرەی زانستی نێودەوڵەتی بەشدار بووە، تیایاندا توێژینەوەی زانستی مێژوویی پێشکەشکردوون..

٭ لە بەرهەمە گرنگەکانی د. کەمال مەزهەر، هەردوو بەرگی (کوردوکوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی حکومەتی بەریتانیادا)

بەرگی یەکەم لە لایەن کاک عەبدوڵلا زەنگەنە و شەهلا تاهیر حەیدەری ئامادەکراوە، بەرگی دووەمیش شەهلا حەیدەری خێزانی، ئامادەی کردووە. دوو بەرگە کتێبی زۆر گرنگن..لە ئامادەکردنی ئەم دوو بەرهەمە بایەخدارەدا، شەهلاخانی هاوژینی، زۆر یارمەتی داوەو هاوکاری بووە.. بەرگی یەکەم ساڵی ٢٠٠٨ چاپکراوە، بەرگی دووەمیش ٢٠١٤ لە هەولێر چاپکراوە.

" کەمال مەزهەر بە درێژایی خەریکبوونی لەگەل بەڵگەنامەکانی حکومەتی بەریتانیا، بە پەرۆشەوە تامەزرۆی هەر شتێک بووە،کە لەوانەبێ ببێتە وانەیەکی مێژوویی بە کەڵک و پێویست بۆ نەتەوەی کورد بە گشتی و بۆ ڕابەرانی ئەمڕۆ و دواڕۆژی نەتەوەی کورد بە تایبەتی. ئەو بەڵگە نامانە پڕن لە لاپەڕەی نەزانراو و کەم زانراو، بێگومان دەتوانن مێژووی نوسراوی هاوچەرخی کورد دەوڵەمەندتر بکەن" هەر دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بەرگی یەکەمی ئەم دانراوەی د. کەمال مەزهەر، (ڕێگای کوردستان) ئۆرگانی حزبی شیوعی کوردستان وتارێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "کەمال مەزهەر ئەو پیاوەی دەیان ساڵە بووەته گەڕیدەیەکی کارو ماندوونەناسی نێو ڕارەوەکانی مێژوو و لۆفەو پێچەکانی ئەو مێژووەو بە وێنەی ڕەشەبا تەی دەکات و بە وێنەی دایکێکی کۆرپە ونبوو لە پێناو ساغکردنەوەو ڕزگارکردنی لاپەڕەکانی مێژووی کورد سەر بە کتێبخانەو ئەرشیفەکانی جیهاندا دەکات" ئەم دوو دەقەی کۆتایی نێوان ووردە کەوانەکانم، لە کتێبەکەی مامۆستا بارزان محەمەد عەلی وەرگرتوون.

 

٭ بۆ ئامادکردنی ژیاننامەی پ. د. کەمال مەزهەر سوودم لەم سەرچاوانە بینیوە

1-   ڕۆڤار، ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٩.

۲- ئامانج نازم بێجان، پ.د کەمال مەزهەر ئەحمەد،باوکی مێژوویی نەتەوەیی کورد.

۳ـ بارزان محەمەد عەلی، د. کەمال مەزهەر. هەولێر، ٢٠١٨.

٤- نووسینێکی مامۆستا جەلال دەباغ، لە ئەکاونتی خۆی لە فەیس بووک، لەسەر د. کەمال مەزهەر ، بە بۆنەی وەفاتی، بڵاوی کردەوە.

٥- ژمارەیەک لە کتێبەکانی د. کەمال مەزهەر.

  • 1