ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئامادەکردنی: جەلال دەباغ

هاوڕێی شەهید(تۆفیق روشدی) ئەحمەد بەگ سەعید بەگ ساڵی ١٩٢٨ لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لەناو خێزانێکی ناسراوی نیشتیمانپەروەردا لەدایکبووە. هاوڕێمان بەناوی(روشدی ئەحمەد بەگ ناسراوە).

خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە سلێمانی تەواوکردووەو هەر لە سەرەتای لاوییەوەو لە قۆناغی ناوەندی ودوا ناوەندیی خوێندنەکەیدا، بۆتە ئەندامی یەکێتیی قوتابیانی گشتیی عێڕاق. بە هۆی چالاکییەوە لە یەکێتی گشتی و لەریزەکانی حیزبی شیوعی دا دووچاری ڕاونان و بەندکردن بۆتەوەو لە زیندانیشدا بەگولەی بەندییەوانەکانبرینداربووە.

لەبەغدا بۆتە خوێنکارلە کولێژی ئاداب وسەرکەوتوانە تەواوی کردووە..

لە دوای شۆڕشە پیرۆزەکەی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ لە کاتێکدا لە کۆمیتەی گەڕەکی کانێسکانی حیزبدا لە سلێمانی رێکخرابوو، چالاکانە لە کۆڕی خەباتدابوو بۆهێنانی جەماوەرو کۆکردنەوەو رێکخستنیانو زۆر چالاکبوو بۆلایەنگیریی کۆمارە ساوایەکەی عێڕاق کە لەسەر داروپەردووی رێژیمی کۆنەپەرستی پاشایەتیی ڕووخاو دامەزرێندراو بەردەوام لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا کە حیزب رێکیدەخستن چالاکانە بەشدارییدەکردوجارباروتاری رێکخراوەکەی دەخوێندەوە.

لە سەرەتای شەستەکاندا زەمالەی لە حیزبی شیوعیمان وەرگرت بۆ خوێندن لە یەکێتیی سۆڤییەت و توانی دکتۆرا لە ئابوری و زانستە سیاسییەکاندا وەربگرێت و دوای دەرچوونی لە خوێندنەکەیداهاوسەرگیریی لەگەڵ کیژێکی رووسیکرد بەناوی (نینا)ودوو منداڵیان هەیە، کچێک بەناوی (نەتالیا)و کوڕێکیش بەناوی (ساشا)کە خۆی بە"لاسار" بانگی دەکرد.

هاوڕێ تۆفیق روشدیناچاربووماوەیەک لە لیبیا ببێتە مامۆستای زانکۆ.

پاشانخوێندنی دکتۆرای لە فەلسەفەدا سەرکەوتووانە ئەنجامداوکاری دکتۆرایەکەی لەسەرفەیلەسوفی زانای هۆڵەندیی(باروخ سپێنۆزا)بووە.

دواتر لەسەردەمیی رێکەوتنەکەی ئاداری ١٩٧٠دا گەڕایەوە وڵات ولەساڵی ١٩٧١دا بووبە تۆمارکاری گشتی(مسجل عام) لە زانکۆی سڵێمانی.

دواتر لەوکاتەدا کە د. محمەد محەمەد ساڵح سەرۆکی زانکۆ بوو، هاوڕێ روشدیی ئەحمەد بەگبوو بە یارمەتیدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی.پاشان ئەو کاتەی کە د.فیکرەت تۆفیق سەرۆکی زانکۆبووئەمیش بوو بە ڕاگری کولێژی ئاداب و، ئەوکاتەید. تاریق حەسەن عەمادی بووە سەرۆکی زانکۆ د. روشدی لە ڕاگری لابرا،ئەگەرچی لاوێکی چالاک وقسەخۆش و لەناوجەماوەری خوێنکاران و مامۆستایان و لاواندا خۆشەویستبوو،گواسترایەوە بۆکۆمپانیای گواستنەوەیدەریایی"شرکة النقل البحري"لە بەغدا. تا ئەو کاتەیڕێژیمی بەعس دەستی بە تێکدانی"بەرەی نیشتیمانیی" کردوسەرلەنوێ کەوتە داپڵۆسینی بەرفراوانی هاوڕێ شیوعییەکان ورۆڵەکانی گەلی کوردستان.

هاوڕێ تۆفیق روشدی ناچارهاوسەرو منداڵەکانی ناردەوە مۆسکۆو، خۆیشی بەتەنیا لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتادا بۆ مامۆستایی چووە کۆماری یەمەنی دیموکراتیی میللی و، حیزب کردییە نوێنەری خۆی لەو کۆمارەو، لە زانکۆی عەدەن بووە مامۆستا. تا ئەو کاتەی بەرەی نیشتیمانی لەگەڵ بەعس مابوو، هاوڕێ روشدی لەهەموو بۆنەکانی باڵوێزخانەی عێڕاق لە عەدەن ئامادەدەبوو، داواشی کردبوو ناوی هاوسەرەکەی تۆماربکرێت تا بتوانێ هاوسەرو منداڵاکانی بێنێت. بەڵام دوای نەمانی بەرەی نیشتیمانی لە باڵوێزخانەکەو بۆنەکانی دوورکەوتەوە.

تێرۆرکردنی هاوڕێ تۆفیق روشدی ئەحمەد بەگ

هاوڕێ تۆفیق روشدی لەوکاتەوە گەیشتە کۆماری یەمەنی دیموکراتی میللی ولەکولێژی پەروەردەی زانکۆی عەدەن بووە مامۆستاو بەهەموو توانای خۆی بۆ پێشخستنی پڕۆسەی خوێندن و پەروەردەو زانکۆ لەو کۆمارە دیموکراتییەدا لە هەوڵ و کۆششدابوو،لەگەڕەکی(المنصورة) لە ئاپارتومانێکدا دەژیا لەوانەی کە بۆ نیشتەجێبوونی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەو فێرکردن تەرخانکرابوون. هاورێ روشدی زۆر بە وریایی دەجوڵایەوەو ئەگەر لە دەرگای ماڵەکەی بدرایە تا نەیزانیبایە کێیە دەرگاکەی نەدەکردەوە، دراوسێکان و خوێنکاران و مامۆستایانی برادەری زۆریان خۆشدەویست، چونکە کەسێکی بێفیزو ڕۆشنبیرو خزمەتگوزاربوو، بەڵام دەزگای هەواڵگری عێڕاقی لە بەغداوە بڕیاریاندابووکە ئەگەر چۆنیاندەوێت وا نەجوڵێتەوەو نامەیەکی گرنگیان بۆ ئیمزانەکات تێرۆر بکرێت، چونکە کینەلەدڵیشبوون لەهەڵوێستەکانی لە تێکۆشانداو، دوو کوردی ناپاکی سیخوڕیشیان بۆ ئەو مەبەستە ناردبوو، لەڕێگەی ئەندامەکانیشیانەوە لە باڵوێزخانەی عێڕاق لە عەدەن چاودێرییاندەکردو بۆی لە بۆسەدا بوون و لەسەر ڕێگای لای ماڵی خۆیانەوە چاوەڕوانی هاتنەوەیبوون لەپیاسەی ئێوارانی، کاتەکە بەرەوتاریکی دەچوو، ئێوارەی ٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٩کە گەڕایەوە،بە ئۆتومبیلێکەوە ڕێگەیانپێگرت، یەکێکیان دابەزی و کاخەزێکی بۆ بردو گوتی:"وەڵامی سەلماندن و تۆمارکردنی هاوسەرەکەت هاتۆتەوە وبڕیار لەسەر داواکەت دراوەوچەندجارێک هەوڵدراپەیوەندیت پێوەبکەینبەڵام نەتواندرا، ئەو نووسراوەمان بۆ ئیمزابکە..!" ئەویش دەڵی: تاریکەو بۆمناخوێندرێتەوە چۆن ئیمزای بکەم؟ دەڵێن وەرە ناو ئۆتومبیلەکەوە کە روناکە لەوێ ئیمزای بکە.!

دەشوترێت: "کە دەزگای هەواڵگری بەناوی د. تۆفیق روشدییەوە نامەیەکیان بۆ(د. مەحمود عوسمان)ی سەرکردەی ناسراوی پارتی نووسیوە، کە لەگەڵیدا یەکتریان دەناسی، داوای لێدەکات کابرایەکی کورد "کە ناویان لەنامەکەدا نووسیوە" لەریزی پێشمەرگەی خۆیان وەر بگرن و ئەو تەزکیەی دەکات کەسێکی زۆرباشە، تا بڕوای پێ بکەن، کە شوێنی خۆی کردەوە خزمەتی دەزگای هەواڵگری رێژیم بکات، دکتۆر روشدیش بەهیچ جۆرێک قایل نابێت ئەو نامەیەشیان بۆ ئیمزابکات".

لەمەبەستیان تێدەگات وناچێت بۆناو ئۆتومبیلەکەیان و دەیانەوێ بەزۆربیبەن،ئەویش خۆی لەدەستیان ڕادەپسکێنێ و هاواردەکات"فریامکەون.! باڵوێزخانەی عێڕاقی دەیانەوێ بمکوژن.!".

لەوکاتەدا بەدەمانچەکانیان دەیدەنە بەرگولەوحەوت فیشەکی لێدەدەن ودەیکوژن ولەخوێنی خۆێدا دەتلێتەوە ، تاوانکارەکانیش بەسواری ئۆتومبیلەکەیان بەخێرایی هەڵدێن. بەرێکەوت کچێکی عەدەنی لەنزیکیانەوە لەسەر باڵکۆنەکەی ماڵی خۆیانەوە چاوی لێیاندەبێ وگوێی لەهەمووقسەو مشتومڕەکانیاندەبێت، ئەوان کچەکە نابینن. کچەکە خێرا بەتەلەفۆن پۆلیس لە تاوانەکە ئاگاداردەکات و، ئەوانیشهێزەکانی خۆیان ئاگاداردەکەن. لەو کاتەدا دەورییەی هێزێکی یەمەنی لەناوچەی (خورمکسر) قەمەرەیەک دەبینن کە گڵۆپەکانی کوژاندۆتەوەو زۆر بەخێرایی بەلایاندا تێپەڕدەبێت وئاماژەی وەستانی بۆ دەکەن بەڵامڕاناوەستێت، ئەوانیش دوای دەکەون تا خۆیان دەکەن بە باڵوێزخانەی عێڕاقیدا.

دەورییەکە دەسبەجێ بەرپرسانی باڵا ئاگاداردەکەن و ئەوانیش بڕیاردەدەن کە ئەم تاوانە بێسزا تێپەڕنەبێت.

خێرا هێزێکی ئەمن و پۆلیس دەگەن و گەمارۆی باڵوێزخانەکە دەدەن و داوادەکەن تاوانبارەکان بدەنە دەستیان. بەڵام ئەوەناکەن، بۆیە هەموو کاربەدەستانی سەفارەت بە سەفیریشەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە بانگ دەکەن و لەوێ بۆیان باسدەکەن کەچی روویداوە، لەم لاشەوە تانکێک گولەتۆپێک بەناوسەفارەتەوە دەنێت و هێزەکە هەڕەشەی چوونە ناو سەفارەت دەکەن بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران، پاشکەمێک تاوانبارەکان بە ئاڵای سپیەوە دێنەدەرەوەو خۆیان دەدەنە دەست هێزەکەو، دەستگیر دەکرێن.هەرئەوشەوە دیوارە رووخاوەکەی سەفارەت وەک خۆی چاکدەکەنەوە، بەجۆرێک هەست بە رووخاوییەکەی نەکرێت!

لە بەغداش هێزەکانی ئەمنی عێڕاقی چواردەوری بالوێزخانەی یەمەنی دیموکراسی دەدەن و ئاوو کارەبایان لێدەبڕن و تەقەی زۆر بەسەر باڵوێزخانەدا دەکەن. هەموو خوێنکارە یەمەنییەکانی گشت زانکۆو پەیمانگەکان دەردەکەن.! ئەویارمەتییەشی کە دەیاندایە کۆماری یەمەنی دیموکراتیی ، ڕادەگرن..!

لە عەدەنی پایتەختی کۆمارییەمەنی دیموکراتی و میللیلە رێورەسمێکی شكۆدارداو بە بەشداریی خەڵکێکی زۆری یەمەنی و عێڕاقی تەرمەکەی هاوڕێی شەهید پڕۆفیسۆر تۆفیق روشدی،لە خۆپیشاندانێکی گەورەدا دەبەنەبەرماڵەکەی وهاواریان لەدژی رێژیمی بەعسی دەکردو ئەو سیاسەتی تێرۆرو کوشت و بڕەی دەزگای هەواڵگریی بەغدایان ڕسواو شەرمەزار دەکرد.

بەبەشداریی سەرکردەکانی حیزبی سۆسیالیستی یەمەن و دەوڵەت و لەڕیزی پیشەوەیاندا هاوڕێ عەبدولفەتاح ئیسماعیل- سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیستی یەمەنی، تەرمەکە بەڕێ دەکەن بۆ گۆڕستانێکی شاری(شێخ عوسمان) لەوێ بە خاک دەسپێردرێ.

تاوانبارانیش کە ئەمانەبوون(عەبدولڕەزا سەعید کۆنسوڵی عێڕاق لە عەدەن کە خەڵکی باقوبەبوو، سەمیر بەشیر کە ڕاوێژکاربوو لە باڵوێزخانەکەو خەڵکی موسڵ بوو، لەگەڵ پاسەوانێکی باڵوێزخانە کە لە دەزگای هەواڵگری و باڵوێزخانەکەدا پلەیەکی بەرزی هەبوو).بەڵام دیارنییە چۆن دوو تاوانبارە کوردەکە دەربازکراوون.! ئەوسیانە لەدادگایەکی ئاشکراداکە بەتەلەفیزیۆنیش بڵاوکرایەوە دادگایی کران.دانیاننابوو بە تاوانەکانیانداو لەبەرئەوەی دیبلۆماسیبوون درانەوە بەعێراق، پاشان زانرا کە ئەوانەش لەبەر ئەوەی دانیان بەڕاستییەکاندا نابوو، لەلایەن ئەمن و دەزگای هەواڵگریی عێڕاقەوە لە بەغدا ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر درابوون و پەکخرابوون و شەو لەبەر دەرگای ماڵاکانیان فرێدرابوون.

هەواڵی ئەم تاوانە دڕندانەیەی تێرۆرکردنی پڕۆفێسۆر تۆفیق روشدی و دادگاییکردنی تاوانکارەکان،هەروا وتارو پڕۆتێست و بێزاری، لە رۆژنامەی فەرمی ١٤ی ئۆکتۆبەری یەمەنی و قەبەسی کوێتی و گەلێك گۆڤارو رۆژنامەیدیکەی یەمەنی وعەرەبی وبییانیدا بڵاوکرانەوە.

شەهیدکردنی هاوڕێ د.پ. تۆفیق ڕوشدی بووە مایەی پڕۆتیست و بێزارییەکی زۆری خەڵکی ئەو وڵاتەو، عێراق و کوردستان و دەرەوە، لە دژی ئەوتاوانە ترسنۆکانەیەی رێژیمی بەعسی ڕەفتار فاشیست و، بووە پەڵەیەکی شەرمەزاریتر بەڕووی ڕێژیمی رەفتار فاشیستەوە.

(شایانی باسە کاتی خۆی، حەمدی بەگی مامی د.توفیق روشدی، ئەفسەرێکی گەورەبووەوفەرماندەی تێپێکی سەربازیی بووەو لە یەکەمین جەنگی جیهاندالە شاری سەنعای پایتەختی یەمەن شەهیدبووە).

لە پرۆسەی شەهیدکردنی هاوڕێی نەترس و ئازامان پرۆفێسۆر تۆفیق روشدیی ئەحمەد بەگەوە بەئاشکرا دەردەکەوێت کە سەرانی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە گۆڕ کراوەی بەغدا کە سەرئەنجامیان کەلاوەکۆن و زبڵدانی مێژوبوو، چەندە داخلەدڵ و کینە لەدڵبوونلە بەرانبەر هاوڕێ تێکۆشەرەکانی حیزبەکەمانداو، بەچ جۆرە پیلانێکدەیانویست باری ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی کۆماری دیموکراسی میللیی یەمەنی باشوور تیکدەن تا لەئەنجامدا،دوای نەمانی یەکێتیی سۆڤیەتی پشتیوانی ئەوکۆمارە دیموکراسییە میللیە، کۆنەپەرستانی یەمەن وعێڕاق وعەرەب و لایەنە دوژمنەکانی گەلان توانییان زەفەری پێبەرن و لەناوی ببەن. ئاخۆ چەند پارەیەکی زۆریان بۆ ئەو مەبەستە گڵاوەیان خەرجکردبێت؟

نەمری و سەربەرزیی هەمیشەیی بۆ سەرکردە قارەمانەکانی کۆماری دیموکراسی و میللی یەمەنی باشوورو ئەندامە ئازایەکانی حیزبی سۆسیالیسی یەمەنی باشوور..!

نەمری و سەربەرزی بۆ هاوڕێی دڵسۆزو تێکۆشەری قارەمان و شەهیدی حیزب و گەلی کوردستان پڕۆفێسۆر دکتۆر تۆفیق روشدی ئەحمەدبەگ..!

سەرکەوتن بۆبیروباوەڕو ڕێبازی شەهیدانی نەمر..!

  • 1