ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئازیزى من کرستینا: تۆش وەکو دەزانى هەر گەل و نەتەوەیەک رێز لە شوێنەوارەکانى خۆى نەگرێت ناتوانێت رووەو پێشەوە هەنگاو بهاوژێت، ئاخر شوێنەوار بە ماناى ئەوەى کە تۆ رەگ و ریشە و رابردووێکى دێرینى مێژووییت هەیە و بگرە ماناى ئەوەش دەبەخشێت کە تۆ بنەچە و رابردوویەکى زێڕین و جوانت هەیە و بگرە بەشداریشت کردووە لە بیناکردنى شارستانیەت و پێشکەوتنى مرۆڤایەتى.

بەس کریستیناى من بەداخەوە من ئەوە لاى کوردەکان نابینم و زۆر بە کەمى نەبێت شوێنەوارەکانى خۆیان بە گرنگ نازانن و بگرە رێزیشى ناگرن، بۆ نموونە قەڵاى هەولێر یەکێکە لە شوێنەوارە هەرە گرنگ و گەورەکانى جیهان کەچى چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لە دوورى چەند مەترێک لە قەڵاى دێرین رێزێک باڵەخانەى بەرز و مۆدێرنیان دروست کرد و بەمەش بەشێکى بەرچاوى رووخسارى قەڵایان بزرکردووە و بەمەش لەسەر ئاستى دنیا و لاى یونسکۆ زەبرێکى گەورەیان لە شکۆ و پێگەى قەڵاى هەولێر دا، نەورۆز کە بۆنە و جەژنێکى نەتەوایەتى خۆیانە و بەشێک لە کوردستان شانازى بەوە دەکەن کە لەسەر دەستى باوک و باپیرانى ئەوان زوحاکى ستەمکار و خوێنمژ لەناو براوە، کەچى ساڵانە چەند رۆژێک بەر لە هاتنەوەى ئەو جەژنە لە چەندین بڵندگۆى ئایینى لەلایەن بەشێک لە پیاوە ئاینییەکان هەزاران جنێو و دەستەواژەى ناشیرین بە نەورۆز دەگوترێت و بگرە تۆمەتى کافربوون دەخەنە ئەستۆى ئەوانەى یادى نەورۆز دەکەنەوە.

کریستیناى ئازیز: ئەو رۆژەى سەردانى یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتى شوێنەوارەکانى کوردستانم کرد بینینم پیاوێک بە جل و بەرگى کوردییەوە لە ژوورى بەڕێوەبەر دانیشتووە و دواتر تێگەیشتم ئەو پیاوە خەڵکى گوندێکى شاخاوى سەر سنوورە و لە کاتى کێڵانى زەوى کۆمەڵێک پارچە و کەرەستەى شوێنەوارى دۆزیوەتەوە و وەکوو هەستکردنێکیش بە بەرپرسیارێتى کۆى ئەو کەرەستە گرنگانەى هێناوە بۆ بەڕێوەبەرایەتى شوێنەوارى شار، کەچى لە بەرامبەر ئەوە جگە لە سوپاسکردنێک و دەستخۆشییەک هیچى تریان بۆ نەکرد و تەنانەت کرێى بەنزینى ماشێنەکەشیان نەداوە.

بەداخەوە بەشێکى زۆرى کوردەکان لە رووى ئایینى و کولتوورى لەناو رابردوودا دەژین، کەچى ئامادەنین رێز لە سونبول و هێما و شارستانیەتى رابردووى خۆیان بگرن، بۆیەش پێم وایە یەکێک لەو فاکتەرانەى کەوا تاکو ئێستا نەیانتوانیوە قەوارەیەکى سەربەخۆ دروست بکەن رابردووى جوانى خۆیان بەرز راناگرن.

  • 1