ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 له‌ خێزانێكی هه‌ژاری دێی هۆرێن وشێخانی ناحیه‌ی مه‌یدانی سه‌ر به‌ قه‌زای خانه‌قین له‌ ساڵی 1952 سه‌ده‌ی رابردوو مناڵێكی چاوگه‌ش بۆ ژیان چاوی هه‌ڵهێناو ناوی حه‌میدیان پێی به‌خشی و، له‌ كاتی هاتنی كۆمپانیای دروستكردنی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان خێزانه‌ هه‌ژاره‌كه‌ی چیای خۆشك و سه‌رته‌ك و به‌مۆ روویكرده‌ ده‌ربه‌ندیخان بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیان.

مه‌جید قادر زه‌هاوی بابی حه‌مید مرۆڤێكی قسه‌خۆش و نیشتمانپه‌روه‌رو دۆستی حزبی شیوعی عێراق بوو توانی دوكانێك بكاته‌وه‌و بژێوی خێزانه‌كه‌ی دابین بكات و حه‌مید بخه‌نه‌ به‌ر خوێندن و، هه‌ر له‌ مێرمنداڵییه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ بیری شیوعییه‌ت و هه‌میشه‌ له‌ شیوعییه‌كان نزیك ده‌بووه‌وه‌و له‌ سه‌ر رێنه‌مایی رێكخراوی حزبی شیوعی عێراق له‌ ده‌ربه‌ندیخان كه‌ هانی لاوانیان ده‌دا بچنه‌ ناو رێكخراوی لاوان و قوتابیان و تیپه‌ وه‌رزشییه‌كان‌ و، هه‌ر زوو خه‌مید په‌یوه‌ندی كرد به‌ تیپی فوتبۆڵی ده‌ربه‌ندیخان بوو به‌ یه‌كێك له‌ باشترین و ناسراوترین یاریزانانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و شان به‌ شانی اسماعیل نیعمه‌ت و ابراهیم ره‌جه‌ب { بیللی} و حه‌مه‌ یان له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ یاری ده‌كرد.

حه‌مید لاوێكی گورجوگۆڵ و بزێو بوو هێشتا سیخورو ئیستخباراتی سه‌ربازی نه‌یانكرد بوو به‌ ئامانج بۆیه‌ زۆرجار نامه‌مان بۆ هاورێیان له‌ دێی گوڵان و بانیخێڵان ده‌نووسی به‌ ده‌ستی حه‌مید ده‌یانناردو له‌وێشه‌وه‌ نامه‌و راگه‌یاندنه‌كانی حزبی ده‌ھێنا بۆ شارو له‌ كۆتایی ساڵی 1969 و سه‌ره‌تای 1970 به‌تایبه‌ت له‌ پاش مۆركردنی به‌یاننامه‌ی 11 ی ئازاره‌وه‌ هاته‌ ناو كاری حزبییه‌وه‌و له‌ گه‌ڵ هاورێیان له‌تیف و نه‌جیبی شیخ محه‌مه‌د كه‌وته‌كاركردن و، له‌ نه‌ورۆزی 1970 ناحه‌زانی حزبی شیوعی عێراق هه‌ره‌شه‌یان له‌ شیوعییه‌كان ده‌كردو ده‌یانوت نابێت شیوعییه‌كان ئاهه‌نگ بگێرن و ئه‌وه‌ی وتار بخوێنێته‌وه‌ ده‌یكوژین و، له‌پاش ئاهه‌نگگێران ناحه‌زان ویستیان نه‌جیب و حه‌میدتووشی ده‌مه‌قاڵه‌وشه‌ر بكه‌ن و ئه‌مانیش مه‌ردانه‌ هاتنه‌ مه‌یدان و نه‌یانهێشت ناحه‌زان بگه‌نه‌ ئامانجه‌ گڵاوه‌كه‌یان.

هاورێ حه‌مید { سه‌رته‌ك} به‌رده‌وام بوو له‌ ئیشكردن له‌ناو ریزه‌كانی حزب و له‌ به‌ر ئازایه‌تی و چاونه‌ترسییه‌وه‌ سیخوۆه‌كانی ده‌زگای ئاسایش ( ئه‌من) كه‌وتنه‌ سووسه‌ی و، ئه‌وه‌ بوو له‌ 28/6/1985 له‌ لایه‌ن ئه‌من و ئیستخبارات ده‌ستگیر كراو پاشان وه‌ك سه‌ربازی هه‌ڵاتوو ره‌وانه‌ی یه‌كه‌ی سه‌ربازی سیف سه‌عه‌د كراو له‌وێ له‌لایه‌ن دادگاكانی سه‌دام حسینی خوێنرێژو حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی دادگایی ده‌كرێت و هه‌ندێ توومه‌تی بۆ دروست ده‌كه‌ن و له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ی ویستیان به‌ سه‌ریان سه‌پاندو فه‌رمانی گولله‌بارانی له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی عه‌ره‌ب بۆ ده‌رده‌كه‌ن.

هاوری حه‌مید هه‌لێكی بۆ ده‌رخه‌سێت و له‌ چنگی چڵكاوخۆره‌كانی سه‌دام و حوسه‌ێن و به‌عسییه‌كان ده‌رباز ده‌بێت و روو له‌ شاخه‌كانی كوردستان ده‌كات و رزگاری ده‌بێت و، دیسانه‌وه‌ په‌یوندی به‌ ریزه‌كانی حزبه‌وه‌ ده‌كات و په‌ره‌ به‌ تێكۆشان ده‌دات.

له‌ راپه‌رێنه‌ شكۆداره‌كه‌ی گه‌لی كوردستان چالاكانه‌ به‌شداری ده‌كات و، چه‌كی مه‌ردایه‌تی هه‌ڵده‌گرێت و له‌ ئازادكردنی شاره‌كانی كفری و خانه‌قین شان به‌شانی هاورێكانی به‌شدار ده‌بێت.

هاوری حه‌مید له‌ خوێندندا تا پۆلی سێ ناوه‌ندی خوێندووه‌و له‌ پاشان بۆ یارمه‌تی خێزانه‌ گه‌وره‌كه‌یان ده‌ستی له‌ خویندن هه‌ڵگرتوو بۆ ئه‌وه‌ی شان به‌ شانی باوكی و براكانی بژێوی خێزانه‌كه‌یان مسۆگه‌ر بكه‌ن و، هه‌روا هاورێ رۆڵیكی باشی بووه‌ ‌ له‌ دروستبوونی یه‌كێتی لاوانی دیموكرات له‌ كوردستان و تا شه‌هید بوونی ئه‌ندامێكی چالاكی لقی كه‌ركوكی ئه‌و یه‌كێتییه‌ بووه‌.

له‌ ساڵی 1992 بووه‌ته‌ ئه‌ندامی فه‌خری یانه‌ی وه‌رزشی ده‌ربه‌ندیخان

به‌داخێكی زۆره‌وه‌ له‌ كاتی سه‌ردانی خزمه‌كانی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ شه‌وی 28 له‌ سه‌ر 29/6/1950 له‌ كاتی شه‌ری نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی سۆشیالیستی كوردستان به‌ گولله‌ی وێل شه‌هید ده‌بێت.

هاورێ حه‌مێد خێزان و چوار كور به‌ ناوه‌كانی ( پێشره‌و ، ئایار، هاوارو هه‌ژار) جێهێشت و، شایانی ئاماژه‌یه‌ خێزانه‌كه‌یان ، خێزانێ ( مه‌جید قادر زه‌هاوی) به‌ كورو كچ و براو ونه‌وكانی خێزانێكی نیشتماپه‌روه‌ره‌ و تێكڵاوه‌ له‌ شیوعی و حزبه‌كانی تر.

سڵاو له‌ یادی به‌رزفری شه‌هیدی نه‌مر حه‌مید مه‌جید قادر زه‌هاوی { سه‌رته‌ك} و گشت شه‌هیدانی رێگای ئازادی گه‌ل ونیشتمان و حزب. 

 

  • 1