ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە وێستگەی شەمەندەفەری شاری میلانۆی باکوری ئیتالیا، سکەی ژمارە ٢١ بۆتە شێوەیەك لە مۆزەخانە و شوێنی بیرەوەری. لە ڕاستیا ئەو سکەیە وەکو هەموو سکەکانی ناو وێستگەکە لە بواری ساڵانی جەنگی جیهانی دووهەم، کارو باری گواستنەوەی کەلو پەل و کاری بەریدی لێوە دەکرا. بەڵام  لە ساڵی ١٩٤٣وە تا کۆتایی جەنگ، لە جیاتی گواستنەوەی کەلو پەل، نازیە ئەڵمانیەکان و فاشیە ئیتالیە هاوپەیمانەکانیان، جولەکەکانی ئیتالیایان دەگواستەوە بە شەمەندەفەر لەو سکەیەوە بەرەو کامپەکانی کوشتن و لەناوبردن ، وەکو کامپی ئاوشفیز لە ووڵاتی پۆلۆنیا کە ئەو کاتە لەلایەن نازیەکانەوە داگیر کرابوو. هەرچەندە کەسانی سیاسی دژ بە فاشیستەکان و قەرەجی ئیتالی و هەندێ کەمایەتی تریشیان بەهەمان شێوە لەوێوە دەگواتستەوە بەرەو مردن، بەڵام ژمارەی ئەمانە زۆر کەمتر بوو لەچاو ژمارەی جولەکەکاندا.

لە ڕۆژی ٣٠ کانونی دووەمی ساڵی ١٩٤٤دا، لە یەکێک لەو شەمەندەفەرانەدا ٦٠٥ جولەکە وەکو ئاژەڵ ئاخنرابوونە ناو ڤاگۆنەکانەوە و ڕەوانەی کامپی ئاوشفیزیان کردن، هەر ئەو ڕۆژەی کە دەگەنە کامپەکە هەر زوو  لەوانە ٤٧٧ دەکوژن لە ژووری غازەکاندا، هەر لەوان ١٢٨ ی دیان دەهێڵنەوە تا کاتی کوشتنیان دێت، لەمانەی دوایی تەنها ١٤ پیاو و ٨ ژن ڕزگاریان دەبێت لە نێوان ژنەکاندا کچێکی منداڵکاری تیا بوو بەناوی لیلیانە سێگرێ.

پاش گەڕانەوەی بۆ ئیتالیا، لیلیانە سێگرێ هەر زوو خواستی ئەوە بوو ڕاستیی ڕووداوەکانی ناو کامپەکانی کوشتن و لەناوبردن بە دەستی نازیەکان و فاشیەکان بە خەڵك بناسێنێت. بە درێژایی تەمەنی و بە بەردەوام و بێ هیلاك بوون لیلیانە لە فێرگاو کۆڕو دانیشتنەکاندا مێژووی دڕندەیی ئەو سەردەمەی ئەروپای بۆ گەنجەکان و بە گشتی بۆ خەڵك ڕوون دەکردەوە. هەروەها لیلیانە چەندەها کتێبی لەسەر هەمان بابەت بە زمانی ئیتالی بڵاوکردۆتەوە. ئەم هەوڵ و تێکۆشانەی لیلیانەی کۆڵنەدەر لەسەر مێژووی لەناوبردن بە شێوەیەکی سیستێمیی جولەکاکنی ئەوروپا وای کرد لە ساڵی ٢٠١٨ دا سەرۆك کۆماری ئیتالیا جێگایەکی هەمیشەیی وەکو هەڵبژێردراو لە سێناتی کۆماری ئیتالیادا پێ بەخشی. بە داخەوە پاش ئەو هەموو دەردەسەریەی بەسەر میللەتی جولەکەدا هێنرا بەتایبەت لەلایەن نازیەکان و فاشیەکانەوە، خەڵکێکی زۆر دژایەتی ئەو بڕیارەی سەرۆك کۆماری ئیتالی بوون.

مێژووی چەوساندنەوەی میللەتی جولەکە لە ئەوروپا زۆر کۆنە و بێ شك کۆتایی نایەت، هەر لە ساڵانی ١٣٠٠ وە لە ئینگلتەرا و ئیسپانیا و پۆرتوگال و ئیتالیا هەوڵی دەرپەڕاندن ولەناوبردنی جولەکەکان دراوە بە تایبەت لەلایەن کەنیسەی کاسۆلیکیەوە، لە مێژووی نوێشدا وەکو دەزانین لە بواری جەنگی جیهانی دوهەمدا چیان بەسەرهات. 

دەبێ بە چاوێکی فراوانەوە لە مێژووی لەناوبردنی جولەکەکان ووردببینەوە، ئەوەی کە میللەتانی ڕۆژئاوا بەسەر جولەکەکانیاندا هێنا تەنها بەرهەمی کاتێکی دیاریکراو نیە، یان سودفەیەکی مێژوویی. هەر لەسەرەتای ساڵی ١٩٣٣ وە کاتێك نازیەکان و فاشیەکان کەوتنە دەپەڕاندنی جولەکەکان ووڵاتانی ڕۆژئاوا ئاگاداری ئەو جۆرە سیاسەتە بوون و هیچ حوکمەتێك بە کردارناڕەزایی بەرامبەر بە ئەو دوو حوکمەتە دڕندەیە دەرنەبڕی، هەتا ئەو کاتەی نیازی داگیرکردن و پەرەسەندنی ئەڵمانیای نازی ئاشکرابوو، ئەوەش پلانی داگیرکردنی هەموو ووڵاتانی ئەوروپا بوو.

کاتێك باسی مێژووی ڕزگاربوونی جولەکەکان دەکرێت ، بە گشتی وا بڵاوبۆتەوە کە جولەکەکان لەلایەن هێزە پاڵەوانەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیانەوە ڕزگارکراون. لە ڕاستیا یەکەم هێزی سەربازی کە گەیشتە ناو کامپی ئاوشفیز هێزەکانی یەکێتی سۆڤیێت بوون، پاشان هێزەکانی دی گەیشتنە ئەوێ.

 

   

  • 1