ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

حیزبە هەلپەرست و دەسەڵاتخوازەکان لە هەرکوێیەک بن چەند ڕوویەکی حازر و ئامادەیان هەیە بۆ دیسپلینکردنى کۆمەڵگا و بەردەوام هەوڵدەدەن بە پێی بۆشایی هەڵومەرجە سیاسییەکان هەڵوێستەکانیان نەرم و توند کەنەوە و هێرش و بەرگری خۆیان پیشان دەن، ئیشکالیەتى دەوڵەتداری حیزبە تەقلیدییەکان لەوەدایە کە دەیانەوێ لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندی و کورسی و دەسەڵاتدا کۆمەڵگا بە ئاراستەى گەوجاندن ببەن و هیچ کاتیش لە پێناو گۆڕانکاریەکی ریشەیی سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتى  هەنگاونانێن و نایانەوێ خۆشگوزەرانى دەستەبەر بێت ، چونکە دڵنیان هەر گۆڕانکاریەکى ریشەیی لە بە هێزکردنى دیموکراسی و ئازادى سیاسی و کۆمەڵایەتى بۆ خۆی دەسەڵاتی ئەوان دەخاتە مەترسیەوە و دواجار هەڵدەتەکێنرێن ، لەمەشەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە حزبە تەقیلیدییەکانى حوکمڕان لە کوردستان لە ئێستادا لەو دۆخەدان کە کۆمەڵگا بەرەو لێوارى هەڵوەشاندنەوە و وێرانە بوون دەبەن و دەیانەوێ بە هەر چەشنە رێگەیەک بێ پایەى سیاسی و ئابووری خۆیان لە سوڵتە و حوکمڕانى دا بهێڵنەوە ئەمەش لە ڕێگە و نەخشەى جیاجیاوە بە رێدەکەن و  هەوڵدەدەن بە هەر نرخێک بێت خەڵک بکەنە پاشکۆی ڕەوتی سیاسی خۆیان یان دەتوانن بیانکەنە زەخیرەی بەهێزکردنی هێزی تایبەتی خۆیان و کۆمەڵگا وەک مێگەل بەرەو گەوجاندن و شێواندن ببەن

شێواندنێک  رێک لە ژینگەی دەواجن دەچێت ، چونکە لە وەها ژینگەیەکدا جگە لە ژاوەژاو بە یەکداهاتن هیچی تر هەست پێ ناکرێ و خاڵیە لە هەموو بیرکردنەوەیەکى واقعى و بابەتیانەى وا کە تێگەیشتن لێی گەلێک قورس و گرانە و لۆژیک بە هەموو پێوەرێک غایبە ، گەر لەم سۆنگەیەشەوە چاوێک بە فەزای سیاسی و دەوڵەتداری کوردستان دا بخشێنین ئەوە  دروست لەودۆخ و ژینگەیە دەچێت کە ئاماژەم پێکرد، حکومەت بۆخۆی لە ئاوازێک دەخۆێنێ و کۆمەڵگاش لە ئاوازێک، واتا زەمینەیەکی وا دروست بوە خەڵک لەوپەری بێهیوایدا دەژێت و خۆشی نەزانێ چیدەکات تا ئەو ئاستەى باوەڕی بەمەسەلە ڕەواکانی نەتەوە و نیشتمانیش لاواز بێت.

لە ئیستاشدا ئەحزابی حوکمڕان لێرە دەیانەوێ بە رێکەوتن و بەڕێخستنى مەسەلەى یاساى بودجەى عێراق و تۆمارکردنى وەک دەسکەوتێک بۆ دۆخى ئابوری خەڵک دیسان بمانگەوجێننەوە و ئەوەمان پێبفرۆشنەوە کە ئەوان پاڵەوانى چارەسەر کردنى گرفتەکانن و ئیتر تەواو کورد ئەبووژێتەوە بەڵام لە ڕاستیدا ئەمەش هەنگاوێکى تری گەوجاندنى خەڵکە چونکە پاش ماوەیەکی‌ تر هەڵبژاردنێکی‌ پێشوەختە لە عێراق ئەنجام دەدرێت، دەیانەوێ بەم فڕوفیشاڵەوە ئەگەرەکانى سەرکەوتن بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و بڵێن گەر ئێمە نەبووینایە ئەوە کورد تیا ئەچوو، بەڵام بیریان چووە بەهۆی سیاسەتى هەڵە و قۆرخکاری ئەوانەوە خەڵک لە چی دۆخێکى ئابوری خراپدایە و بە چی سەگ مەرگیەک دەژێت .

مەخابن ئەم هێزە دەسەڵاتدارانە لە پێناو مانەوەى خۆیان و کورسیەکانى دەسەڵاتدا هەریەکە و بە جۆرێک ئەم وڵاتەیان وێران کردوە ، درۆکرن و بوختانکردن و چەواشەکاری لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی، بوەتە پیشەى هەمیشەیان و تە نها ئامانجیان مانەوە و  بەردەوامیدانە بە سیاسەتی برسیکردن و بە تاڵان بردنی داهاتى ووڵات . بۆیە زۆرجار بۆ پاراستنى ئەم پرۆسەیەش هەوڵی بەلاڕێدابردن و گەوجاندنى کۆمەڵگا دەدەن و دەیانەوێ لەو ڕێگەیەوە درێژە بە دەسەڵاتی مافیایی و مانەوەى خۆیان بدەن و بۆخۆیان وەک بەرزەکى بانان بۆی دەرچن، بەڵام ڕاستى ئەم ڕەوتەش جگە لە پرۆژەیەکى فاشیل و پووچ هیچی تر نییە و ناتوانێ رێ لە ئیرادە و چاوکراوەیى خەڵک بگرێ بۆ بەدەستهێنانى ماف و داخوازییە ڕەواکانیان.

  • 1