ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەدوای راپەڕینی گەلی كوردستان لە مانگی ئاداری 1991 و رزگاركردنی تەواوی خاكی كوردستان بە كەركوكی ژیانی كوردستانەوە داگیركاری رێژمی حزبی بەعسی دیكتاتۆر و شۆڤیًَنی و رەفتار فاشی و هەڵكردنی ئاگری نەورۆز و شادبوونی جەماوەری كەركوكی خۆشەویست بەرۆژی نەورۆزو ئازادی كوردستان، پیاوانی حزبی بەعس و تەواوی دام و دەزگاكانی رژێمی بەعس گۆڕكران و رۆڵەكانی گەلەكەمان ئاگری نەورۆزیان لەسەرتاسەری كوردستان بە ئازادی كردەوە و ئاهەنگی سەركەوتن سازكرا...

رژێمی شۆڤێنی و دیكتاتۆری حزبی بەعس، هێزی خۆی سازداوە و لەماوەیەكی كوردتدا خۆی رێكخستەوە و بەرگریەكی خوێناوی لەسەربازگەی (خالید) كردو هێرشی پێچەوانەی رژێمی بەعس دژی رۆڵەكانی گەلەكەمان دەستیپێكرد، و چاوپۆشی لەلایەن هێزەكانی ئەمریكای دوژمنی راستەقینەی گەلان لە رژێمی بەعسی رەفتار فاشی كراو،و رێگا بە بەكارهێنانی فڕۆكەو جۆرەها چەك درا لە دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و جەماوەری راپەڕیوی گەلەكەمان، هەواڵ و دەنگ و باسی بەرگری و شەڕی خوێناوی لە كەركوكەوە بە تەواوی كوردستاندا بڵاودەكرایەوە و پیاوانی رژێم و بەكرێگیروانی پرۆپاگەندەی ژەهیراوییان لە ناوجەماوەر بڵاودەكردەوە، تا رۆژی 30/3/1991 بەرگری و مقاوەمەیەكی خوێناوی لە ناو شاری كەركوك بەردەوامی هەبوو، هەر لە هەمانكاتدا دەنگ و باسی پێشڕەوی هێزەكانی رژێم بوونی هەبوو... لەدەوروبەری كاتژمێر یەكی دوای نیوەڕۆ هەواڵەكان لە ناو جەماوەری كوردستان بە فروانی بڵاوبۆوە و باس لە شكان و پاشەكشەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە شاری كەركوكدا دەكرا... ترس و دڵەڕاوكێ و بیرۆكەی ئەوە بڵاودەكرایەوە كە رژێمی بەعس كوردستانی داگیر دەكاتەوە و رۆڵەكانی گەلەكەمان قڕدەكات، لەبەرامبەری ئەوە دەنگ و باسانەدا جەماوەری گەلەكەمان رەوی بە كۆمەڵی هەڵبژاردو پەسەندی كرد و... لە دوای نیوەڕۆوە لە ناو شاری هەولێر تەواوی جەماوەر ئامادەباشیان بۆ كۆڕە و دەكرد، و ئەوكەسانەی ماشێنیان هەبوو پێداویستی كۆڕەویان خستەناو ماشێن و لە ئامادەباشی دابوون، هەروەها تەواوی دانیشتوانی شار لە ئامادەباشی بوون بۆ كۆڕە، ئەوانەی –عارەبانە-ی كاركردنیشان هەبوو هەندێك خواردن و كەل و پەلی ماڵەكەیان خستبووە سەر عارەبانەكانییان ئامادەكردبوو، ئەو هاوڵاتییانەی هیچ هۆیەكی گواستنەوەیان نەبوو بە پیادە خۆیان و منداڵەكانییان ئامادەی رەوكرد بوون، جەماوەر لە بازگەكانی شەقڵاوە و كۆیە كرد بە مەبەستی دەربازبوون، كەس بیری لە خانوو ماڵ و سامان نەدەكردەوە و، لە بازگەكان هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێگای بەخەڵكەكە نەدەدا بۆ ئەوەی شارچۆڵبكەن، و بڕیاریش لە لایەن سەركردایەتی بەرەی كوردستانییەوە بەچۆڵكردنی شارو كۆڕەوە نەدرابوو... بارودۆخی ناوشاری هەولێر و دەوروبەری شلەژانی پێوە دیاربوو خەڵك بەتەواوی بەبێ دوودڵی ئامادەی كۆڕوبوو، خەڵكی گوندەكانی خوارووی شاری هەولێر گوندەكانییان چۆڵكرد و بەرەو شار دەهاتن و لە بازگەكانیش رێگای چۆڵكردنی شار نەبوو، سەركردایەتی بەرەی كوردستان بڕیاری سازدانی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لە شاری هەولێر لە سكرتاریەتی –مام جەلال-دا، بەمەبەستی دیراسەكردنی بارودۆخەكە و هەڵوێست وەرگرتن لە بابەتی پاشەكشەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و كۆڕەوی جەماوەری كوردستان، لە كاتژمێر چواری ئێوارەی رۆژی 30/3/1991 كۆبوونەوەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی لە شاری هەولێر سازدرا بە ئامادەبوونی شاندی حزبەكانی بەرەی كوردستانی كە بریتی بوون لە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی بەڕێز (مەسعود بارزانی و شاندی یەكێتی بەسەرپەرشتی بەڕێز نوشیروان مستەفا و وەفدی حزبی سۆسیالیست بە سەرۆكایەتی بەڕێز مامۆستا سەعد و شاندی بزوتنەوە دیموكراتی ئاشوری بە ئامادەبوونی كاك یونادم كەنا و شاندی پاسۆك بە ئامادەبوونی بەڕێز د. عبدللە ئاگرین و شاندی پارتی گەل بە بەشداری كاك مجید رزگاری و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز كاك قادر عزیز و شاندی حزبمان، حزبی شیوعی عێراق، بەسەرۆكایەتی هاوڕٍێ كەریم ئەحمەد و بەندەبوو، لە كاتی دیاریكراودا تەواوی شاندەكان ئامادەبوون، و كاك- نەوشیروان مستەفا لە تەك كاك مەسعود بارزانی دانیشتبوو، بەرلە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە هاوڕێ -كەریم ئەحمەد- لەكاك نەوشیروان مستەفا-ی پرسی و ووتی، كاك –نەوشیروان- تەندروستیت چۆنەو ئێستاكە بەچی سەرقاڵی لە وەڵامە بەڕێز- نەوشیروان مستەفا- ووتی ئێستاكە لە خزمەت كاك –مەسعود-م تا –مام جەلال- لە دەرەوە دەگەڕێتەوە،پاشان نازانم چی دەكەم...! دوای ئەوە كۆبوونەوەكە دەستیپێكرد، لەسەرەتا كاك- مەسعود بارزانی- باسی بارودۆخی شەڕٍو مقاوەمەتی پێشمەرگەی كوردستانی كردو، ئەوەی خستەڕوو كە مقاوەمەت لە ناو شاری كەركوك كارێكی زۆر ئەستەمە، و هێزەكانی رژێم بەبێ دەست پاراستن لە رۆڵەكانی شاری كەركوك و دەوروبەری دەدەن و فڕۆكەی هەلیكۆپتەریش بەشداری دەكات.. ئەنجا باس لە مەسەلەی چۆڵكردنی شاری هەولێرو دەوروبەری كرا و بڕیاردار كە لە بازگەكان رێگا بە جەماوەر بدرێت و شار چۆڵبكەن، پاشان باس لەوە كرا كە پێویستە هێزی پێشمەرگە لە دهۆكەوە تاكو سلێمانی هێلی بەرگری دروست بكات، ولە هەولێر دەبێت هێلی بەرگری هاوینە هەواری پیرمام بێ و هێلی دووەمی مقاوەمەت پێویستە لە دەربەندی كۆڕێ بێت، هەروەها لە كۆیە و دەربەندی گۆمەسپان بەرگری تەواو بكرێت، سەركردایەتی بەرەی كوردستانی لە سلێمانی و لە دهۆكیش پێویستە هێلی بەرگری دیاری بكەن و هێزەكانی رێكبخەن... دوا بەدوای ئەو خاڵە باس لە بارودۆخی جەماوەر لە رووی ئابوورییەوە كرا، و بەتایبەتی فەرمانبەر كە دەبێ بیر لە دابینكرنی موچەیان بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئێستاكە كۆتایی مانگە و فەرمانبەران چاوەڕوانی موچەكەیەتی، هەموو لایەكان لەسەر دابینكردنی موچە هاوڕابوون، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی دارایی لە بەردەستی سەركردایەتی بەرەدا نەبوو كە بتوانێت موچەی فەرمانبەرانی پێدابین بكرێت، دەربارەی ئەم بابەتە كاك مەسعود هاتە گۆ ووتی، من و كاك نەوشیروان بیرمان لە سەرچاوەیەكی باش و ئاسان كردۆتەوە كە لەم رێگایەوە دەتوانین موچەی فەرمانبەران دابین بكەین، بەڵام باسی لە جۆری سەرچاوەكە نەكرد.. پاشان لە هاوڕێ (كەریم ئەحمەد)م زانی كە سەرچاوەكە فرۆشتنی تەواوی كەرستەكانی بەنداوی بێخمەبوو، بەڵام بە داخەوە كەرستەی بەنداوەكە تەواوی لەلایەن پارتی و یەكێتی وەك دووبرابەش فرۆشراوە دەستكەوتی فرۆشتنەكەیان بۆ خۆیان گڵداوە، و هیچ موچەیەكی فەرمانبەرانییان لێنەداو، هیچ كام لە حزبەكانی بەرەی كوردستانیش دەنگی نارەزایەتی لێوەنەهات بە حزبەكەی منیشەوە...!! سەركردایەتی بەرەی كوردستانی هەر لە كۆبوونەوەدا بوو، كە هەواڵی رێگا پێدانی جەماوەر بۆ دەرچوون لە شار وەك بروسكە بەناو شاردا بڵاو بۆوە و ئیتر جەماوەر بەرەو شاخەكانی كوردستان ڕەوی كردوو، تەواوی شارو شارۆچكەكانی كوردستان چۆڵكرا و كۆڕەوی بەناوبانگی گەلی كوردستان دەستیپێكرد و لە دونیادا دەنگی دایەوە و كاریگەری لەسەر رای گشتی جیهان دروست كرد... گەلێك بابەت و نووسین دەربارەی كۆڕەو نووسراوە پێویست بە دووبارە بوونەوەی ناكات.

  • 1