ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ناوەراستى مانگى ئازارى ئەمساڵ سەد و پەنجا ساڵ بەسەر شۆرشى کۆمۆنەى پاریس تێدەپەرێت. شۆرشى کۆمۆن تەنیا کورتناکرێتەوە لە ساتە وەختێکى مێژوویى دیاریکراوى ساڵى 1871. شۆرش و گۆرانکارییەکان لە فەرنسا پێشتر بە سێ قۆناغى گرنگ و جیا تێپەرببوو لە ساڵانى (1789-1792) و ( 1792-1794) و ( 1794-1799 )دا. واتە دەتوانین کۆمۆن وەک بەشێک یان دەرئەنجامى زنجیرەیەک لە راپەرینى نەپچراوى خەڵک و کرێکاران ببینین، کاریگەرترینیان لە ساڵانى (1840-1848) بوو کاتێک کرێکارانى پاریس راپەرینیان لە مانگى حوزەیران بەرپاکرد، پێش (23)ساڵ بەر لە کۆمۆن.

هۆکارگەلى زۆر بووە هۆى بەرپابوونى شۆرش و راپەرین و گۆرانکارییەکان لە مێژووى کۆن و تازەى فەرنسا لە ئاستى ئابورى و کۆمەڵایەتى و فکرى و سیاسى و چینایەتیەوە وەک یەکێک لە کۆمەڵگا زیندووەکانى ئەوروپا.

کۆمۆنەى پاریس لە کاتێک روویدا خەڵکى پاریس ڕووبەڕووى دۆخێکى ئێجگار خراپ دەبوونەوە لە بڵاوبونەوەى بێکارى و هەژارى و کەمى خۆراک و لێکەوتەکانى جەنگى نێوان ئەڵمانیاو فەرەنسا. لە ناوەراستى مارسى 1871 خەڵک ڕاپەرین، گاردى میلیى پاریس لە زۆربەى شارەکان دەستى بەسەر شارەوانییەکاندا گرت. دواى چەند رۆژێک و هەفتەى دواتر هەڵبژاردنى نوێى شارەوانییەکان رێکخراو حکومەتێکى تازە دروستکرا بەناوى کۆمۆنە و سۆسیالیستەکان و مارکسییەکان و فیمینستەکان، دیموکراتییەکانى هتد ... لەخۆگرتبوو .

کۆمۆن لەماوەى(72) رۆژدا

ئەگەرچى کۆمۆنە تەمەنێکى زۆر کورتى هەبوو لە (72) رۆژ زیاترى نەخایاند، بەڵام لەو ماوەکورتەدا چەندین دەستکەوتى بۆ زۆرینەى کۆمەڵگا لە کرێکاران و هەژاران و چەسپاندنى پرنسیپى یەکسانیخوازى و دادپەروەرى هێنایەکاییەوە وەک یەکەمین ئەزمونى دەوڵەتى کرێکارى وئەرک و مهامى سۆسیالیستى لە مێژوودا.

چاکسازی و گۆرانکارییەکان لە ئاستى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و سەربازى ئەنجامدرا. سوپاى هەمیشەیى هەڵوەشێنرایەوە لە جێگاى ئەو پاسەوانى نیشتمانى دامەزراند کە پێکهاتبوو لە کرێکاران، لە برى پۆلیس دەورییەى کرێکارى چەکدارییان دروستکرد بۆ پاسەوانى شارەکان کە لەو ماوەیەدا هێمنى و نەمانى دزى و تاوان بەتەواوى بەرەو نەمان رۆیشت. کلێساى لە دەوڵەت جیاکردەوە، پەروەردەوفێرکردنى کرد بە ئیلزامى و خۆرایى، لانەى بۆ ژنانى شونەکردوو ئامادەکرد، هەڵوەشاندنەوەى باج و رسوماتى سەر خەڵک، مۆڵەتى دا بە سەندیکاکرێکارییەکان و پرنسیپى کارى هەرەوەزى قبوڵکرد، مۆڵەتى دا بە پەنابەرەکان، سەربەخۆى شکلى سیستەمى قەزایى گۆرى بە ئیمتیازاتى بیرۆقراتییەکانیشەوە، سیستەمێکى مووچە و کارى تازەى هێنایە کایەوە... هتد.

بەگشتى گۆرینى شێوە و ناوەرۆکى بەشدارى سیاسى و فۆرمێکى تازەى حکومدارى هێنایە کایەوە کە تەواو جیاواز بوو لە فۆرم و جەوهەرى دەسەڵاتدارییەتى کەمینەى رابردوو.

ئەزموونى کۆمۆن

کۆمۆنەى پاریس سەرەراى هەڵە و کەم و کوڕییەکانى لە نەبوونى هێزێکى سیاسى رێکخراو و لیدەر و ئەنجامدانى هەندێک ئەرک کە دەبوو ئەنجامى بدات وەک ترۆتسکى لە هەڵسەنگاندنەکەى باسى دەکات، لە ناوەرۆکدا تەژییە لە دەرس و وانەى گرنگ بۆ بزووتنەوەى سۆسیالیستى و چینى کرێکاران و پەراوێزخراوەکان.

مارکس ساڵێک پێش کۆمۆن راى وابووە بۆ شۆرشگێرەکانى پاریس هەر هەوڵێک لەوکاتە بۆ لەناوبردنى حکومەت سەرکەوتوونابێت وەک کارێکى بێهودەیى دەمێنێتەوە، بەڵام وادەرنەچوو لە ئازارى 1871 کۆمۆنە سەرکەوتووبوو، لەو کاتەدا مارکس پشتى لە کۆمۆن نەکرد بەهۆى ئەوەى بە پێچەوانەى تێگەیشتنى ئەوبووە، بەپێچەوانەوە پاڵپشتى لێکرد. لە هەڵسەنگاندنەکانى دواتر بۆ شۆرشگێرەکانى کۆمۆن دەڵێت: ئەمانە "دیارییەک بوون لە ئاسمانەوە " سەرەراى جێ بەجێ نەبونى ئامانجەکان بەڵام ئەزموونێکى گرنکە لەمێژوودا، دەڵێت : هەنگاوێکى کردارى باشترە لە سەدان بەرنامە و گفتوگۆ. بەگشتى لاى مارکس، کۆمۆن هەوڵێک بوو بۆ پێدانى دەسەڵات بە چینى کرێکار و بەدیهێنانى حکومەتێک تا ئەو شوێنەى دەشێت لە دیموکراسى راستەوخۆ نزیک بێتەوە.

دواتر راى مارکس و ئەنگلس لە درێژەى هەڵسەنگاندنەکانیان رەنگى دایەوە لە چاپى نوێ ئەڵمانى "مانیفێستى کۆمۆنیست " لە رێکەوتى 24/1/1872 دەڵێن : هەندێک وردەکاریمان لە مانیفێستى کۆمۆنیست بۆ کات جێهێشت. ئەم تێگەیشتنە دەتوانین ببستینەوە بە رستەکەى (بلیخانوف) کە لەسەر زارى (لینین) بڵاوبۆتەوە کاتێک دەڵێت "تیور خۆڵەمێشییە، بەڵام دارى ژیان هەمیشە سەوزە ". گۆرانکارییەکانى پاریس و ئاراستەى گۆرانکارییەکانى ئەوکات کاریگەرى زۆرى خستە سەر مارکس و ئەنجلس، وەک لە هەڵوێست لە دەوڵەت و شۆرش و مهامى سۆسیالیستى.

کاتێک لینین دواى کەمتر لە نیوسەدە شۆرشى ئۆکتۆبەر بەرپادەکات بە پێشڕەوایەتى حزبێکى پێشرەوى شۆرشگێر وانە و ئەزموونى زۆر لە کۆمۆنەى پاریس وەردەگرێت و سەردەکەوێت.

کۆمۆن یەکێکە لە وانە دەوڵەمەندەکانى پەیوەندى نێوان( تیور و واقیع) دواى سەدە و نیوێک لەو ئەزموونە و بە خوێندنەوە بۆ دۆخى ئەمرۆى سەردەمى نیولیرالیزم و هەڵکشانى بزافە کۆمەڵایەتییەکان و پەراوێزخراوەکان کە هاوکاتە لەگەڵ دەستدرێژى زیاتر و بەردەوامى سیستەمى سەرمایەدارى بۆسەر هەموو بەها مرۆییەکان، بەهێزکردنى پرنسیپى تەحزوب و بوونى پارتى شۆرشگێر و سەرکردەى پێشڕەو و خوێندنەوەى واقیع دوور لە رەچەتەى ئامادەکراو وەک پێویستى ئەمرۆى چەپ و کۆمۆنیستەکان خۆى فەرزدەکات. ئەوە بەو مانایە نییە کە حزب لە جێگاى چینى کرێکار و پەراوێزخراوەکان و کۆمەڵگا بیربکاتەوە و بریار بدات، نابێت هیچ کاتێکیش چاورێ بکەین حزب و دەسەڵاتى بۆرژوازى بەئاسانى بوار بۆ تێکۆشانى چینایەتى بدات هەر وەک چۆن بورژوازی ئەڵمانی و فەرنسی کردیان دژ بە کۆمۆنەی پاریس و گەورەترین تاوانیان ئەنجامدا. تاوانێک کە نزیکەی (٣٠) هەزار کۆمۆناریان شەهید و بریندارو بێ سەروشوێنکرد.

 

  • 1