ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هاوڕێ بەکر تەلانی و لقە بەعستۆقێنەکەی ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتی بەعس بوون و بەهەر نرخێک بووایە دەیویست زەبرێک لەو لقە پێشمەرگەیە بوەشێنێت.

موخابەراتی بەعس هەمیشە لەڕێی سیخوڕ و چڵکاوخۆرەکانیەوە تاقیبی جموجۆڵ و چالاکی و شوێن و ڕێی لقی شوانیان دەکرد.

زۆریان مەبەست بوو لەشەڕێکی نابەرابەردا ڕوبەڕووی هەڵۆ سوورەکانی لقی شوان ببنەوە.

زۆرجار دەکەوتنە بەر سێرەی هێزە فشۆڵەکانی بەعس، بەڵام چونکە زارەتەرک ببوون و ناو و ناوبانگی شیوعییەکانیان دەزانی بۆیە نەیاندەوێرا خۆ لەقەرەیان بدەن و بەدوای فرسەتێکدا دەگەڕان ..!

وەنەبێ هاوڕێیان ئاگاداری ئەم هەڵسوکەوتانەی بەعس نەبن، نەخێر ..!

هاوڕێیان باش دەیانزانی کە بەعس هەمیشە بەدوای فرسەتەوەن، بەڵام کەی پێشمەرگە حسابی بۆ بەعس و جاشی خوێڕی کردووە..؟!

ئەوەبوو هاوڕێیانی لقی شوان بە جەولە و بۆ بەسەرکردنەوەی گوندنشینان و چالاکی ڕێکخستن و بینینی دۆستانی حزب چووبوونە گوندی بۆڵقامیش.

کە بەداخەوە شوێنەکەی و هەڵکەوتەی جوگرافی بۆ ئەو ڕۆژگارە سەلامەت نەبوو و تا حەدێک شوێنێکی ڕووتەن بوو. کە دەڵێم بۆ ئەو ڕۆژگارە، مەبەستم ئەوەیە هێزی پێشمەرگە لەڕووی چەندایەتی و ژمارەوە کەم بوون و لەڕووی چەک و تەقەمەنیشەوە بەپێی پێویست چەکی دژە فڕۆکە و فیشەکی پێویستیان پێ نەبوو. ئیتر (شەڕەو یەخەمان دەگرێ، ئەگەر نەیکەین خوا دەمانگرێ..!)

بۆیە بەچاوساغی سیخوڕ و جاشە خوێڕییەکانی بەعس، کە ماوەیەکی زۆر بوو بەدوای ئەم دەرفەتەوە بوون، کە هەڵۆ سوورەکان بۆیان بکەونە تەنکاو و لە شوێنێکی ئاوها بەگیریان بێنن کە شوێنەکە لە بەرژەوەندییاندا نەبێ و بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە زۆر گونجاو نەبێت.

زۆر نامەردانە و حیزفرسەتانە لەناکاو جاش و جێش و قوات خاسەی دنیایان لێ کۆکردنەوە و دەیان هێلیکۆپتەریش بەردەوام جاش و قواتی زیاتری دەهێنا و ئینزالی پێ دەکردن.

ــ هاوڕێ بەکر تەلانی:

ئەم شەڕە زۆر نابەرابەرە..! بەڵام کەی هەڵۆ حسابی بۆ داڵەکەرخۆرە و کونەپەپوو کردووە. ئادەی کوڕینە با لە گوند بچینە دەرێ، خۆتان سازدەن و هەنگاوەکانتان خێراکەن بۆ شاخەکەی ئەوبەر دێ .

ــ خەڵکی گوند :

پێت چۆنە هاوڕێ بەکر شەڕی ناودێ بکەن هێزەکەی دوژمن بێشوومارە، تکایە لەناودێ بن و مەچنە دەرێ خۆ ڕۆحی ئێمە لەهی ئێوە زیاتر نییە، ئەگەر مردیشین با پێکەوە بمرین!

ــ هاوڕێ بەکر تەلانی بۆ خەڵکی گوند:

سوپاس بۆ هەموو شتێک بۆ هەڵوێستی جوامێرانەتان، ئێمە نامانەوێ پەنجەی یەک مناڵی ئەم دێیە لە خوێن بێ و شەڕ لەناو ژن و مناڵ ناکەین و دەزانین بەعس چەند دڕندەیە.

ــ دیارە ئەم هەڵوێستەی (هاوڕێ بەکر) لە لوتکەی هەستکردن بووە بە بەرپرسیاریەتی، خۆ گەر گوێیان بە دڕندەیی بەعس و گیانی دانیشتووانی گوند نەدایە و شەڕی ناو دێیان بکردایە ئەنجامەکە پێچەوانە دەبۆوە و هاوڕێ بەکر و چواردە پێشمەرگەی دی شەهید نەدەبوون، یان باشتر بڵێم خەسارەتەکە بەو شێوەیە نەدەبوو .

بڕیار بڕیاری هاوڕێ بەکر و لق ئەوە بوو بچنە دەرەوەی گوند .

شەڕ دامەزرا لە هەموو لاوە ئاگربارانە، پێشمەرگە وەک بەوری بەیان وەک تۆڵەسێن و ڕزگارکەر، وەک فریشتەی ڕۆحکێشانی جەلادەکانی بەعس و جاشە چڵکاوخۆرەکان پێیان لە خۆڵی نیشتمان وەکو ڕەگی داربەڕوو چەقاند و پێکڕا سروودی ئەی ڕەقیب و ڕێی خەباتمانیان دەگوتەوە .

بەجۆرێک جاش و جەیش و فڕۆکە دەوری هەڵۆ سوورەکانی لقی شوانیان تەنیبوو هەر پێشمەرگەیەک بەرانبەر سەد جاش و قوات خاسە وەستابۆوە..!

گۆڕەپانی شەڕیان پڕ کرد لە کەلاکی بۆگەنی جاش و هێزەکەی بەعس، هاوزەمانی ئەم شەڕە قورسە بەردەوام دوژمن لە ڕێی هێلیکۆپتەرەوە قواتی زیاتری لە کەرکووک و چەمچەماڵ و ئاغجەلەر و دوکانەوە دەهێنا و هەڵیدەڕشتن ..!

هاوڕێیان (بەکر تەلانی و ئەحمەد حەساری و گۆران حەساری و سۆران حەساری و مەلا هۆشیار حەساری و شۆڕش حەساری و ئەبو قەیس عەرەب و یاسین تورکمانباخی و مەجید نەجمەدین و شوان تۆبزاوایی و سەرکەوت بۆڵقامیشی و مەجید سەعید و عادل عەرەب و فواد).

دوای شەڕێکی نابەرابەر و قورس و نەمانی فیشەک و تەقەمەنی و برینداربوونی زۆربەیان بە فڕۆکە.. بە خوێنی ئاڵیان لەسەر تاشەبەردەکان نووسیان : (فەهدێک دەکوژن، هەزاران فەهد لە دایک دەبن. شیوعیەت لە مردن بەهێزترە لە پەتی سێدارەش بڵندترە).

هەمیشە هەڵۆ بۆ بەرزی دەڕوانێ، لەبەرزی دەفڕێ و لە بەرزیدا دەمرێ ...!

هەر کاروانێ بۆ تیشکی خۆر بڕوانێ، کەم بێ یا زۆر دەگاتە خۆر...!

ڕۆحتان شاد ڕێبوارانی ڕێگای تەقوای چینایەتی ..!

یادتتان بەخێر قوتابییەکانی گیڤارای مەزن...!!

بژی سۆشیالیزم..

بەختیار کەریم حەساری

2/4/2021

 

  • 1