ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕۆڵی حزبی شیوعی لە شەڕی جوندلئیسلام و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا

بەشی شەشەم

مام جەلال داوای ھێزی پێشمەرگە لەحزبی شیوعی کوردستان دەکات

 لەڕۆژی ٢٠٠١/٩/٣٠ لەگەڵ ھاوڕێ سوبحی مەھدی گەڕاینەوە بۆ سلێمانی، نامەیەکی (مام جەلال)مان یادی بەخێر پێگەیشت، ئاراستەی (ھاوڕێیان سوبحی ــ ئەبوکاروان) کراوە، دوای سڵاوو ڕێز داوا دەکات سەد (١٠٠ )پێشمەرگە وەک ھێزی پشتیوانی بنێرین بۆ سەراو سوبحان ئاغا، ھەروەھا دەڵێ پەلەمان نییە و دەزانم پرسی سەرکردایەتی حزب دەکەن، ھەردووکمان ڕیککەوتین لەسەر:-

یەکەم/ ھاوڕێ سوبحی سەردانی ھەولێر بکات بۆ ئەو مەبەستە و گفتوگۆ بکات لەگەڵ ھاوڕێیانی مەکتەبی سیاسی.

دووەم/ منیش ڕۆژی دوایی بچمە گەرمیان ھێزەکان ئامادە بکەم بۆ کاتی بڕیاردان لەسەر چوونمان بۆ بەرەکانی شەڕ.

سێیەم/ ھەر لەدوای ئەو چاوپێکەوتنە لەگەڵ مەکتەبی کۆمیتەی پارێزگای کەرکووک کۆبوومەوە ھاوڕێیان (ھەڵکەوت ـ عەلی سەراج) به ئامادەبوونی د فرھاد، بۆ وەرگرتنی ڕاوبۆچوونیان لەسەر ئەو داوایە، ھەرسێ ھاوڕێ لەگەڵ بەشداربووندا بوون.

چوارەم/ لەگەڵ ھاوڕێ سوبحی کۆبوینەوە لەگەڵ متواجدی ھاوڕێیانی کۆمیتەی پاریزگای سلێمانی (١٠) ھاوڕێ ئامادەبوون، ھەموویان لەگەڵ ناردنی ھێزی پێشمەرگەی حزبمان بوون بۆ بەرەکانی شەڕ لەدژی جوندلئیسلام.

 ــ ڕۆژی ٢٠٠١/١٠/١ سەردانی کەلارم کرد، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کادرەکانی کۆمیتەی پاریزگا و ئەندامانی کۆمیتەی قەزاکان و فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و نوێنەرانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان کرد، لەو کۆبوونەوەیەدا کە ( ٦٠ ) ھاوڕێ ئامادەبوون،  لەسەر ڕووداوەکانی یازدەی سێپتێمبەر و شەڕی جوندلئیسلام و داوای مام جەلال بۆ بەشداری لە شەڕی جوند گفتوگۆمان کرد.

ـــ ھەر لەدوای ئەو کۆبوونەوەیە، کۆبونەوەییەکی ھاوڕێیانی متواجدی کۆمیتەی پارێزگامان کرد بەمەبەستی وەرگرتنی ڕاوبۆچونیان لەسەر بەشداریمان لە شەڕی جوندلئیسلام، تێکڕای ھاوڕێیان لەگەڵ بەشداربووندا بوون.

ــ کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ کاک کوردۆ قاسم یادی بەخێر لەگەڵ مەحموود بیکەیسی سەردانی بارەگای حزبیان کرد لەکەلار، لەسەر بارودۆخی ھەرێم و پەیوەندی حزبمان و یەکێتی نیشتمانی گفتوگۆمان کرد.

ــ ئێوارە سەردانی کفریم کرد و لەگەڵ کادرەکانی ڕێکخستن و پێشمەرگە لەسەر بارودۆخی ھەرێم گفتوگۆمان کرد.

ــ کاتژمێر ٥ی ئێوارە کاک کوردۆ قاسم تەلەفۆنی کرد و داوای کۆبوونەوەی حزبمان و یەکێتی کرد، گەڕامەوە بۆ کەلار و بە بەشداری ھاوڕێی شەھید مەلا ئیدریس و ھاوڕێ ڕێبوار لەگەڵیان کۆبووینەوە، لەیەکێتی جگە لە کوردۆ قاسم، مەحموود بیکەیسی بەشدار بوو، باسی ئەوە کرا کە زانیارییان لەسەر ئەوە ھەیە کە ئیسلامییەکان لەکەلاریش شەڕ دروست بکەن بەتایبەتی ئەوانەی سەر بەجوندلئیسلامن و پێویست دەکات تەنسیق بکەین، ھەروەھا ئاگادار کراون کە حزبی شیوعی ھێز دەنێرێ بۆ بەرەکانی شەڕ، لەوەڵامدا پێم گوت:- دەربارەی پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی کەلار و ناوچەکە ئێمە ئامادەین، بەڵام بۆ ناردنی ھێز تا ئێستا بڕیاری کۆمیتەی ناوەندیمان پێنەگەیشتووە.

ــ سەر لە بەیانی ٢٠٠١/١٠/٢ ھاوڕێ سوبحی ئاگاداری کردمەوە کە مەکتەبی سیاسی بڕیاریان داوە کە ھێزی پێشمەرگە بەشداری لە شەڕی جوند بکات لە سەر داوای یەکێتی  نیشتمانی کوردستان، ھەروەھا ئاگاداری کردمەوە کە وەفدێکی حزبمان پێکھاتوو لە ھاوڕێیان (حەیدەر فەیلی ــ سھیل زەھاوی ــ سوبحی مەھدی) کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ سەردانی مام جەلال دەکەن بۆ ئەو مەبەستە.

 ((ماویەتی))

  • 1