ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەکێتى نیشتمانى کوردوستان وەک هەمو پارتێکى نەتەوەیى گشتى کە خۆى بە نوێنەرى هەمو چین و توێژەکانى نەتەوەکە ئەزانێ. ئەم حزبە بە تایبەتى لە ڕەوتى تێکۆشانى ئاشکراى دا و بە تایبەتى تر کاتێک چمکێکى دەسەڵات ئەگرێتە دەست. بەرژەوەندى چین و توێژە سەرکردایەتیەکەى بە تایبەتى ـ بەرژەوەندى ئابورى, ئەبێ بە هۆکارى بێنەو بەرە و کێشمەکێش لە نێوانیان دا ـ لەسەر قۆرخ کردنى هەردو دەسەڵاتى سیاسى (ئیدارى) و ئابورى (داهات)...

        ئەتوانین بڵێین, سەرهەڵدانى بزوتنەوەى گۆڕان لەناو جەرگەى یەکێتى نیشتمانى دا. هەروەها ئەو گۆڕانکاریانەش کە لە سەرکردایەتى یەکێتى دا کە لە ئەنجامى دوا کۆنگرەى ڕویدا. دو دیاردەى ئەو کێشمە کێشە چینایەتیە کە باسم کرد... واتە ئەو ڕوداوانە ئەنجامى کێشەى دەسەڵات و دەسکەوتى توێژێکى حزبەکەیە دژى توێژێکى ترى. بەڵام بە بەرگى نەتەوەیى ـ بەرژەوەندى نەتەوەکە ـ  دا ئەپۆشرێ. و دوژمنانى گەلەکەمان ناوخۆیى و دەرەکى پێشتر و ئێستایش سودى لێ وەرئەگرن بۆ زامن کردنى بەرژەوەندى خۆیان. نەک هەر ئەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەم فیدراڵیە ـ لەرزۆکەى کورد ـ یان دەست بەسەرا گرتنى لە هەردو بوارى سیاسی و ئابورى دا...

       لەم ڕوانگەیەوە ئەڵێم کە تێکڕاى ئەم بارو دۆخەى هەرێم ناکۆکى نێوان پارتى و یەکێتى یان لە نێو یەکێتى نیشتمانى دابە دەر نیە لە دەست تێوەردانى دەوڵەتانى دەوروبەر و زل هێزەکان لە پێناو ئەو دو ئامانجەدا!!

لێرەدا هەڵوێستى ئێران و تورکیاو سوریا وەبیردێنمەوە کە بەیارمەتى و دەست خۆشى(سەدام) ساڵى ٩٩٤ (١/٥/٩٩٤) شەڕى ناوخۆیان لە بەینى پارتى و یەکێتى دا هەڵگیرسان!! مەبەستم ئەوەیە کە نابێ هەرگیز ڕۆڵى دوژمنکارانەى دەرەکى (دوژمنانى) گەلەکەمان لەیادبچێ کە بۆ هەل و دەرفەتى لەبار ئەگەڕێن, یان هەوڵ ئەدەن ئەو هەل و مەرجە پەیدا بکەن..

       یەکێتى نیشتمانى باڵێکى سەرەکى ئەم فیدراڵیەى هەرێم/ ە ئەگەر لە گۆشەى نیشتمان پەروەرى و بەرژەوەندى خەڵکەوە بڕوانیننە هۆکار و ئەنجامەکانى ئەم کێشمە کێشە. ئەوا بەبێ چەندوچون بوە و ئەبێ بە هۆى لاوازکردن و دواخستنى هەرێم/ ى کوردوستان لە هەمو ڕویەکەوە. واتە بە زیانى گەلى کوردى ئەم ناوچەیە ئەشکێتەوە.

       بویە ئەبێ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنى ئەم ململانێ/ یە کە لە نێو سەرکردایەتى یەکێتى دا ڕووى دا. لەو گۆشەیەوە کە باسم کرد. واتە بەرژوەندى زۆرینەى خەڵکى ئەم وڵاتە کە لە سەرەتاى دامەزراندنى حکومەتى هەرێم/ ەوە گرفتارى دەردى دوبەرەکى هاتوە ( دوبەرەکى لەسەر ئەوەى کام حزب خاوەنى بێ چەندو چوونى ئەم هەرێم/ ە ئەبێ!! ) واتە زامن کردنى یەکگرتوى و تۆکمەیى یەکێتى نیشتمانى. دیاریکردنى هەڵە و خەتا و کردەوە نا نیشتمانیەکان ـ سیاسى, ئابورى, کۆمەڵایەتى ـ سزادانى خەتابار و تاوانبارەکان و پاک کردنەوەى حزبەکە لە کەسانى خۆپەرست و مەسلەحەت پەرست و گومان لێکراوان. بۆ ئەوەى  مانەوەى فیدراڵیەکە بکرێتە ئەو لایەنە کاریگەرەى کە ئەم وڵاتە لەم چەق بەستنە ئابورى و ئیداریە, لەم ناسەقامگیریە, لەم بێ متمانەییە, لەم هەژاری و داماویە, لە دەست تیوەردانى دەرەکى ڕزگاربکرێ.

       واتە چارەسەرەکانى نابێ بە پێى بەرژەوەندى تەسکى ئەم تاقمە و ئەو پێڕە و ئەو بەرەیەى نێو یەکێتى نیشتمانى بێ. چونکە لەم حاڵەتە ناکۆکى و کەلەبەرەکان بەرینتر و ئاڵۆزتر و درێژخایەن ئەکات..

 

                                                                

       

  • 1