ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گۆشــــــــەی" بـــــــەها "7

هەفتانە دلێر كەریم دەینووسێت

هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدایە، سەرەڕای هەموو ململانێ و كێشە دەستووری و یاساییەكان و پێكدادانی بەرژەوەندییەكان و ملنەدان بۆ یەكتر، هێشتا هەموومان بەشێكین لە دەوڵەتی عێراق و لەهەموو خۆشی و ناخۆشییەكدا پێكەوەین. ئەمە ئەگەر ڕەهەندێكی مێژوویشی هەبێ، ئێستا بەشێكی بەهۆی ئەو كاریگەرییە ناوخۆی و هەرێمایەتییەكەوەیە كە هەردوولا دەرگایان واڵایە و دۆست و دوژمن خۆی پێدا دەكات. سنوور بەجۆرێك تێكەڵ و ئاوەڵابووە، بەئاسانی دانابڕێت لەیەك. ناتوانی لە هەولێر و سلێمانی بەئاسوودەی بژیت و بتەوێ دەستوورێكی پێشكەوتنخواز و دیموكراسیت هەبێ گەر بەغدا پێچەوانەبێت و بۆنموونە بڕیارەكانی لەمەرجەعیەتەوە دەربچن، ناكرێ و نابێ بتەوێ نەوت بەسەربەخۆی بفرۆشی و بازاڕ بۆكاڵاكانت بدۆزیتەوە و سنوورەكانت بپارێزیت و لات ئاسایی بێت عێراق بەدەست داعشەوەیە یان میلیشیا شیعییەكان باڵا دەستبن، نابێ دڵمان بەشەقام و ڕیگاوبانە مۆدێرنەكان خۆش بێت و لەبەرانبەردا نزابكەین شەقامەكانی بەغدای پایتەخت زبڵ و خاشاك بیتەنێ، چونكە دواجار ئەوەی لەبەغدا ڕوودەدات كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر كۆی ڕووداوەكانی هەرێم و بەپێچەوانەشەوە.

كۆی دۆسییە ئەمنی و سەربازی و داراییەكان وەها تێكهەڵكێش بوون، زەحمەتە بتوانی دوو دامەزراوەی جودا لە سنووری یەك وڵاتی فیدراڵ دابمەزرێنی، بۆیە قسە لەسەر ئەوەیە گەر حكومەتی مەركەزی لەسەر خواست و دەستپێوەگرتنی ئێمە ماوە و لەڕابردوودا زۆرجار هاتووە بڕوخێ و كورد نەیهێڵاوە بڕوخێت و بگەڕیتەوە خاڵی سفر، دەبێ هەوڵی جددی بدرێت بۆ زامنكردنی ئەو چەمكانەی لێرە دەمانەوێ، لە دەسەڵاتی ناوەند، نەك پێمان وابێت ئێمە ئیشی خۆمان ڕایی دەكەین و حەقمان بەوەوە نەبێت لەوێ چی دەگوزەرێت. دواجار هەر ئاگرێك لەوێ بكەوێتەوە ئێرەش دەكاتە سووتماك، هەر بارانێكیش لەوێ ببارێ گوڵەكان لێرە دەگەشێنەوە.

لەدوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڕەهای بەعس و گەڕانەوەی سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ بەغدا و یەكخستنی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات، سەركردەیەكی دیاری كورد بە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی كورد دەڵێت: با داواكارییەكانی خۆمان بكەین، گەر بەوەی دەمانەوێت ڕازی نەبوون، بگەڕێنەوە كوردستان و خۆمان ئەو جۆرە دەسەڵات و حوكمڕانییەی دەماوێ پیادە بكەین و حەقمان چییە لەبەغدا چی دەگوزەرێت، سنووری خۆمان و ماڵی خۆمان جیادەكەینەوە و ئەوان چیدەكەن و چیان پێباشە بۆخۆیان پیرۆزیان بێت. هاوڕێ كەماڵ شاكریش دەڵێت: ناتوانی حوكمێكی دیموكراسی دابنێیت لەهەرێم و پێچەوانەی ناوەند بێت، چونكە لەبەغدا یەكێك بپژمێت، پرشەكەی دەگاتە هەرێم!

  • 1