ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستاو نووسەر حوسێن حاجی قادر(ئاری)

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

بەشی دووەم و کۆتایی

(خەباتی پیشەیی و سیاسی و رۆشنبیری)

 

٭ لە ساڵی۱۹٤۹ چۆتە ریزی یەکێتی گشتی قوتابیان ،تاکو تەواوکردنی دواناوەندی ئەندامی لێژنە بوو.

٭ لە ساڵی۱۹٥۲ بەشداری کردووە لە شکاندن و هەوڵی سووتاندنی سینەمای ئەمریکی لە کۆیە،چونکە ئەو سینەمە سەفەریە پرۆپاگەندەی دژی شیوعیەکان دەکرد.لە هەمان ساڵدا پەیوەندی کردووە بە حزبی شیوعی.

٭ لە۱۷-۱-۱۹٥۳ بەشداری کردووە لە خۆپیشاندان دژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی،کە(کفن لەبەرەکەی کۆیە ــ مام ئەسعەد) سەرکردەی خۆپیشاندەرەکان بوو..

٭ لە۲٤-۲-۱۹٥٥ بەشداری لە خۆپیشاندانێک کردووە لە پێش دەرگای سەرای کۆنی کۆیە(حزبی شیوعی رێکیخست) دژی مۆرکردنی پەیمانی بەغدا..

٭ لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمموزی۱۹٥۸ بەردەوام بووە لەسەر خەباتی سیاسی،لە هەمان کاتدا ئەندامێکی کارای لیستی پیشەیی مامۆستایان بوو.

٭ لە دوای دەستپێکردنی (شۆڕشی ئەیلول) لە کوردستاندا،حزبی شیوعی خۆپیشاندانی کردووە دژی سیاسەتی چەوتی حکومەتی عەبدولکەریم قاسم، کە لە یەک کاتدا نە بەرەو دیموکراتی دەچوو، هێرشی سەربازیشی بۆسەر کوردستان دەستپێکردبوو،حزبی شیوعی لە کۆیە خۆپیشاندانی لە ژێر دروشمی (ئاشتی بۆ کوردستان) بەڕێوەبرد،مامۆستا حوسێن چالاکانە بەشدار بووە، بۆیە کاربەدەستان لە کۆیە دووریان خستۆتەوەو نەقلی پیرمام یان کردووە.

٭ لە ساڵی۱۹٦۹ لە هەڵبژاردنی مامۆستایان وەکو ئەندامی لیستی پیشەیی بەشداربوو..هەروەها دوای دەرچوونی بەیاننامەی۱۱ی ئاداری۱۹۷۰ مامۆستا حوسێن لەگەل لیستی پیشەیی بەردەوام بووە..

٭ لە ساڵانی۱۹۷٤-۱۹۷٥ نوێنەری حزبی شیوعی بوو لە(کۆمەڵەی هەرە وەزی مامۆستایان)،هەروا لە کۆنگرەکانی سەندیکای مامۆستایان بەشدار بووە.

٭ لە ماوەی۳۰ ساڵی رابردوودا مامۆستا بەردەوام لەگەل لیستی پیشەیی مامۆستایان بووە، وەکو دۆست و لایەنگر..هەمیشەو تاکو ئێستا دۆستێکی دڵسۆزی حزبی شیوعییە و هاوڕێیانی لیستی پیشەیی بەردەوام سەردانیان کردووەو لە هەواڵیان پرسێوەو ڕێزیان لێی ناوە..

٭ مامۆستا دۆستایەتی و برادەرایەتی لەگەل هاوڕێ عەزیز محەمەد بەهێز بوو، یادەوەری زۆری تۆمارکراوی لەگەل هاوڕێ عەزیز هەیەو لە ئەرشیفی تایبەتی خۆی پاراستوویەتی.

٭ مامۆستا لە ساڵی۱۹۷۲ کە هەردوو رۆژنامەی (گریق الشعب) و (بیری نوێ) لە بەغدا دەرچووینە نووسینی بۆ دەناردن، هەروا بوو بە پەیامنێری هەردوو ڕۆژنامەکە لە هەولێرو بوو بە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق..

٭ مامۆستا وەکو نووسەر بابەتی رۆشنبیری لە زۆر لە گۆڤارو رۆژنامە کوردییەکان بڵاوکردۆتەوە،هەر لە ڕۆژنامەی (ئازادی) لەبەغدا ساڵی۱۹٥۹ تاکو گۆڤارو ڕۆژنامەکانی دوای دوو هەزارەکانیش لە هەرێمی کوردستان،هەروا لە چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی دیمانەی لە گەلدا سازکراوە..مامۆستا زۆری لەسەر هونەرمەندی گەورەی کورد تایەر تۆفیق نووسیوە،زۆر لە گۆرانییە تۆمارکراوەکانی لە ئەرشیفی خۆی پاراستوون..

٭ مامۆستا دوو کتێبی بە نرخی چاپکردوون:

۱-( ژیان و بەسەرهات وهەندێ لە گۆرانییەکانی هونەرمەندی گەل تایەر تۆفیق) دوو جار چاپکراوە.

۲- (کوردستان خاڵێکی گەرمە) ،۲۰۱۲،بریتییە لە ٥۱ بابەتی رۆشنبیری و سیاسی و هەمەجۆر..

٭ مامۆستا ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کوردە.

هیوای تەندروستی و تەمەن درێژی بۆ دەخوازین..

تێبینی : لە بەشی یەکەمی ژیاننامەی مامۆستا حوسێن کە لە ڕێگای کوردستان بڵاوکرایەوە،بە هەڵە وێنەی مامۆستا یاسین خەیلانی لە گەل ژیاننامەی مامۆستا حوسێن دانرابوو،داوای لێبوردن لە مامۆستا حوسێن و هەموو لا دەکەین.

 

 

  • 1