ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هاوڕێ (محەمەد عەلی) مامۆستا بوو لەناو شاری هەولێر و، تەمەنی (35) ساڵ دەبوو، لەناو ریزەكانی یەكێتی لاوانی دیموكرات و حزبماندا بە (قاید ئەحمەد) ناسرابوو، هاوڕێیەكی سادە و قسەخۆش و لەنوكتە گێڕانەوە لێزان بوو، خۆی لەگوێگرانی زیاتر بە نوكتەكانی پێدەكەنی و لەلایەن هاوڕێیانەوە خۆشەویست بوو، ماڵەكەی لەگەڕەكی تەعجیل لەخانووەكانی جولەكەكان بوو، چوار برا و خوشكێكی هەبوو باوكیشی لەژیاندا بوو، خۆی بەخێوكار و ئاگاداریان بوو، مامۆستا (قاید ئەحمەد) هەموو شەوێك دەچووە سینەما و تكتی 40 فلسی دەكڕی، جلی كوردی دەپۆشی و جەمەدانی لەسەر دەكرد بۆ ئەوەی ئەگەر قوتابیانی دیتیان نەیناسنەوە، گەلێك جار دەیگێڕایەوە كە قوتابییەكانی لەگەڵیدا لەبەشی 40 فلسی بوونە.

لەساڵی 1973وە ببووە ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی لاوانی دیموكراتی عێراق لقی هەولێر و لەهەمانكاتدا ئەندامی لیژنەی حزبی بوو، لە گەڕەكی كوران بەرپرسی شانەیەكی حزبی بوو، لەلایەن هاوڕێیانی شانەكە گەلێك  خۆشەویست بوو، ئەندامانی شانەكە هەموویان كرێكار و كاسبكار بوون، و تێكڕایان جگەرەكێش بوون، هاوڕێ قاید ئەحمەد كە بۆ كۆبوونەوەی شانەكە دەچوو جلی كوردی لەبەر دەكرد و پاكەتێك جگەرەشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد، هەموویان بەیەكەوە جگەرەیان دەكێشا و ژووری كۆبوونەوەكە وەكو كورەی ئاسنگەری لێدەهات، هەندێ جار لەگەڵ هاوڕێ قاید بۆ ئیشراف دەچوومە شانەكە و بەشداری كۆبوونەوەم دەكرد كۆبوونەوەكانی ئەم شانەیە زۆر خۆش و گەرم و گوڕ بوو، درێژەی دەكێشا تا درەنگانی شەو، پەیوەندی هاوڕێیان لەگەڵ (قاید ئەحمەد) زۆر باش و توندوتۆڵ بوو، هاوڕێ قاید لەگەڵیاندا گونجاو و رێكوپێك بوو، هاوڕێ مام عەوڵای پینەدۆز لەشانەكەدا ئەندام بوو، رەخنەی زۆر توندی لەبەرەی حزبمان لەگەڵ بەعس دەگرت و لەدژی حزبی بەعس بوو، هەموو جارێك كە توڕە بووایە لەبارودۆخەكە دەیگوت: هاوڕێ قاید من لەگەڵ تۆم نییە، ئەتو سەرچاوو سەر سەرم، بەڵام با حزب هاوڕێیەك رەوانە بكات بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵدا بكەم، جا هاوڕێ قاید دەیگوت هاوڕێ مام عەوڵا داوای ئیشراف دەكات و وەزعەكەمان خراپە و قەوماوە و دەبێ بێیتە سەردانی هاوڕێیان.

هاوڕێ مام عەوڵا هاوڕێیەكی بەتەمەن و دڵسۆز و ئەزموونی لە حزبایەتی زۆر بوو، نەترس و ئامادە بوو هەموو ئەركێكی حزبی جێبەجێ بكات، كاتێك لە هاوینی ساڵی 1978 ویستمان دوكانەكەی بۆ كاری نهێنی حزبی بەكاربێنین هاوڕێ مام عەوڵا بەبێ دوودڵی گوتی بڕیاری حزب بەسەرچاو جێبەجێ دەكەم، و پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێیانی شانەكە و قاید بڕی و ئەركەكەی بەلێهاتوویی گرتە ئەستۆ.

لەتەمووزی ساڵی 1973 فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهان لەئەڵمانیای دیموكرات سازدرا و وەفدی عێراق لە لاوانی شیوعی و پارتی و بەعس پێكهات بوو، بەیەكەوە بەرەو ئەڵمانیا چوون، لەهەولێر هاوڕێ (جەبار حەسەن)  كە سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی عێراق لقی كوردستان بوو، هاوڕێ (قاید ئەحمەد) ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی لاوانی دیموكراتی عێراق لقی هەولێر بوو، لەگەڵ وەفدی حزبمان بۆ ئەڵمانیا رەوانە كران، دوای ئەوەی هاوڕێ قاید گەڕایەوە دەبوو كۆبوونەوەی فراوان لەشار و شارۆ‌چكەكانی پارێزگای هەولێر بۆ لاوان ساز بدات و باسی فیستڤاڵەكە و چالاكییەكانی بۆ هاوڕێیان بكات.

دوای تەواوبوونی ئەركەكەی قاید، كۆبوونەوەیەكمان بۆ لیژنەی هاوبەش و هاوكاری نێوان یەكێتی گشتی قوتابیان و یەكێتی لاوان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر گرێدا بۆ ئەوەی هاوڕێ قاید باسی چالاكی و كارەكانی ئەندامانی شاندی حزبمان بۆ بكات، ئەوەی بەپێویستی زانی خستیە بەردەم كۆبوونەوەكە و هاوڕێیان هەندێ پرسیاریان ئاراستەی قاید كرد و وەڵامدرانەوە، پاش تەواوبوونی وتووێژی هاوڕێیان و رونكردنەوەكان، قاید ئەحمەد لەناكاو بەدەنگێكی بەرز پێكەنی و چاوەكانی پڕ بوون لەفرمێسك ئێمەش دەمانزانی قاید نوكتەیەك یان قسەیەكی خۆشی بیركەوتۆتەوە بۆیە بەم شێوەیە پێدەكەنێت، دوای تەواوبوونی پێكەنینەكەی ئەنجا قاید گوتی: لەسەرەتا تووشی بارودۆخێكی نالەبار و خراپ هاتم، لەرووی دەروونییەوە یەكجار لەدۆخێكی نەگونجاو بووم، ئەوكاتەی ئێمەیان بردە ئوتێلێكی گەورە و فراوان و لایەكی ئوتێلەكەیان بۆ وەفدی عێراق تەرخانكردبوو، ئوتێلەكە لەسەر گۆڕەپانێكی گەلێك فراوان بوو، لەژوورەكەی خۆم تەماشای گۆڕەپانەكەم كرد، چیم بینی؟ گۆڕەپانەكە تەژی كوڕ و كچی جوان و نیوەڕووت بوو، لەگەڵ یەكتر تێكەڵ ببوون و هەموویان گۆرانیان دەگوت و دانسیان دەكرد و وتاریان دەخوێندەوە (سەگ ساحێبی) نەدەناسیەوە، سەرم سوڕاو گێژبووم و چاوم رێشكەوپێشكەی دەكرد و گەدەم تێكچوو دەمویست بڕشێمەوە، تابلۆكەم وەك بەحرێكی بێسنوور دەهاتە بەرچاو و ئەوەندەی نەمابوو لەهۆش خۆم بچم، لەپەنجەرەكە دووركەوتمەوە و لە كورسییەك دانیشتم و سەری خۆم گرت و دەمگوت ئەوە ئیشتراكییە؟ ئەوە چییە؟ من تێناگەم!! لەم كاتەدا چوار هاوڕێی عەرەب بە بەر دەرگای ژوورەكەمدا رەتبوون و منیان بەو شێوەیە بینی، یەكێك لەهاوڕێیەكان پرسی و گوتی (رەفیق لیش گاعد، تعال انزل ویانا نروح الی الساحە)، قاید گوتی وەڵامی هاوڕێكەم دایەوە و گوتم: ( روح بابا روح، هژا شنو هژه هی اشتراكیە) هەر ئەوەندەم گوت، هاوڕێیەكە بانگی هاوڕێكانی كرد و باسی قسەكانی منی بۆ كردن، هەر ئەوەندەم زانی بۆم هاتن و هاوڕێیەك ئەو دەستەی گرتم و ئەوەی تر ئەم دەستەی گرتم و گوتیان (گوم گواد گوم انزل ویانا، انت اشلون شیوعی؟) بۆ خوارەوە پەلكێشیان كردم و بۆ ناو بەحرە كچ و كوڕەكان پاڵیان پێوەنام و كەوتمە مەلەكردن لەناو بەحرەكە، و رۆیشتم و دووركەوتمەوە و لەهاوڕێیەكان دابڕام و لەناو بەحرەكە بەملاو بەملا دەكەوتم و دەجولام، خۆم لەبیركرد و بارودۆخەكەم زۆر پێخۆش بوو، ئیتر فێرە مەلەبووم و بەیانیان زوو دەڕۆیشتم تا درەنگانی شەو نەدەگەڕامەوە. جارێك تووشی یەكێك لەچوار هاوڕێیەكان بووم كە پەلكێشیان بۆ ناو بەحرەكەی كچ و كوڕەكان كردبووم. گوتی (ها گواد لیش ماتسلم علینا؟ تعلمت السباحە؟) هەرچەند جارێ قاید ئەم بەسەرهاتەی دەگێڕایەوە بەخۆی لەهەموو كەس زیاتر پێدەكەنی.

دوای ئەو گەشتەی قاید ئەحمەد هەندێ گیروگرفت لەریزی یەكێتی لاوان روویدا و هاوڕێ عادل سەلیم بۆ ئیشرافی لیژنەی هاوبەش و هاوكاری نێوان یەكێتی لاوان و قوتابیان ئامادەبوو، كۆبونەوەكە لەماڵی هاوڕێ قاید بوو، هاوڕێ (عادل سەلیم) هەندێ سەیری ئەملاو ئەولای خانووەكەی كرد، و لەهاوڕێ قایدی پرسی و گوتی: كاتی خۆی هاتوومەتە ئیشرافی شانەكەی كە تۆ تێیدا ئەندام بووی، وابزانم ماڵتان هەر لەم خانووە بوو؟ بەردەوام بوو گوتی: ئەوە چەند ساڵە مامۆستای بۆ هەر لەم خانووەنە؟ خانووەكە زۆر كۆن و خراپ بوو، لەدوو ژووری گەورە پێكهاتبوو، سەری ژوورەكان بە كاریتە و شەقڵە و حەسیر و قوڕ گیرابوو، هاوڕێ قاید لەوەڵامدا بەبێ ئەوەی هەوڵبدات هۆیەكی وا بدۆزێتەوە كە لای هاوڕێ عادل سەلیم پەسەندبێت، گوتی هاوڕێ ئەم خانووە جورجی روسی زۆری تێدایە، چۆن دەبێت بەجێیان بێڵین؟ تووشی برسێتی دەبن! ئەو جورجانە لای من ئەندامن و دۆستی روسیاشن. هاوڕێ عادل سەلیم پێكەنی و قاید لەهەموومان زیاتر پێكەنی.

بەداخەوە هاوڕێ قاید تەمەنی كورت بوو، زوو ماڵئاوایی لێكردین و لەدوای خۆیدا كوڕێكی بەناوی (هاوڕێ) جێهێشتووە. برایەكی هاوڕێ قاید ئەحمەد بەناوی كەمال ئەندامی حزب بوو، هەروا هونەرمەندێكی لێهاتوو بوو، حزب بۆ خوێندن رەوانەی دەرەوەی كرد و بڕوانامەی دكتۆرای بەدەستهێناوە و هەر لەدەرەوە دەژی، هاوڕێ عادل سەلیم بەدەستی تاوانبارانی حزبی بەعس لە سەردەمی بەرە شەهید كرا.

هاوڕێ عادل سەلیم و هاوڕێ قاید ئەحمەد یادتان بەخێر و رۆحتان شاد

  • 1