ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رۆژهەڵاتی ناوراست ناوچەیەکە لە دێڕ زەمانەوە چەقی ململانێ بووە لەئێستادا ژینگەیەکی لەبارە بۆ ململانێی وڵاتە زل هێزەکان بەتایبەت پاش رووخانی رژێمی سەدام و قەزافی و دروست بوونی بەهاری عەرەبی و دۆخی سوریا و یەمەن و سودان و ئەفغانستان، ئەمانە هەمووی فاکتەرن بۆ ئەوەی ئەم ووڵاتانە بیر لەبەرژەوەندی خۆیان بکەنەوە لەدەرەوەی سنوری خۆیان، دەیانەوێت هەژموونی خۆیان زیاتربێت بۆ دەست بەسەراگرتنی ئابووری زۆرترین وڵاتی ناوچەکە بەتایبەت لە لایەن تورکیا و ئێران و ئیسرائیلەوە، لە پشت ئەم وڵاتانەش ئەمریکا و روسیا و چین و ناتۆش هەیە.

تورکیا خەونی عوسمانی هەیە، دەیەوێت زۆرترین ناوچە لەژێر دەسەڵاتی خۆی بێت لەدەرەوەی سنوری خۆی، هەرچەندە لەسوریا ئەمریکا هەوڵی دا لەگەڵ روسیا تووشی گرفت بکات، بەڵام دواجار سیستەمی موشەکی ئێس چوارسەد بووە هەوێنی ئاشتەوایی هەردوو وڵات و نیگەرانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لێکەوتەوە، ساڵانی پێشووتر تورکیا ئابوورییەکی بەهێزی نەبوو، بەڵام لەم ساڵانەی دوواییدا توانی گەشە بە ئابووری وڵات بدات و قەرزەکانی نەهێڵێت و بەلادانی سفرەکانی سەر دراویی لیرە هەندێک بەهای پارەکەی بەرز بکاتەوە، ئەوەش وایکرد بیر لەجەنگ بکاتەوە لەدەرەوەی سنوری خۆی وەک کوردستانی باشوور و سوریا و ئەفغانستان و لیبیا، دەیەوێت ئابوری خۆی بەسەر ئەو وڵاتانە بسەپێنێت و خەونی ویلایەتی مووسڵی هەیە، دەیەویت کارگەکانی شاری حەلەب لە سوریا پەک بخات بیانگوازێتەوە بۆ ناوخۆی تورکیا لەوێشەوە هەناردەی دەرەوەی وڵاتی بکات بۆ فەراهەمکردنی زیاتری هێزی کار لە تورکیا هەروەها بە هاوکاری قەتەر دەیەوێت دەست بەسەر ئابووری تونسدا بگرێت، لە میسریش کودەتاکەی سیسی نەبووایە ئابووری میسری کۆنترۆڵ دەکرد و چاوی لەسەر ئابووری لیبیاشە، هەروەها بیر لەجێگرەوەی ئەمریکا دەکاتەوە لە ئەفغانستان، بەڵام بۆ تاڵیبان و ئەمریکاش رێگە پێدراو نییە، چونکە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان تەکتیکە بۆ ئەوەی روسیا و ئێران و تورکیاش بخاتە گۆماوی ئەفغانستانەوە، چونکە ئەم جۆرە جەنگانە جەنگی بەکاربەرە ئابووری بەهێز و هێزی شەڕکەری زۆری دەوێت، هەندێک جار بە زەرەری ئەو وڵاتانە دەشکێتەوە.

کە دێتە سەرباسی ئێران ئەوێش بەشێکی گرنگی یارییەکەیە و دەیەوێت شۆرشی ئیسلامی هەناردەی دەرەوەی وڵات بکات، بەتایبەت لەو شوێنانەی پەیڕەوی ئاینزای شیعەی تێدایە وەک عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن هەندی جار تا باشووری سودان دەروات تەنانەت هاوکاری گرووپی حەماسی فەلەستینی دەکات هەرچەندە لەرووی ئاینییەوە جیاوازن، بەڵام خەونی ئێران ئەوەیە زۆرترین شوێن لە ژێر کۆنترۆڵی خۆییدا بێت چەندین جار بەرپرسانی ئێران دەڵێن سنووری ئێران لە دەریای ناوەڕاست کۆتایی دێت، ئێران بەردەوامە لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازیی وەک فرۆکەیی بێ فرۆکەوان و رۆکێت، لەرووی پیتاندانی یۆرانیۆمیشەوە ئامێری کردنە دەرەوەی ناوەراستی و بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سەرووی بیست لە سەد لەرووی سەربازییەوە واتا ئەو یۆرانیۆمە بۆ بواری سەربازیی دەتوانڕێت بەکاربێت و هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات، هەرچەندە بەلای ئیسرائیل و ئەمریکاوە هێڵی سورە، بەڵام ئێران سەرەڕایی خراپی دۆخی ئابووری هەر بەردەوامە لە ململانێ لە ناوچەکە و ئەو وڵاتانەی ئێران چاوی لەسەریانە ئەمریکا فشاری ئابووری زیاتری خستووەتە سەریان لە ئێستادا دۆخی ئابووری لوبنان زۆر خراپە پارەی بەرانبەر دۆلار بەردەوامە لە دابەزین، دۆخی ئابووری سوریا و یەمەنیش لەوپەڕیی خراپیدایە و ئابووری عێراقیش دووچاری قەرز بووەتەوە، ئەمانە هەمووی ئاماژەن کە ئەم جەنگە درێژخایەنە رەنگە بەئاسانی کۆتایی نەیەت.

بەڵام ئیسرائیل بەهاوکاری سەربازیی ئەمریکا و ئابووری بەهێزی خۆی بەشێکە لەیارییەکە، خەونی ئیسرائیل ئەوەیە لە نیلەوە تا فورات بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی چونکە پێی وایە ئەو ناوچانە خاکی جولەکەیە لەبنەرەتدا، بەڵام هەمیشە ئەمریکا و ئیسرائیل ململانێ بەسەربازی پیادە بە چارەسەریی کۆتایی نازانن، ئەگەر پێویست بکات بە فرۆکەی شەڕکەر بەشداری جەنگ دەکەن وەک بۆردمانی سوریا لە لایەن ئیسرائیلەوە و بۆردمانی عێراقیش لە لایەن ئەمریکاوە، ئەم بۆردمانانە بۆ هەندێک کاتی پێویست بەکاری دێنن، ئەگینا لە لایەکی ترەوە هەنگاویان ناوە بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و سودوەرگرتن لە ئابوورییان بۆ درێژەدان بەجەنگەکەییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرچەندە ئەمریکا لەدوایی جەنگی دووەمی جیهانییەوە کاتێک بەشداری سەربازی دەکات کاراکتەریی یارییەکان لاوازبن بەئاسانی بتوانن شەرەکە لەبەرژەوەندی خۆیی یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئەم وڵاتانەی لە سەرەوە باسم کرد هەمیشە جەنگەکانیان لەدەرەوەی سنوری خۆیانە، دۆخی وڵاتی خۆیان سەقامگیرە و سەرەڕایی لاوازیی ئابووری ئێران، بەڵام خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ هاووڵاتییانی دابین کردووە، هەرچی تورکیا و ئیسرائیلیشە لەناوخۆیی وڵایدا تاڕادەیەک ئارامە، جگە لە موشەکەکانی حەماس کە هەندێک جار سەربازان و هاووڵاتیانی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج، بەڵام هاووڵاتیانیان خزمەتگوزارییان لە ئاستیکی باشدایە، گرفت ئەوەیە ئەو وڵاتانەی دەستێوەردانی تێدایە بوونەتە دۆزەخێک بۆ هاووڵاتیانی خۆیان و کۆچ تێیاندا بەردەوامە، چونکە ئەم وڵاتانە وەکو ئەفغانستان و عێراق و لوبنان و سوریا و یەمەن و لیبیا و سودان ژینگەیەکی لەبارن بۆ ململانێ، بەهۆیی فرە ئایینی و نەتەوییەوە.

  • 1