ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەکێك لە کەسایەتیە پێشکەوتووەکانی سەدەی ڕابوردوو، کە تا ئێستا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و کتێبی نوێ لەسەر ژیان و تێکۆشان و بیر وبۆچوونە سیاسیەکانی دەکرێت ئەنتۆنیۆ گرامشی بوو. ئەمڕۆ ئەو بە سیاسەتمەدار، بیرکەرەوە، زمان ناس و ڕۆژنامەنووس دیاری دەکرێت.

گرامشی لە شارۆچکەیەکی بچووکی دوورگەی سەردینیا بە ناوی ئالێس لە ساڵی ١٨٩١ دا لەدایك بوو. بەڵام بەگەنجی و بە نەخۆشی زیندانێتی لەلایەن ڕژێمی فاشیستی ئیتالیاوە لە ساڵی ١٩٣٧ دا کۆچی دوایی کرد. لەسەرەتادا ئەندامی حیزبی سۆشیالیست بوو، و لە ساڵی ١٩٢٣ دا یەکێك بوو لە ئەندامانی دەستەی ڕاپەڕێنەری کۆنگرەی جیهانیی کۆمونیستیی. لە ساڵی ١٩٢٤ دا بوو بە سکرتێری حیزبی کۆمونیستی ئیتالیا وپاشان بە پەرلەمانتاری هەڵبژێردرا. هەر لەهەمان ساڵدا ڕۆژنامەی Unita (یەکگرتن، پێکەوەیی، یەکڕیزی) ی دامەزراند.

گرامشی هەر لە منداڵیەوە تووشی زۆر کێشەی ژیان بوو بە تایبەت هەژاری، هەروەها تووشی نەخۆشیەکی تایبەت بوو کە ڕێگای گەشەبوونی جەستەیی لێ دەگرت، هەر بۆیە ئەو مرۆڤێکی باڵا کورت بوو و تەندروستیەکی لاوازی هەبوو. زۆر بە هەژاری خوێندنی تەواو کردوو و هەرگیز ئەو بار و دۆخە لە تێکۆشان دووری نەخستەوە بە پێچەوانەوە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوە بەرەنگاری ڕژێمێ فاشیست و خوێن ڕێژی ئیتالیا دەبۆوە.

گرامشی لەگەڵ چەند هاوڕییەکی تێکۆشانیدا لە ساڵی ١٩٢٦ دا دەستگیر دەکرێ و دووساڵ پاشتر لەلایەن دادگایەکی تایبەتیەوە بیست ساڵ و جوار مانگ و پێنج ڕۆژ حوکمی زیندانی پێ دەدەن. هۆکاری ئەو حوکم دانە تەنها بۆ دوورخستنەوەی کەسایەتیەکی سیاسی و تێکۆشەر و هێندە گەورە و دوورخستنەوە و دابڕانی لە جیهانی سیاسەت و کولتور بوو. پارێزگاری گشتی ئەو دادگا ناڕەوایە بە ئاشکرا لە بواری داواکردنی بە زیندان کردنی گرامشیدا دەڵێ؛

" بۆ ماوەی بیست ساڵ ڕێگریمان لەو مێشکە کرد کە کاریگەر بێت "

گرامشی لە زیندانەوە هەمیشە سەرقاڵی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە بوو، ڕژێمی فاشیستیش ڕێگریی لێ دەکرد و هەوڵێکی زۆری دەدا لە خەڵکی دووربخاتەوە، بۆیە بە ئاسانی ئەو کیتێبانەی دەست نەدەکەوت کە داخوازیان بوو. لەهەمان کاتدا گرامشی لەزیندانەوە چەند نامەیەکی گرنگی ئاراستەی خێزانەکەیی و خزمەکانی دەکرد، لەوانە نامەیەکی زۆر ناسکی ئاراستەی دایکی کردووە لە ساڵی ١٩٢٨ دا، پێش ئەوەی بەیەکجاری بڕیاری حوکمی زیندانیەکەی بەسەردا بسەپێنن.

نامەی ئەنتۆنیۆ گرامشی بۆ دایکی؛

دایکی خۆشەویستم،

بەم زوانە دەمبەن بۆ ڕۆما. تازە دڵنیام. لە ڕێی ئەم نامەیەوە ئاگادارت دەکەم کە ئێرە جێ دێڵم (تا ئەو کاتە گرامشی لە شاری میلانۆ بوو لە باکور). لەبەرئەوە لەمەو دوا نامەم بۆ بنێرە بۆ ڕۆما (مەبەست لە زیندانە) هەتا جارێکی دی دەمگوێزنەوە.

دوێنێ نامەیەکی کارلۆ (برای ئەنتۆنیۆ) م پێگەیشت کە بە مێژووی پێنجی ی ئایارە. بۆی نووسیوم کە وێنەیەکی تۆم بۆ دەنێرێ، زۆر پێی خۆشحاڵ دەبم. ئێستا دەبێ وێنەکەی دێلیۆ (کوڕی ئەنتۆنیۆ) ت پێ گەیشتبێت کە دە ڕۆژێك دەبێ بۆم ناردووی.

دایکی خۆشەویستم، نامەوێ بۆت دووبارە بکەمەوە سەبارەت بە باشیی بار و دۆخی تەندروستی جەستەیی و ئاکارم (مۆرال). لێت دەخوازم کە تۆ ئارام بیت کاتێ هەرچی جۆرە حوکمێکم بەسەردا دەسەپێنن.

هیوادارم کە تۆ باش تێبگەیت ، کە من بەندکراوێکی سیاسیم و حوکمێکی سیاسیم پێ دەدەن، و هەرگیز شەرمەزار نیم لەو ڕێگایەم.

لە ڕاستیدا ئەشێ کە ئەو زیندانیە و ئەو حوکمەی پێم دەدەن هەر خۆم ویستبێتم، چونکە هەرگیز نەمویستووە کە بیر و بۆچوونەکانم بگۆڕم، و هەر بۆ ئەوەش ئامادەم کە ژیانیشم بەخت بکەم، نەك تەنها لە زینداندا. بۆیە من بە ئارامم و خۆشحاڵم بە ڕێڕەوەکانم. دایکی خۆشەویستم، دەخوازم باوەشێکی توندت پێدا بکەم، بۆ ئەوەی بزانیت کە چەند خۆشم دەوێیت و دڵت ئارام بکەمەوە بەرامبەر بەو ناخۆشیەی کە پێم داوی.

ژیان ئاوایە، پڕ لە ئازارە، و هەندێ جار وەچە ناخۆشی زۆر گەورە دەدەن بە دایکیان، گەر بیانەوێ شکۆ و سەربەرزیان وەك پیاو بپارێزن.

باوەشێکی توند.

ئەنتۆنیۆ

هەر زوو نامەت بۆ دەنێرم کە گەیشتمە ڕۆما، بە کارلۆ بڵێ دڵخۆش بێت و زۆر سوپاسی دەکەم. ماچی هەموان دەکەم.

 

 

  • 1