ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەگەر هەتا دوێنێ، خەڵکى هەرێمى کوردستان دید و تێڕوانینیان بۆ شاخەکانى کوردستان تەنها بۆ ئەوە بووبێ کە شوێن و پەناگە و پشتیوانێکى قایم و گەورە بوون لەبەردەم هێرش و پەلامارى دوژمناندا، بێگومان لە ئەمڕۆدا دەبێ بارى سەرنجى خەڵک لەسەر شاخەکان بگۆڕین و لە گۆشە نیگایەکى دیکەوە سەیرى شاخەکان بکەین.

لێرە بەدواوە دەبێ لە دیدێکى ئیکۆنۆمى و تۆریستییەوە تەماشاى شاخەکان بکەین و وەکوو سەرمایەیەکى بەنرخ و گرانبەهاى نیشتیمانى ئەژماریان بکەین.

دان بەوەدا دەنێم, بەهۆى ئەوەى لە ئێستادا کورد لە قۆناغى ڕزگاریى نیشتیمانى دایە، هەروەها بەهۆى زۆرى قەیرانە سیاسى، ئابوورى و کۆمەڵایەتییەکانیشەوە نەى توانیوە ئاوڕ لەو لایەنە گرنگە بداتەوە و شاخەکان بکاتە سەرچاوەیەکى دیکەى داهات بۆ ژێرخانى ئابوورى هەرێمى کوردستان!.

بەڵام لێرە بەدواوە، کاتى ئەوەیە کە دوانەى(خەڵک- حکومەت)، بە دیدێکى ئابووریى و گەشتیاریی نوێوە سەیرى شاخەکانى کوردستان بکەن و هاوشێوەى وڵاتانى ترى دنیا بایەخیان پێ بدەن.

لەو نێوەدا، چیاى هەڵگورد وەکوو بەرزترین چیا لە هەرێمى کوردستاندا، دەبێ وەکوو سەرمایەیەکى میللى و نیشتیمانى ئەژمار بکرێت.

دەبێ بایەخێکى زۆرى پێ بدرێت و ڕۆژێکیشى لە ساڵدا بۆ دیارى بکرێت وەکوو ڕۆژێکى نیشتیمانى سەیرى بکرێت و کەرنەڤاڵ و چالاکى هەمە چەشنیش لەو ڕۆژەدا بەڕێوە بچن.

ئەوەى لەو نێوەشدا بەر لە هەمووان ئەرکى دەکەوێتە سەرشان، فیدراسیۆنى شاخەوانى کوردستانە وەکوو ئۆرگانێکى فەرمى سەرپەرشتیکردنى وەرزشەکانى شاخ و شاخەوانیى لە کوردستاندا.

بە باوەڕى من، فیدراسیۆنى شاخەوانیى کوردستان، پێویستە لەگەڵ پاڕلەمان و حکومەتى هەرێمدا، هەنگاوى جدى بنێن بۆئەوەى بەشێوەیەکى یاسایى، ڕۆژێک لە ساڵدا بۆ چیاى هەڵگورد دیارى بکرێت.

بێگومان دیاریکردنى ڕۆژێک لە ساڵدا بەناوى چیاى هەڵگوردەوە، ئامانج و بایەخى خۆى هەیە.

لەلایەک ڕێز و شکۆ بۆ شاخەکان دادەنرێت. لەلایەکیش سەرنجى خەڵکی بە ئاراستەى شاخەکان ڕادەکێشرێت کە ئەو شاخانە تەنها بەرزایى و دار و بەرد نین، بەڵکوو سامانێکى گەورەى نەتەوەییمانن و دەبێ بیان پارێزین و خۆشمان بوێن.

دیاریکردنى ڕۆژێک بۆ چیاى هەڵگورد، ڕوانگەى خەڵک لەمەڕ شاخەکان دەگۆڕێت و فێر دەکرێن کە ئەو شاخانە سەرچاوەیەکى بەنرخن بۆ پێشخستنى بوارى تۆریسم و وەرزشەکانى شاخ و شاخەوانیى لە کوردستاندا.

دیاریکردنى ڕۆژێک بۆ چیاى هەڵگورد، بازنەى تێگەیشتنى خەڵک بۆ ژینگە و ژینگە پارێزیى فراوانتر دەکات و هۆشیاریى ژینگەیىش زیاتر پەرە دەستێنێت.

بە دیایکردنى ڕۆژێک لە ساڵدا بۆ چیاى هەڵگورد، بەخەڵک دەڵێین، ئەگەر هەتا دوێنى شاخەکان سەنگەرى بەرگریکردن بووبێتن لەبەردەم پەلامارى دوژمناندا، بۆ ئەمڕۆ شاخەکان دەبنە سەنگەرى بەهێزکردنى ڕەوڕەوەى کاروانى ئابووریى و گەشەپێدانى ئیکۆ تۆریسمى شاخ لە کوردستاندا!.

بەهیوام بارى سەرنجى ئێمە لەسەر ئەو بابەتە بە هێند وەر بگیرێت و کارى لەسەر بکرێت.

دڵنیام کارکردن لەسەر ئەو پرسە، بۆ ئێستا و بۆ داهاتووى کوردستان بەتایبەت بۆ بەکولتوورکردنى شاخەوانیى و هەروەها هۆشياريى ژینگە پارێزیى خزمەتێکى بەرچاو پێشکەش دەکات.

  • 1