بەنگین پیرۆت نورى/لەكاتی خوێندنەوە نوسەری خۆت بە

سپێدە، ئەفسونەكەی فەلەكە زۆربەی نوسەرە مەزنەكان هێزی فیزیكی لەوساتە وەختە وەردەگرن،حەز دەكەن بنوسن و بخوێننەوە. لە زۆربەی كاتەكانی ڕۆژ، منیش حەزدەكەم بەیانیان زوو لاپەڕەكانی كتێب قژە زەردەكانی باوەش بە ڕۆحمدا بكات هەر جارە یەكێكمان ناخبۆ یەكتر بكەینەوە، من ئەو بخوێنمەوە ئەویش من بنوسێتەوە.

 بەیانیان هەستەكان ئارامترن، جەستە و مێشك حەساوەیە،دوێنێ لەبیر دەكەین و ئەمڕۆمان ڕوونتر دێتە بەر زەین،لاپەڕەی كتێبەكەی ناو باوەشم و قەڵەمی ناو پەنجەكانم،وا لە وشەكان دەكەن خۆش و جوان و بە چێژتر سەمای تێگەیشتن لەگەڵ زمان و هزرمان دا بكەن. من هەست دەكەم كتێبەكە لەگەڵم دەدوێ و پێم دەڵێ من هاوڕێتم تۆش خۆت بە،بۆ خۆت بژی منیش لەگەڵ خۆت بهێنە ناو ژیانەوە با ژیان بكەم. هەست دەكەم هەروەك بەیانیان، بێدەنگی درەنگی شەوان جادویەكی بەهێزە بۆ قوتدان و ڕامانی مرۆڤ، هەردووك ساتەوەخت بۆ من دەبن بە تنوكی شەو و ئاوەنگی سپێدە.

نوسەری ڕاستەقینە، حەز دەكات هەمیشە لە دوای خوێندنەوەی دەقێك، تێڕامانێكی قوڵ لەگەڵ بیر و خەیاڵی خۆیدا بكات و جیاواز لەو دەقەی خوێندویەتیەوە دەقێك بنوسێت. كە حەز بكەی بخوێنیتەوە ڕەنگە حەزیش بكەی بنوسیت، مەرجیش نیە حەز بكەیت ببیت بە نوسەر. بە بڕوای من خۆت لەو وشانەدا دەبینیتەوە كە دەیان نوسیت و نوسینەكەشت وەك نوسینی نوسەرێك لای خۆت گرنگە. چەند حەز بكەیت ئەوانی دی بخوینیتەوە هێندەش حەز دەكەیت خۆت ناخی خۆت بۆ ئەوانی تر بنوسیتەوە. مەرج نیە لەو نوسینانەدا خۆت ببینیتەوە كە دەیان خوێنیتەوە،هەروەك مەرجیش نیە نوسینەكەت جێگەی ئەو نوسینانە بگرێتەوە كەسانی دی نوسیویانە و كەسانی دی دەیان خوێننەوە. زۆر نوسین هەیە لەلایان كەسانێك نوسراوە لە تۆ زیاتر زانیاری پێیە و لە تۆش باشتر دەركی بە شتەكان كردوە، هەر ئەمەشە وا دەكات نوسینی ئەوانی دی لە نوسینەكەی خۆت بە چێژ تربێت و هەوێنێكیش بێت بۆ نوسین و خوێندنەوەی باشتر و زیاتر.

زۆر جار، بێزاری و وەڕەزی ناخمان دەهاڕێت، خوێندنەوەی كتێبیش دادمان نادات و ناتوانێت لە كابوسی بێ تاقەتی ڕزگارمان بكات، بەڵام نوسین بەشە وورد بووەكەی ناخمان كۆدەكاتەوە. تۆ كە خۆت وون كردبێ چۆن دەتوانی لە ڕێگەی خوێندنەوەی نوسینی ئەوانی دی خۆت بدۆزیتەوە!بۆیە كە بە بیری خۆمان خەیاڵ و بیری هاڕدراوی خۆمان كۆكردەوە ئەوسا دەتوانین و بەلامانەوە ئەستەم نیە ناخ وێران و شكاوی ئەوانی تر لە ڕێگەی خوێندنەوە بە یەكەوە بنوسێنینەوە، چونكە پێش ئەوانی تر دەبێ، خۆمان بنوسینەوە پاشان هەر خۆشمان خۆمان بخوێنینەوە، تا خۆمان پێش ئەوانی تر لە خۆما تێبگەین و خۆمان بۆ خۆمان بە نوسین و خوێندنەوەی خۆمان، خۆمان دروست بكەینەوە.

هەروەك چۆن خاڵی هاوبەش لەم ژیانە هاوبەشەدا كۆی كردونیەتەوە، خاڵی هاوبەشیش لەنێوان نوسەرو خوێنەرد اهەیە، نوسەر بۆ خۆی دەنوسێت، خوێنەریش بۆ خۆی دەخوێنێتەوە، لە دواجاردا نوسینەكەی نوسەر، خوێنەر دەبێتە خاوەنی، بۆ نمونە چیرۆكی ڕوداوێك لەناو ڕۆمانێكدا، نوسەر كارەكتەرێكیبۆ دروست دەكات كارەكتەرەكە ئەگەر خودی نوسەریش خۆی بكاتە كارەكتەر، هەر خودی خوێنەر خاوەنی ئەو دەقەیە، چونكە نوسەر بۆ خوێنەری نوسیوە، ڕەخنە و تێبینی خوێنەریش گریمانە ناكرێ، بوونی ڕەخنەیە وا دەكات بڵێم خوێنەر خاوەنی دەقی نوسینی نوسەرە.

تۆ بەیانیان بنوسە منیش ئێواران دەتخوێنمەوە، یان بەیانیان زوو هەستە لە خەو ئێوارانی من بخوێنەوە.