ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاوڕێ قەیس/كاتی هاتووە ئاوڕێك لەگەل بدەنەوە

لەدوای رووخانی رژێمی دیكتاتوری بە عس و لەگەڵ ناكۆكییە ناوخۆییە خێڵەكی و مەزهەبی و نەتەوەییە نیشتەجێبووەكانی نێو خاكی عێراق  و زۆر نیمچە دیكتاتۆر و رەهبەرە مەزهەبییەكان خۆیان بەحكومەت و خاوەن حەق بەحكومڕانی عێراق دەزانی، بەڵام دوای لەگۆڕنانی رژێمی دیكتاتۆری بەعس و رێككەوتنی سیاسی لەتەواوی مەزهەب و نەتەوەو كوتلە سیاسییە، براوەكان توانرا حكومەتێكی تەوافقی بەناوی حكومەتی فیدراڵی پێكبهێنرێت،  كە دوایین كابینەیان حەیدەر عەبادی بووە سەرۆك وەزیران. ئێستا لەگەڵ بەردەوامی قەیرانە سیاسی و ئابووری و مەلەفی تیرۆرو شەڕە مەزهەبییەكان و دوای چەندین خۆپشاندان و هاتنە سەرشەقامی خەڵك و هێزە پێشكەوتووخوازەكانی عێراق،  عەبادی ناچار كرا ملبدات بۆگرتنەبەری  نەخشە رێگایەكی چاكسازی و دواجار ئەو جورئەتەی كرد و چەند بەرپرسێكی بێ ئەرك و چەند وەزیرێكی گەندەڵ و ئیش لەبەرنەڕۆیشتوی ناردە ماڵەوەو چەندینیشی رووبەڕووی دەستەی بەدواداچوون (نەزاهە) و یاسا كردەوە.  لەگەڵ تێبینیم لەسەر تەواوی بڕیارەكانی و نا عەدالەتی یاساو سەروەرنەبوونی یاسا لەعێراقدا، بەڵام دەشكرێت بڵێین" جورئەتی كرد و ئەوەی كرد كە خۆپیشاندەران داوایان دەكرد.  دەكرا دوای (23) ساڵ حكومڕانی لەكوردستانیشدا لەبری كۆبوونەوەی داخراو بۆ دابەشكردنی كورسی و پلەو پۆست، (5) حزبەكە بۆ ئەوەی ئەم میللەتە لەتەواوی قەیرانەكان رزگاربكەن و دەستی گەندەڵی لەبینەقاقای ئەم حكومەتە بكەنەوە، تەنها دوو كۆبوونەوەی بۆ كاراكردنی دەستەی نەزاهە بكردایەو تەنها تاكە گەندەڵێكی دوای (23) ساڵ حكومڕانی بەدادگا بگەیاندایە،  ئارامیەكی بەدڵی گەل بدایە و خۆیشی لەم فەشەلی سیاسی و ئابووری قەیرانانە رزگاربكردایە، كەتەواوی كەرتە خزمەتگوزارییەكانی وەستاندووە.  ئیتر كاتی هاتوە لەبری خۆڵكردنە چاوی خەڵك و شەڕی پۆست و كورسی، ئاوڕێك لەگەل بدەنەوە، دەنا وەك بوركان بەڕووتاندا دەتەقێتەوە.