هادی كوڵكنی /هەر بەڕاست بزووتنەوەی گۆڕان تەنها لە كابینەدا بەشداربوو

لەم شەوانە دا ئەندامێكی جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی ئێمە تەنها بە كابینە بەشداربووین لە حكومەتی هەرێم دا ئەم قسەیە دەگونجێ لە مجلیسێكی بچوكی ماڵاندا بگوترێت و تاحەدێك بڕوا پێهێنراوو بێت چونكە قسەی ئەووجۆرە مجلیسانە نە بەدیكۆمێنت دەكرێت و بۆ رٍێزگرتن لەكەسی خاوەن قسە نە زۆریش لەسەری دەڕۆن .. دەشگونجێ دانیشتوانی ئەوو مجلیسە زۆر سەریان لە سیاسەت نەخورێت و یانیش بە باسكردنی سیاسەت ئەسڵەن هەر خۆشیان نەیەت ... بەڵام دەبوو ئەم بەڕێزە هۆشی لای ئەوە بوایە كە لە كەناڵێكی ئاسمانی قسە دەكات و بە دیكۆمێنت دەكرێت و بە سەدانیش خەڵكی خوێنەوار و ڕۆشنبیر و نوسەر و یاسا زان لە بواری دەوڵەت داری و سیاسی و هەتا دوای بینەر و بیسەری دەبن و بەوو شێوە زەقیە نەدەبوو خۆڵ لە چاوی خەڵك بكات و خەڵك بە كەم زان نەزانێت ... من لێرە دا هیچ لە سەر چۆنیەتی بەشداری كیانە سیاسیە كان لە حكومەتەكان و جۆری بەشداری و بەڕێوە بردنی حكومڕانی ناڵێم بە ئیشی خۆمی نازانم ولەم باسەیشمدا بۆم مەبەست نیە ..ئەوەی بۆم مەبەستە ئەوەیە وەبیری ئەم جەنابەی بهێنمەوە كە لەسەردەمی (معارەزەبونی ) جەنابیاندا و لە كابینەی (حەوتەمی ) حكومەتی هەرێم دا ژمارەیەك حزبی تێكۆشەر بەشداربوون و جەنابیان تۆمەتی پاشكۆیەتیان دەخستنە پاڵ و لەبەرەی گەندەڵان دا ناوزەندیان دەكردن و دەهۆڵی كلكایەتیان بۆ دەژەندن و بانگیان دەكردن بۆ بەرەی گەل .ئەگەر ئەوو حزبانە یەكی بەوەزیرێك بەشداربون جەنابتان بە وەزیرانێك بەشدارن و هەروەك جەنابیشتان تەنها بەوەزیرێكی بێ وەزارەت بەشداربوون ئەی ئەوو كات بۆچی ئەم جۆرە لەبەشداربوونی حكومەتدا بۆ ئەوان بۆ تەفسیر نەدەكرد ..یاخود تا ناردنەوەی وەزیرەكانتان بۆ ماڵەوە ئەمجۆرە لە بەشداربونەتان بۆ خەڵك بۆچی ڕوون نەكردەوە ..یان لەسەرووبەندی دابەشكردنی كورسی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و كورسی سیاغەكردنەوەی دەستوور و پێك هێنانی وەفدی حكومی بۆ بغداد ..بۆچی شعووری ئەم جۆرە تەفسیرەتان غیاب بوو ..؟ بۆچی بەشداربونی ئەوان لە بەرەی گەندەڵان هەژمارتان دەكرد و بەشداربونی خۆتان بە چوارساڵی ئارامی پێناستان كرد..؟ قسەكە لێرە دا ئەوەیە ئایا بەڕاست قسەی ئەم بەڕێزە خوێندنەوە و تەفسیری تەواوی بزووتنەوەی گۆڕانە ..یاخود ڕەئی كەسیەتی خۆی ..؟ هەركامیان بێت لای منیش و تەواوی ڕۆشنبیران و تەواوی كۆمەڵگای كوردی جێگای تێڕامان دەبێت ... و پرسیار گەلێك ڕوو بەڕووی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و جەنابی دەبێتەوە ... ئایا مژدەی چوار ساڵی ئارامی بۆ خەڵكی كوردستان چەواشەكاری بوو یان خۆ گێل كردنتان .؟! یاخود پێچەوانە شكایەوە و كاتێك هەستان پێكرد چێژی دەسەڵات هۆشی بردبوون .؟! یاخود هەر لە سەرەتاوە بازنەی دەسەڵات تان بۆ كێشرابو و جەنابیشتان ڕازی بوون بە بەشداریكردنێكی تەنها كابینەیی ... لێرەدا ئەركی هەم چڤات و هەم جەنابیەتی وەڵامە ڕوونەكە بداتەوە ئایا بەشداریەكی فعلیان هەبوو بەڵام هەیچكام لە بەڵێنەكانیان بۆ خەڵك پێ جێ بەجێ نەكرا ..؟! یان بەڕاست تەنها بە كابینە لە حكومەتی بنكە فراواندا بەشداربون

هادی كوڵكنی/ تەجرووبە كراون هەردوو كاك (مەروان و هەورامان ) و حزبەكەیشیان!

 

ئەو رەفتارەی دوێنێی فراكسیۆنی كۆمەلأ لام هیچ گرنگییەكی نەبوو، چونكە هەم هاوڕێم ئەبوكاروان باش دەناسم، كەخەڵكانی گەنكە دەرەقەتی ئیرادەی نایەن و هەم ئەم هەڵوێستە جوان بڕاوە بەباڵای ئەم دوومرۆڤەدا!!! بۆئێمەی نیشتەجێی ژێرسایەی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری چەند ساڵێك حكومڕانی كاك مەروان و كاك هەورامان و حزبەكەیان، هیچ غەریب نییە، ئەمە تەنها گەلەكۆمەیەكی نێو هۆڵی پەرلەمانە. لەچەند ساڵێكی حكومڕانێتیان لەسنوری قەزایەك و دوو ناحیەی هەڵەبجەو هەوراماندا، زۆر رەفتاری نەشیاوی كوشتن و زیندانیكردن و بەیعەت بەزۆر پێدان و هەڵكوتانە سەر ماڵی خەڵكی پێشكەوتووخواز و كادیری لایەنەكانی ترو بەزۆر رەوانەكردنی خەڵك بۆمزگەوت و قەدەغەكردنی كردنەوەی ئاگری نەوزرۆز لەهاووڵاتیانی ژێر دەسەڵاتیان، لەهەرە جوانترین كرداری پڕ ئەقڵ و مەنتیقی ئەم برایانەو دەسەڵاتەكەیان بوو، ئیتر بۆدەبێت من و هاوڕێكانی تری ئەبو كاروان و ئازادیخوازانی ئەم نیشتمانە دڵتەنگ بین، بەو رەفتارەی ئەمڕۆیان لەنێو پیرۆزترین جێگای نیشتمانەكەماندا، كەنێو هۆڵی پەرلمەانە، كەچەندینی وەك ئەبوكاروان خێزان و جگەرگۆشەو گەنجی خۆیان لەپێناو هێنانەدی ئەم پەرلەمانە كردە قوربانی، كەئەوان تێیدا لەپەنای وتنی دیكەدا داكۆكی لەگرووپێكی دڕندەی وەك خەلافەتی ئیسلامی لەعێراق و شام بكەن، كەچەندین پێشمەرگەی ئازاو كوڕە هەژاری ئەم نیشتمانەیان شەهید كردووە؟!! بۆمن ئەسەفەكەی لەوەدایە، كە ئەم جۆرە مرۆڤانە لەوەها جێگایەكی پیرۆزدا جێگەیان بووەتەوەو میللەتیش لەئاست هەموو سوكایەتیەكانیان بێدەنگە! هەموو كردارێكی لەم جۆرە لەلایەنەكانی تر ڕووبدات، لای ئەمان هێڵی سورەو بۆخۆیان گڵۆپی شین هەڵكراوە؟! دەنا رۆژی چەندینجار لەم شێوە رەفتارەیان لێ دووبارە ببێتەوە، لای من زۆر ئاساییە، چونكە لەسنورەكەی من ئەمان و دەسەڵاتیان تەجرووبە كراون و دەشبێت شوكر بین بەمە! خوابكات نەچنەوە سەر رەفتاری توندڕەوی سەردەمی حكومڕانیان! هەرچەندە پێموایە پارەو پۆست نەبووایە ئەم دوو برایەو زۆرێكیتریان ئێستە لای مەلاشوانی هاوڕێیان دەبوون.                                                  

هادی كوڵكنی/ هەڵوێستی ئەبو كاروان لەنێوان ئیستیفزاز و دەستخۆشیدا

لەكۆبوونەوەی 23/6/ 2015ی پەرلەمانی كوردستاندا هاوڕێ ئەبوكاروان كەبەشداربوو تیایدا راستگۆیانەو بێ پەردە رای نەگۆڕو لەمێژینەی حزبی شیوعی راگەیاند، بێ ئەوەی ویستبێتی تەرەفگیری هیچ لایەك بكات و دژی هیچ لایەكیتر بووەستێتەوە، بەڵكو تەنها ویستی سیاسەت و باوەڕی حزبی شیوعی بخاتەڕوو.  ئەم حزبە هەر لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە19/5/1992وە دوور لەهەر موزایدەیەكی سیاسی دژ بەسیستەمی سەرۆكایەتی وەستایەوەو لەكۆنگرەی پێنجەمی خۆشیدا لەتەمموزی ٢٠١٢ دا بڕیاریدا كە تێبكۆشێت بۆچەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی لەهەرێمی كوردستاندا. هەمیشەش نێوەندگیری هیچ بیروڕایەكی لایەنە سیاسییەكانی نەكردەوە، ئەگەر پێچەوانەی فكری و سیاسەتی داڕێژراوی نێوان دوو كۆنگرەی بووبێت، كەوابێت بەشداری و پێشكەشكردنی وتەكەی ئەبوكاروان لەكۆبوونەوەی 23/6/دا پەرلەماندا نەوەستانەوە، بووە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و نەتەرەفگیری بووە بۆچوارحزبەكە، بەڵكو تەنها ئەركی سیاسی و فكری خۆی بەجێگەیاندووە، ئیتر بۆ دەبێ هەڤاڵانی هاوپەیمانمان لەپارتی دیموكراتی كوردستان بەدژە خۆی ئەم هەڵوێستەی ئەبووكاروان شرۆڤە بكەن، لەكاتێكدا چەندینجار ئەم حزبە بڕیاری لەبەرژەوەندی ئەوو حزبە داوەو زۆرجاریش كاریگەری لەسەر پێگەی سیاسی و جەماوەریمان كەوتووەتەوە، بەڵام مادام هەڵوێستەكەمان لەبەژەوەندی گشتی بووەو لەگەڵ سیاسەتی داڕێژراومان هاتووەتەوە، لەهەروتنێك باكمان نەبووە. هیچ وەختێكیش نەداوای سوپاس و نەقەرەبوومان ویستوە لەم پارتە تێكۆشەرەی هاوپەیمانمان، هەربۆیەش ئێستە حەق نییە ئەوان وا مامەڵە، یان هەڵوێست وەربگرن لەئاستمان، كە ئەمە تەنها مەبەستم لەمانەوەی هاوپەیمانیەتیەكەمانە، ئەگەرنا بێ باكین لەهەر هەڵوێستێك و پێیشمانوایە وەك لەسەرەوە ئیشارەم پێكردووە ئەوە تەنها بەجێگەیاندنی ئەركی شیوعییانەی ئەبو كاروان بووە، هەربۆیەش سەرباری هەبوونی رێزی زۆرم بۆسوپاس و پێزانینەكەی كاك زانای یەكێتی و كاك سۆرانی كۆمەڵ، دەنا پێویستیش بەو سوپاسە ناكات، بەڵكو هەم چوار حزبەكەو هەم پارتی تەنها رێز لەئیرادەی كەمترین دەنگ بگرن لەكاتی بێ منەتیتان بە هەر دەنگ و كورسییەكی خۆتان گوتەنی" حزبە بچوكەكان.