ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دلێر كەریم/ ئەبو ڤیان دەنووسێت" دزییەكی ناڕەوا، لەپێناو كارێكی رەوا

لەساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دڕندەیی رژێمی بەعس گەیشتبووە لووتكەو ئەو رژێمە دەستی لەهیچ تاوانێك دەرهەق بەنەتەوەی كوردو گەلانی عێراق نەپاراست. شاڵاوی ئەنفال و كیمیابارانكردنی خەڵكی كوردستان، لەساڵی 1988 بۆ سڕینەوەی كورد بوو لەعێراق، بەڵام ئەم پەلاماردانانە سەرەڕای ترسناكیان چۆكیان بەخەڵك و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دانەدا. لەوكاتانەشدا مەفرەزە پارتیزانەكانی حزبی شیوعی كوردستان لەناوچەی گەرمیان درێژەیان بەخەباتی خۆیان دەداو بە پێچەوانەوە ئەوان بوونە هۆی مەترسی بۆپیاوانی رژێمی بەعس. قارەمانێتی و گیانبازی پێشمەرگە پارتیزانەكانی گەرمیان بەهاوكاری دۆست و لایەنگرانی حزب بووە قوتابخانەیەكی نوێی خەبات.  لەڕۆژگارێكدا بەعس شەڕی لەگەڵ سێبەرەكەی خۆیدا دەكرد، پارتیزانەكان رێگای هەندەران و هەڵهاتن لە نیشتیمانیان كردە قوربانی لەپێناو مانەوە لەگەرمیانی سوتماكداو بە بەعسیان گوت" ئێمە لێرەین و مردن هەڵدەبژێرین و سەرتان بۆ دانانەوێنین".

لەوكاتانەدا مەفرەزەی پارتیزانی شەهیدان ئەبوڤیان و ئەحمەد بازۆكە بۆ وێنەگرتن ناچار دەبن دوكانی وێنەگرێك لەناحیەی (صمود) ببڕن و هەندێ كامێراو فیلم ببەن، بۆئەوەی بتوانن وێنەی هاوڕێیانی پێ بگرن و بتوانن ناسنامە دروستبكەن و بەدووربن لە گێچەڵی بەعسییەكان. لەكاتی بڕینی وێنەگرەكەدا نامەیەك جێدێڵن و دەنووسن" ئێمە دز نیمان، ئەم كارە ناڕەوایە دەكەین لەپێناو كارێكی رەوا". لەكۆتاییشدا هاوڕێ ئەبوڤیان دەنووسێت" دزێكی بەوەفا". لە دوای تەنها 16 رۆژ بەسەر ئەم رووداوەدا هەموو ئەو شتانە بۆخاوەن دوكانەكە دەگێڕنەوە، وەك خاوەن دوكانەكەش ئاماژەی پێدەكات ئەوان لەو ماوەدا نازانن چۆن وەڵامی بەعسییەكان بدەنەوە، كە ئەوە چۆن روویداوە. ئاماژە بەوەشدەكات لەكاتی هێنانەوەی شتەكاندا خۆیان وایانزانیوە 14 پارچەیە، كەچی 18 پارچە بووە، بەڵام بەداخەوە لەدوای نزیكەی دوو مانگ شەهیدان ئەبوڤیان و ئەحمەد بازۆكە بەچاوساغی سیخوڕەكانی بەعس و لەهەمان ناحیە دەكەونە بۆسەی بەعسییەكانەوەو ئەبوڤیان شەهید دەبێت و ئەحمەد بازۆكەش بە برینداری دەگیرێت و لەپاشان لەسێدارە دەدرێت، بەبێ ئەوەی ناوی یەك كەس لەهاوڕێیان بێنێت.  لەدوای راپەڕینەكەش رێكخستنی رزگاری سەردانی ئەو خێزانە دەكات و ئەوانیش بۆیان دەردەكەوێت رووداوەكە چۆن دەبێت.

  • 1