غەمگین بۆڵی/ نووسین و سێكس

بەشێكی زۆری ژیانم تەرخان كردووە بۆ بەستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پەیڤ و خەیاڵ. هەمیشە بڕوام وایە پەیڤەكانی ناو نووسین، بەبێ بارگاویبوونی خەیاڵ هیچ بەها و مانایەكیان نابێت، تەنانەت وێنەیەكیش لەلای خوێنەر بەجێناهێڵن. بڕوام وایە، ئەگەر كۆمەڵە پەیڤێك بەبێ مەبەست لە دوایی یەكەوە ڕیز بكرێن، هیچ مانایەك بە خوێنەر نادەن. جارێك ئەوەم تاقیكردۆتەوە، كاتێك كۆمەڵە پەیڤێكی زۆرم لەسەر پارچە كاغەزی بچووك بچووك نووسی و خستمنە ناو قۆدییێەكەوە، دواتر بە بێ سەیركردن دانەیەك لە پارچە كاغەزە لوولدراوەكەم دەردەهێنا و دەمكردەوە و پەیڤەكەم دەنووسی. بەمشێوەیە ئەمەم دووبارە و دووبارە دەكردەوە. لە كۆتاییدا، پەیڤە ڕێزكراوەكان هیچ مانایەكیان نەبوو. بەڵام ئەگەر پەیڤەكان بارگاوییكران بە خەیاڵ و ئەو وێنانەی لە زەینی نووسەرەكەدا هەن، مانایەك لەلای (كەسی وەرگر ) جێدەهێڵێن.

ئێستایش كە دەنووسم، قەت بیر لە وەسفی رووتی تاكە پەیڤی ناكەمەوە. ڕستە وەك شەمەندەفەرێك بە گڕ دەخەم، تاكوو ڕێچكەی ڕاستەقینەی خۆی وەربگرێت. زۆرجار وەها دەلوێت كە لەناو جەنجاڵی ژیانیشدام، كەچی هەر خەریكی پەیوەندییەكانی نێوان پەیڤ و خەیاڵم. لە ماڵەوە نیگای چاوم دەخەمە سەر كتێب و دەست بەسەر كتێبەكاندا دەخشێنم. لاپەڕەكانیان دەكەمەوە و بۆنی لاپەڕەكانیان دەكەم. ئەم هەستی دەست لێخشاندنەوە، ئەم هەستی بۆنكردنە، دەمگەڕێننەوە بۆ هەمان خەیاڵە ئیرۆتیكییەكانی هەرزەكایی، دەمگەڕێننەوە بۆ زەمەنی پڕ حەزی هەرزەكاریی. لەوێوە دەرك بەوە دەكەم، كتێب و ئافرەت لە زۆر ڕوانگەوە لەیەك دەچن.

ئێستا تەواو دەركم بەوە كردووە، كە نووسین و سێكس پەیوەندییەكی بەهێز لە یەكتریان كۆ دەكاتەوە. پێموایە كردەی نووسین و كردەی سێكسی لە زۆر روانگەوە لەیەك دەچن. وەك چۆن لەم كردەیەدا ناتوانرێت نووسین بە كات و زەمەن و رۆژگار و تەمەنێكەوە ببەسترێتەوە، وەها و بگرە زیاتریش كردەی سێكسی نەكاتی دیارە نە رۆژگار، زەمەنەكانیش ڕەتدەكاتەوە و تەمەنیش بە پێوەری خۆی نابینێت. وەك چۆن گڕێك لەناوەوەدا بڵێسە دەكات بۆ نووسین، وەهایش ئاگرێكی بەتین بڵێسە دەكات بۆ كردەی سێكسی. وەك چۆن كردەی نووسین وەرزشێكیشە، كردەی سێكسیش وەرزشێكە. وەرزشی كردەی نووسین، وەرزشێكی هزرییە، وەلێ وەرزشی كردەی سێكسی جەستەیشە. وەك چۆن كردەی نووسین بۆ بەرەو پێشەوەچوون و گەیشتن بە ترۆپك، پێویستی بە (تەكان) هەیە، وەهاو بگرە زیاتریش كردەی سێكسی بۆ گەیشتن بە ترۆپكی توانەوە و دامركاندنەوەی بڵێسەی ئەو ئاگرە، پێویستی بە (تەكان) هەیە. (تەكان) ڕۆڵی كارا دەبینێت لە هەردووك كردەكەدا. لە كردەی نووسیندا پێویستمان بە كەسی بەرانبەرە – كەسی بەرانبەر وەك خوێنەر- بۆ ئەوەی كردەی نووسینەكە تەواو بێت. لە كردەی سێكسیدا پێویستمان بە كەسی بەرانبەر – كەسی بەرانبەر وەك ڕەگەزی بەرانبەر- هەیە بۆ ئەوەی كردەكە تەواو بێت. نە كردەی نووسین بەبێ خوێنەر مانایەكی هەیە، نەكردەی سێكسی بەبێ رەگەزی بەرانبەر واتایەكی هەیە. دەشێت (خۆخاڵی كردەوە) هەبێت، بەڵام ئەو (خۆخاڵی كردنەوە) ناچێتە ناو پرۆسەی كردەكانەوە. بۆ گەیشتن بە كردەی سێكسی و گەیشتن بە عەشق، پێویستمان بە قوربانی و شەونغونی و ماندووبوون هەیە، لە بەرانبەردا لە كردەی نووسینیشدا، بۆ گەیشتن بە كردەی راستەقینەی نووسین و ئەو عەشقە قووڵە، پێویستمان بە شەونغوونی و قوربانی و ماندووبوون هەیە. ئەو سێكسەی بە بێ بوونی عەشقێكی قووڵ ئەنجامدەدرێت، وەك مەرەگەیەكی بێ خوێیە. ئەو نووسینەی بە بێ بوونی هزرێكی قووڵ دەنووسرێت و بڵاودەكرێتەوە، وەك نانێكی بێ خوێیە. ئەو عەشقەی لە نووسیندا هەیە، هەرچەند شەونغونی و قوربانی و ماندووبوونی تێدا بێت، ئەوەندە ئاسۆكانی كردەكە روونتر و گەشتر دەبن. عەشقی بێ قوربانی وەك جەستەی بێ رۆح وەهایە. عەشقی بێ شەونغوونی وەك كەلوپەلی بێكەڵك وەهایە. ئەو عەشقەی بە بێ ماندووبوون بە دەستی دەهێنیت، عەشقێكی بێ لەززەتە و وەك كردەی (خۆخاڵی كردەنەوە)یە.

غەمگین بۆڵی/ ئەقڵانیەتی زیندانیكراو، بەناوی ئەقڵانیەتی ئازادەوە

 

"بەگوێرەی یاسای ئەقڵ، هیچ كارێك بە بێ هۆ ئەنجام نادرێت"

ئەلبێر كامۆ

نووسیارگەلێكمان هەن هەمیشە لایان وایە بەرگی كلاسیكییان زۆر دەمێكە فرێ‌ داوەتە چاڵە قووڵەكانی ئاگایییەوە و بەرگی مۆدێرن بەباڵایاندا دەبرسكێتەوە، وەها بولبوولی نێو قەفەزی خەیاڵیان دەفڕێنن. ئاخر ( فۆكۆ) هەمیشە بە دیدگەیەكی ڕەتكارەرەوەی تێڕوانی بۆ شتەكانی دەوروبەری دەكرد، لەبەرامبەر هەموو كردەیەكی ئامادەكراودا دەیگوت: (( نا )). تەنانەت ( فۆكۆ) لەبەر ئەوەی نەك هەر بەرگی كلاسیكی فڕێدا، بەڵكو بێزاریش بوو لە مۆدێرنەیش! دواجار تەواوی ڕەهەندەكانی مۆدێرنەیش ڕەتدەكاتەوەو بەدیدگەیەكی تر پێشتوازی لە پۆست مۆدێرن دەكات. ئەگەر ئەم راڤەیە بۆ بیریارێكی وەك ( دێریدا)یش بكەین دروستە. نووسیار ئەگەر خۆی لە هەموو ئایدیالیستییە دیاریكراوەكان و كولتوور و ئایین و سیاسەتێك لە تێهزرینی خۆیەوە رزگار نەكرد، باشتر وایە نەنووسێت. ئازادی لە شادەمارەكانی نووسیار بە بێ بوونی خۆ دەربازكردن لە هزری باوەوە هاتووچۆی ناكات. هیچ كاتێك ناتوانین بە هزری نوێگەریانەوە بیر بكەینەوە! هیچ كاتێك ناتوانین خۆمان لە كردەی ئامادەكراو رزگار بكەین! هەتاكو خۆمان لەو تێهزرینانە رانەماڵین كە لە منداڵییەوە مێشكمانی تەنیوەتەوەو دیوارەكانی بیركردنەوەی بە قوڕی باو سواغ داوە. هەڵبەتە بۆ گەیشتن بەمە، پرۆسەیەكی قورس و تاقەت پڕوكێنە. نووسیار نالوێت بانگەشەی بیری ئازاد بكات و ئافرەتەكەی زیندان بكات، یان هەموو ئازادییەكی لێ‌ داگیر بكات. نووسیار هەیە تەنیا بیر لە ئازادی جەستەی ئافرەت دەكاتەوەو دەرگەی ئازادی ئەقڵی بەسەردا دەخات. نووسیار هەیە، بە ئەقڵییەتێكی سواوەوە مامەڵە لەگەڵ ژنەكەیدا دەكات. هەموو مافێك بۆ پیاوبوونی خۆی بە ڕەوا دەبینێـت، لەبەرامبەردا مافە سەرەتایییەكان بەبیانووی ژنبوونەوە لە ژنەكەی داگیر دەكات. واتە ژنەكەی دەبێت سێبەری ئەو بێت. هەمیشە لەبەرامبەر بڕیار و بۆچوونەكانی پیاوەكەیدا وەڵامەكانی بە (( بەڵێ )) بێت. بەشێكی زۆری پیاوانی خۆرهەڵات هەرچەند بانگەشەی ئازادی دەكەن، وەلێ زیندانییەك لە ناوەوەیاندا بوونی هەیە! واتە دواجار ئەم زیندانییە هەر دەمێنێتەوەو ڕزگاربوون لێشی سەخت دەبێـت! پێم وایە پشكی زۆری ئەمە بەر نووسیارەكان كەوتووە.

یەكێك لە گرفتەكانی كۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە: كەوا چەمكی ئازادی تێكەڵ بە چەمكی ( بەرەڵڵایی ) سەرەڕۆیی دەكەین. لێرەدا دەزگەكانی ڕاگەیاندن فاكتەری سەرەكی ئەم تێكەڵ و پێكەڵكردنەن. ئەگەر بشێت هەموو نووسیارێكی مەزن ئافرەتێكی پشت بێت، وەلێ‌ ناشێت هەموو ئافرەتێكی مەزن پیاوێكی شیاوی هەبێت، یاخود پیاوێكی مەزنی لە پشت بێـت. ئاخر دواجار لە نێو ئەقڵانیەتی ئەم نووسیارانەدا هەمیشە زیندانییەك بوونی دەبێـت بۆ زیندان كردنی ئافرەت. دەلوێت وەها ڕاڤەی ئەمجۆرە نووسیارانە بكەین كە ئەمانە تەنیا لەم كاتانەدا نووسیارن،كە دەنووسن! نووسیاربوون هەموو شتێك لە ئەقڵانییەتی خۆیدا كۆبكاتەوە، لەوە بەدەرە كە ژنەكەی لە ماڵ زیندانی بكات و ئازادییە سەرەتایییەكانی لێ‌ قەدەغە بكات. هەروەك ئاماژەشمان بۆی كرد زیندانی تەنیا لە رووی جەستەیەوە نییە، ئاخر زیندانی ئەقڵ زۆر سەختترە لە زیندانی جەستە. ئەمجۆرە نووسیارانە كەوا لە نووسینەكانیانیشیاندا بانگەشەی یەكسانی نێوان هەردووك ڕەگەز دەكەن و ئازادی لە نووسینەكانیاندا دەتكێت، ئەمانە نووسیاری ساختەن! ئازادیش تەنیا لەناو نووسینیاندا بوونی هەیە، ئەمانە لە پشتی نووسینەوە جیاوازن لەناو پرۆسەی نووسیندا. ئەو نووسیارانەی تەنیا لەكاتی نووسین نووسەرن، مرۆڤی جەللادنن! جەللادبوون هەر ئەوە نییە كە مرۆڤێك بەهەر بیانوویەكەوە بێـت بكوژیت. ئافرەت بۆ ئەوەی لەمانای زیندانی كردنی ئەقڵی خۆی تێبگات، پێویستە بزانێـت بۆچی بێدەنگە؟ ئەم بێدەنگییە هەتاكو كەی شیاو؟ من پێم وایە كارەساتی ئافرەت لەم دیدگەیەوە بێدەنگبوونەكەیەتی. ئەگەر زیندانی ئەقڵیش بۆ ئافرەت بوونی هەبوو، ئەم زیندانییەش لەلایەن كەسێكەوە بێـت كە بانگەشەی ئازادی و یەكسانی نێوان ڕەگەزەكان دەكات، باشتر وایە ئەم ئافرەتە بەر لەهەر شتێك خۆی لەم پیاوە رزگار بكات. كارەساتی كۆمەڵگە دواكەوتووەكان بەپلەی یەكەم نووسیارە سەختەكانن. ژن ئەگەر هەستی بە زیندانی ئەقڵ كرد لەلایەن مێردەكەیەوە، پێویستە بێدەنگ نەبێـت، چۆن بوونی ئەم بێدەنگییەیە ئافرەتی گەیاندۆتە ئەم دۆخەوە، ئافرەتی گەیاندۆتە ئەم زیندانییەوە. ئاخر داگیركردنی هەر ئازادییەك، بە ئازادییەكی تر كۆتایی دێت.

كارەساتی ئافرەت لە كۆمەڵگە داخراوەكاندا ئەوەیە كە ئەو كەمە ئازادییەی هەشیانە، بە بیانووی نامووسپەرستی و نەریتپەرستییەوە لێیان داگیر دەكرێت. مرۆڤی ئازاد لە ژیانیدا تەنیا جارێك دەمرێت، وەلێ‌ مرۆڤی ژێردەستە و زیندانیكراو دووجار دەمرێت! جارێك لە دەست كۆیلەبوون، جارێكیش بەهۆی مردنی سروشتی خۆی. دەشێـت لەم ڕەهەندەوە مردنی تریش بوونی هەبێـت! نووسیاری ساختە، مرۆڤێكی جەللادە! ئەم نووسیارە ساختانە ئەوەندەی حەز بە بەڕەڵڵایی كۆمەڵگەیان دەكەن، ناشێت نیو ئەوەندە حەز بە ئازادی كۆمەڵگەكانیان بكەن. تەنانەت ئەمجۆرە نووسیارانە ئازادی و بەڕەڵڵایی لێك جیا ناكەنەوەو هەست بە جیاوازییەكانیشیان ناكەن. ئەمانە بە چاوی چێژ تەنیا سەیری جەستەی ئافرەت دەكەن و بەس. بۆیە هەر زوو كولتووری ئەم كۆمەڵگەیانە بۆشایی گەورەی لەناودا دروست دەبێت، ئەوەیش كولتووری نەخۆش بۆ كۆمەڵگە بەرهەم دەهێنێت. مرۆڤێك ئەگەر تامی ئازادی نەچێژتبێت، تێناگات بەڕەڵڵایی چییە؟ نووسیارێكیش بەڕەڵڵایی هەوێنی هەموو شتەكانی بێت، زۆر ئاسایییە ئافرەت بكات بە سێبەری تێهزرینی خۆی! ژنەكەی بكات بە كۆیلەی خۆی! هەموو تاكێكی مێ بەچاوی چێژەوە سەیر بكات! ئەم پیاوانەی كە تەنیا بە چاوی چێژەوە سەیری ئافرەت دەكەن، هەرگیز لەبوونی ئافرەت تێناگەن. ئەگەر نووسیار – پیاو – لە بوونی ئافرەت تێنەگات، بڕواناكەم هەرگیز لە بوونی ئازادیش تێبگات. ئازادی ئافرەت تەنیا بریتیی نییە لە تێركردنی گەدەی. ئازادی ئافرەت تەنیا بریتیی نییە لە تێركردنی لە پڕۆسەی سێكسی. ئازادی ئەگەرچی پێویستی بە ئەقڵانیەتی ئازاد هەیە، وەلێ مرۆڤەكان هەر لەگەڵ لەدایكبوونیانەوە ئازاد دەبن لەو زیندانی سگ! لە بەرامبەردا لەیەكەم چركەوە مرۆڤەكان یەكسانن لە لە دایكبووندا. كەواتە دەگەینە ئەم تیۆرەی كە بوونی ژیان خۆی ئازادە، ئەوە مرۆڤەكانن – گەورەكانن – ئەم ئازادییە ناهێڵن. ئەوان بۆ مانەوەی بەهای گەورەیەكەیان هەمیشە هەوڵی لەناو بردنی ئازادی دەدەن. بۆیە كاری هەر یەكێكمان ئەوەیە یەكسانی بەرقەرار بكەین، زەمینەی زێتر بۆ ئازادیی بڕەخسێنین. ئەوەی ئازادی زێتر بۆ ژیان دادەنێت، زەمینەی ئازادی كۆمەڵگەكەی جوانتر دەكات.

نووسیاری ساختە زۆرجار ئەوەی دەینووسێـت تۆزقاڵێك باوەڕی پێی نییە! وەلێ لەبەر ئەوە دەینووسێت تاكو لافی چوونە ناو دونیای پۆست مۆدێرن لێبدات. زۆرێك لە نووسیارانی ساختە هەمیشە قسەی بن زمان و قسەی سەر زمانیشیان هەر باسی جوانی عەشق و بەهای ئازادی دەكەن! وەلێ بێئاگا لەوەی كە خۆیان خودی جوانییەكانی عەشق ناشیرین دەكەن! بەهای ئازادیش لەلایان بریتییە لە ئازادی وشەكانی ناو دونیای نووسین، لە پشتی نووسینەوە، لە دەرەوەی ئەم دونیایەوە هیچ شتێك نییە بەناوی ئازادییەوە. زۆربەی زۆری نووسیارانی ئێمەیش لەنووسین و گفتوگۆدا باس هەر باسی جوانی عەشق و ئازادی تاك و یەكسانی لەنێوان ڕەگەزەكانە، وەلێ كۆی ئەمانە تەنیا لەناو دونیای نووسیندا كۆبوونەتەوە، تەنانەت ئەمانە ناتوانن لەناو ئەم دونیایەوە بێنە دەرەوە لە ترسی نووسیاران خۆیان! ئاخر كام نووسیارەمان بەیانی ئەوەی كردووەو درۆی لەگەڵ بوونی خۆی نەكردووە، كاتێك عاشقبوون بۆ خۆی ڕەوا دەبینێت، بۆ خۆشكەكەشی بە ڕەوا ببینێت! یاخود ئەو نووسیارە ساختانەی كەوا عاشقبوونی خۆیان لەگەڵ ئافرەتی تر پێ ڕەوایە، لەكاتێكدا عاشقبوون بۆ ژنەكانیان كارەساتی گەورەیە! یان كامە نووسیارمانە گوتوویەتی: (( كچەكەی من ئازادە چۆن عاشق دەبێت؟ كچەكەی من ئازادە كەی هاوسەرگیری لەگەڵ مەعشوقەكەی دەكات؟ خوشكەكەی من سەربەستە كێی خۆشبوێ‌؟ پیاسە لەگەڵ كێ دەكات؟ قسە لەگەڵ چی كوڕێكدا دەكات؟)).

ئایا ئەمانە ئازادییەكی سەرەتایین، یاخود دوا پلەی بەڕەڵڵایی؟ ئایا كام نووسیار بەیانی ئازادییەكی وەهای داوەو دواجار دۆری لەگەڵ خۆی و دەوروبەریدا نەكردووە؟ ئایا كچی كام نووسیارەمان بینیوە لە رۆِژنامەیەكدا باسی جوانی عەشقبوونەكەیان كردبێـت؟ بۆیە پێویستە ئێمە بەر لەوەی دەوروبەرمان ئازاد بكەین، ئەو زیندانییەی ناوەوەی خۆمان نەهێڵین و خودی خۆمان لەزیندانی ناوەوەمان ئازاد بكەین. هەرچەند بە ئەقڵیەتێكی زیندانیكراو بانگەشەی ئازادی بكەین، نەدەتوانین ئەم ئەقڵیەتە زیندانیكراوە ئازاد بكەین، نەدەتوانین بوونی ئازادی بەدەست بهێنین! ئاخر وەك ئاماژەشمان بۆی كرد مرۆڤ هەر لەناوی سگی دایكییەوە زیندانە تاكو دەكەوێتە ناو دونیایەكی فراوانتر، زیندانییەكی گەورەتر، زیندانییەكی سەختتر. خودی دونیا زیندانییەكی گەورەیە، ئەم زیندانییە بەهۆی كۆمەڵك فاكتەری یەك بەدوای یەكەوە دروستبووە. ئاخر سەرەتای دروستبوونی مرۆڤیش هەر بە نایەكسانی و خوێنڕشتن دەستی پێكردووە! لەو رۆژەوەی كە ( قابیل) دەستی كرد بە كوشتنی ( هابیل)ی برای. لەو كاتەوە گەردوون بە خوێنڕێژتن تێنووێتی خۆی شكاند، گەردوون بە نایەكسانی دەستی پێكرد كە هەتاكو ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە. ئەم بەردەوامییە بەكۆتا نایەت! مادامەكێ ئەم بەردەوامییەش بە كۆتا نێت، ئێمەیش ناشێـت چاوەڕێی گەردوونێكی تەواو یەكسان و ئازادی بكەین. ئاخر هەر نەوە یەك لەدوای یەكەكانی ( قابیل)ن ناهێڵن خوێنڕشتن بە كۆتابێت، هەرگیز ناهێڵن ئازادی راستەقینە بوونی هەبێـت.