ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هۆشەنگ كەریم/ شەمەندەفەری مەرگ و هۆلۆکۆستی بەعس

تاوانی بەعسیەکان لە شەمەندەفەری مەرگ یەکێکە لە تاوانە گەورەکانی مێژووی عێراق و سەر لەبەری مرۆڤایەتی، نووسین و توێژینەوەو کاری هونەری زۆر هەڵدەگرێت.

بەڵام لە گێڕانەوەیەکی خێراو ئاسایدا، دوای کودەتای شومی ٨ ی شوباتی ١٩٦٣ ی بەعسیەکان و نقوم کردنی عێراق لە خوێن، زیندانەکان پڕکرابوون لە تێکۆشەرانی شیوعی و دیموکراتیخوازو زیندانی ژمارە یەکی سەربازگەی رەشیدی بەغدا زیاتر لە ٥٠٠ شیوعی لە ئەفسەرو رۆشنبیران و کادیرانی پێشکەوتووی حزبی شیوعی گرتبووە خۆی، بۆ لەناوبردنی ئەو ژمارە زۆرەی زیندانیەکان جەلادەکان ویستیان شێوازیکی نوێی کوشتن و لەناوبردن دابهێنن، لە پیلانێکی دڕندانەدا هەستان بە ئامادەکردنی شەمەندەفەری گواستنەوەی کەلوپەل و تەواوی فارگۆنەکانیان بە قیڕوزفت داپۆشت تا بواری هەناسەدانی تیا نەبێت، رۆژی ٣-٧-١٩٦٣ هەڵسان بە گواستنەوەی ٥٠٠ زیندانی لە زیندانی سەربازگەی رەشیدەوە بۆ شاری سەماوەی باشووری عیراق بەهۆی ئەو شەمەندەفەرەوە کە لە مێژووی عێراقدا بە شەمەندەفەری مەرگ ناسراوە، ئەو رۆژە هاوکات بوو لەگەڵ راپەرینی شیوعیەکان لە سەربازگەی رەشیدی بەغدا، بە سەرکردایەتی هاوڕێی شەهید (حەسەن سەریع)، بەعسیەکان دڵنیابوون بەو گەرماو فارگۆنە داخراوانە هیچ کەس بە زیندوویی دەربازنابێت، شوفێری شەمەندەفەرەکەیان وا راسپاردبوو خێرایی کەم بکاتەوە چونکە ئەو کاڵایانەی بارکراون ناسکن و زوو دەشکێن، لە تاریکی شەودا شیوعیەکان سەردەخرێنە ناو شەمەندەفەرەکەوەو دەرگاکانیان لەسەر دادەخرێت.

بەڵێم رێکخستنەکانی حزب خۆیان دەگەیەننە ( عەبد عەباس مەفرەجی) شوفێرو پیلانەکەی بەعسی بۆ ئاشکرا دەکەن، مەفرەجی گیانی خۆی دەخاتە مەترسیەوەو شکست بە هۆلۆکۆستی بەعسیەکان دەهێنێت، لەکاتی لێخوڕین لە بەغداوە بۆ وێستگەی شاری سەماوە هەموو هێزی خێرایی شەمەندەفەرەکە بەکاردەهێنێت و گوێ بە ئاگادارکردنەوەی بەعشیەکان نادات بۆ هێواش کردنەوە.

نەمانی هەوای پاک و ئۆکسجین و گەرما، هاورێێان شپرزە دەکات و ئەوانەی توانایان هەیە لە رێگای هەناسەی دەستکرد یارمەتی هاورێکانیان دەدەن و لە مەرگ دووریان دەخەنەوە.

حزبی شیوعی لە شاری سەماوەو باشووری عێراق رێکخستنەکانی دەخاتە ئامادەباشیەوە بۆ بە هاناوەچوونی هاوڕێیانی سەفەری مەرگ و رزگاریان بکەن، لەگەڵ گەیشتنی شەمەندەفەری مەرگ بۆ وێستگەی شاری سەماوە بە سەدان کەس لە ئەندامانی حزب بە تایبەتی هاورێیانی ئافرەت پەلاماری فارگۆنەکانیان داو دەرگاکانیان شکاند، دەستیان کرد بە دەرهێنانی هاورێیانی نیوە مردوو، بێ ئەوەی گوی بدەنە هەرەشەی بەعسی و حەرەس قەومیە درندەکان.

بە دەیان کەسی تر بە ئاوو خوێ و خۆراکەوە لە پێشوازیدابوون، بەهۆی نەمانی هەواو گەرماوە هەموو سەرنشینەکانی شەمەندەفەری مەرگ گوشاری خوێنیان دابەزی بوو، لەوێدا پیلانی کۆمەڵکوژی شیوعیەکان لەلایەن بەعسەوە پوچەڵكرایەوە، تەنها یەک هاوڕێ (یەحیا نادر) کە ئەفسەری سوپا بوو گیانی لە دەستدابوو شەهید ببوو.

هەر لەوێدا یەکێك لە هاوڕێیانی سەرنشینی شەمەندەفەری مەرگ بەناوی حزب و هاورێکانی سوپاسی رێکخستنەکان و خەڵکی سەماوەی کرد کە بوونە فریادرەسیان، پاشان هەرهەموویان بە ئۆتۆمبیل رەوانەی زیندانی رەشی نوگرەسەلمان کران بۆ ئەوەی لە سێدارەبدرێن، بەڵام لەژیر گوشاری وڵاتانی سۆسیالیستی ئەوسا گیانیان لە پەتی سێدارە رزگارکرا.

سەرنشینانی سەفەری مەرگ لە خەڵکی هەرە چالاکی حزبی و نیشتمانی و رۆشنبیری بوون، شاعیری ناسراو موزەفەر نەواب و رۆشنبیرو توێژەرەوەی کورد محەمەد مەلا جەمیلی رۆژبەیانی و دەیان نووسەری تر لە رێبوارانی ئەو رێگایەی مەرگ بوون.