ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەحمەد رەجەب/ رژێمی توركیا لەهەوڵی داگیركردنی خاكی وڵاتانە

 

لەمێژەوە داگیركردنی خاكی وڵاتان لە لای باب وباپیرانی رەجەب تەیب ئەردوگان بووەتە پیشەو ئیسلامیان بۆ مەرام و خواستە چەپەڵەكانیان بەكار هێناوە جارێك بەناوی خەلیفەی ئیسلام و جارێكی تر بە ئەمیر ئەلمۆمنین هەر وەك چۆن لەم رۆژانەدا تاوانباری خوێنرێژ ئەبو بەكر ئەلبەغدادی بە زەبری شمشێرو ئیسلامییە توندرەو دواكەوتووەكان خۆێ كردووە بە خەلیفەی دەوڵەتی خەلافەتی‌ ئیسلامی خوێرێژ (داعش).                                

لە ساڵی 1299 سوڵتان عوسمانی یەكەم كوری ئەرتوغلەر دەوڵەتێكی بەناوی خۆی دامەزراندو ‌ناوی (دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانلی) لێناو، كەمە كەمە هێزی پەیدا كردو، كەوتە داگیركردنی وڵاتان و، زۆری پێنەچوو ناوەكەی گۆری بۆ ( دەو‌ڵەتی ئیمبراتۆرییەتی عوسمانلی ئیسلامی) و، ئەم دەوڵەتە ئیسلامییە نۆێیە لە پێناو مانەوەو خۆسەپاندن و خاك داكیركردن كەوتە كوشتن و خوێنرشتن و قرانی خەڵك و، بەو شێوەیە درێژەی بە هەوڵەكانیدا تا بەشێكی زۆر لە ئەوروپا و ئاسیا و باكوری ئەفریقیای خستە ژێر ركێڤی خەلافەتەكەی.                                 

بەهۆێ شەرو ئاژاوەو تەشەنە كردنی‌ لە نێوان كورو كورەزاو، مام و كورە مام و، خزم و ناسیارەكانیان و دەستوپەیوەندییەكانیان و، سەرهەڵدانی بیری پێشكەوتنخوازو بیری نەتەوایەتی و دامركانەوەی هەستی ئاینی و شەرەكانی لە گەڵ وڵاتاندا رێكاخۆشكەرە بوون بۆ نەمانی فەرمانرەوایی دەسەڵاتی عوسمانلییەكان و، لە ( 1 ی نۆڤەمبەر – تەشرینی دووەم ساڵی 1922 ) لە رووی سیاسییەوە دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانیلی نەماو، لە (24 ی یۆلیۆ – تەموز ساڵی 1923) و، لە پاش ئیمزاكردنی پەیمانی لۆزان كۆتایپێهات و، لە (29 ی ئوكتۆبەر – تەشرینی یەكەمی هەمان ساڵ) و دروستبوونی كۆماری توركیا دەوڵەتی زوڵم و زۆر و داپڵۆسین بە تەواوەتی لە ناوچوو.        

توركیا لە 20 یۆلیۆی / تەموزی ساڵی 1974 كاتێك نەجم ئەلدین ئیربەكان یاریدەری سەرۆك وەزیران بوو، لە كاتی سەفەری بۆڵند ئەجویدی سەرۆك وەزیران بۆ دەرەوەی وڵات فرسەتی هێناو هێرشی كردە سەر وڵاتی قوبرس و، لە مانگی هەمان ساڵدا بەشیك لە خاكەكەی داگیركردو، ئەو وڵاتە بوو بە 2 كەرت و، سوپای توركیا لەوی مایەوەو، لە ساڵی 1983 باكوری قوبرسی توركی وەك وڵاتێكی سەربەخۆ ناوبراو، تا ئێستا تەنها لەلایەن توركیاوە ناسراوەو (ئیعترافی) پێكراوەو، وڵاتانی ترو یەكێتی ئەوروپاو نەتەوە یەكگرتووەكان داوا ئەكەن سوپای توركیا بگەرێتەوە شوێنی خۆێ و كۆتایی بە داگیركردن بهێنێت و توركیا بێ وەڵامەو، شایانی باسە نەجمەدین ئیربەكانی ملهورو سەر لێشێواو سەر بە تاقمی ئاژوچییەكانی ئیخوان ئەلموسلیمین بوو، یەكێكە لەوانەی دژایەتی عیلمانییەتی ئەكردو، چەند كەرەتێك گیراو خرایە بەندیخانە و، لە كۆتایی ژیانی ئەم توندرەوە ئیسلامییە لە یۆلیۆ / تەموزی ساڵی 2000 بە تاوانی هاندان و ورووژاندن و دژایەتی كردنی ئاینی و رەگەزپەرستی لەلایەن دادگاوە سزا دراو، تا لە ژیاندا بوو، دەم كوتیان كردو‌ كاری سیاسی لێی قەدەغە كرا.                                                         

پاش راپەرینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی { 1991 } و، حزبەكانی بەرەی كوردستانی گەرانەوە ناو شارەكانی كوردستان و، لەڕێكەوتی 19/5/1992 و، بە پێی قسەی بەرپرسانی حزبەكان “” گەورەترین و شارستانیترین پڕۆسەی دیموكراسی لەكوردستان بەڕێوەچوو”” و، هەڵبژاردن ئەنجامدراو پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردراو، بەڵام لەئەنجامی كەم ئەزموونی ئەوانەی خۆیان كرد بە خاوەنی دەسەڵات لەحوكمڕانی وچۆنێتی بەرێوەبردن و پەند وەرنەگرتن لەناكۆكی و ناتەبایی و دووبەرەكی و هەوڵی دەستكەوت و خۆ سەپاندن بە سەر دامودەزگاكانی هەرێم بە پێی سیاسەتی 50 بە 50 (فیفتی فیفتی) و، بەردەوامی و هەوڵ و تەقالای دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان بۆ تێكدانی ئەو ئەزموونەو، نەبوونی خواست و ئارەزوو توانایەكی بەهێزو گەورەكردن و پیرۆزكردنی “” سەركردەكان”” كە لەسەرووی یاساو پەرلەمان بوون، پەرلەمانێكی ناكاراو گڵۆڵەو ئیفلیج لەدایكبوو، دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆو كە ناونرا(شەری براكوژی) و كوشتنی براكان بەدەستی یەكتر، بووە هۆكاری ئیفلیجبوونی پەرلەمان.                                       

پاش ئەوەی پەرلەمان لە كار كەوت و، كوردستان دابەش كرا لە نێوان سلێمانی و هەولێرو شەری نەگریس و چەپەڵ لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان ( پدك) و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ( ینك) پەرەی سەندو درێژەی كێشاو خوێنێكی زۆر رژاو، ژمارەیەكی پێشمەرگە لە پێناو بەرژەوندی تاقمێك “” سەركردە”” لە ناوچوون و، لە ساڵی 1997 لە پرۆسەی هامەری سەربازی توركیای تیرۆریست و و مرۆڤكوژ و‌،  لە سەر رێچكە و نەریتە كۆنەكانی سوڵتانەكان و دەسەڵاتی ئیسلامی عوسمانیلییەكان و، به ‌ناوی دژایەتی پ. ك . ك pkk – و، لە راستیدا بۆ یارمەتی یەكێك لە حزبەكان هاتە خاكی كوردستان و لەو كاتەوە تا ئێستا چەند ناەچەیەكی داگیرو كەنترۆڵ كردووە. 

ماوەیەكە رۆژانە بە گەرمی باس باسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە و، لە ساتێكدا دەیان و سەدان وبگرە زیاتریش وشەی سازان لە سەر زاری بەرپرس و {خەڵكی عەوام} دوبارەو هەزار بارە ئەبێتەوەو، بەبێ ئەوەی هیچ سەوز بكات و پینج حزبەكەو حكو‌مەتی بنكە فراو و سەركردایەتی هەرێم بتوانن گرێ كوێرەیەك بكەنەوەو، خەڵك لە دڵەراوكێ رزگار بكەن و، ئەو باسەجاروبار “” بەرپرسە سیاسییەكانی “” كوردستان تووشی دەمارگیری و هەرەشەو گورەشە ئەكات و، لەم قەیرانە كەس باسی دەركردنی سوپای داگیركەری توركیا لە خاكی كوردستان ناكات.                

بۆۆنی سوپای توركیاو، دەستوپەیوندە‌كانی وخیانەتی هەندێ كەسی ترسنۆك و وڵاتفرۆش و، بە پێی نەخشەیەكی پێشتر دارێژراو بوونە بایسی هاتنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تیرۆریست (داعش) بۆ ناوچەكانی كوردستان و داگیركردنی شەنگاڵ و، ئەم كارەساتە بووە هۆێ ئەوەی زیاد لە 300 ھەزار لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیه كە زوربەیان كوردی ئێزدین‌ روو بكەنە شارەكانی‌ ھەرێمی كوردستان و، بەشێكیان پەنایان بۆ چیاكان بردو‌، ھیچ جۆرە پێداویستیێكی ژیان وەك نان و ئاویان پێ نییەو، نەبوونی پێداویستیە سەرەكییەكان وەك ئاو و نان و دەرمان مەترسی لەناوچوونی خستوەتە سەر ھەزاران مناڵ و ژن و،. هەروەها زیاد لە شەش هەزار كەس كە زوربەیان ژن وكچ و مناڵ و پیری پەككەوتە بوون‌ گیران و بران بۆ شۆێنێكی نادیارو، بە پێی شەرعی ئیسلام و داب و نەریتی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هەندێكیان كوشت و ژمارەیەك لەژنان و كچەكانیان بە بەر چاوی وڵاتانی عەرەب و ئیسلامی و هەموو دونیا دران بە تیرۆریسته روورەشە بی دینەكان وئەوەی مایەوە بران بۆ بازارو، لەوێ‌‌ هەراج كران و فرۆشران.                                        

بێ لە سوپای توركیا كوردستان بووەتە جێی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیای چروكی توركان و، هەزاران بەڵێندەرو كارمەندو كرێكارو، بێ شك زۆربەیان سەر بە میتی توركین و، هەرچی لە كوردستان هەیە یان روو ئەدات وەك هەواڵ و راپۆرت بە یارمەتی یاوەر‌ەكانیان رەوانەی دەزگای داپلۆسینی میتی ئەكەن.                                                     

هەر لە سەرەتای دروسبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانلییەكان پیشەیان كوشتنی بە كۆمەڵی خەلكی سڤیل و بێ دەسەڵات بووە لە گەڵ لەناوبردن و خاپوركردنی گوندو شارو داگیركردنیان و، ئەو پیشە ‌قیزەوەنە گوازرایەوە بۆ نەوەكانیان تا گەیشتە رەجەب تەیب ئەردۆگان و رژێمە خوێنرێژەكەی و، نموونەی كردەوە نامرۆڤەكانیان زۆرەو، لەوانە لەناوبردن و جینوسایدی ئەرمەنەكان و دەرسیم و قەسابخانەكەی گوندی‌ رۆبۆسكی پارێزگای‌ شێرناخ و كوشتارەكەی پاریس و تاوانەكەی گوندی كورتەك و زارگەلی و ناوچەكانی تری كوردستان و، ئەم رژێمە لە دوواین هێرشی بۆ سەر كوردستان چەكی قەدەغەكراوی بەكارهێناوەو دەستی نەپاراستووە لە بۆردومانی خەڵكی سڤیلی گوندنشینەكان و قوتابخانەو نەخۆشخانەو سەرەرای وێرانی كردنی ماڵ و سوتاندنی باخ و لە ناوبردنی ئاژەڵ ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی سڤیل و بێدەسەڵاتی شەهیدو بریندار كردو. ‌لەدواین سەردانی نوێنەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق{ سەفیە سوهەیل } بەڕاشكاوانە ئاماژەی بەوەكرد كە سوپا داگیركەری توركیا چەكی قەدەغەكراوی نێودەولەتی دژ بە هاوڵاتیانی سڤێل لە بناری قەندیل بەكارهێناوە.    

رژێمی توركیای فاشیست بە هیچ شێوەیەك لە كوشتنی رۆڵەكانی كوردستان دەست ناپارێزێت و، بۆ لە ناوبردن و نەمانی دانیشتوانی ئەم خاكە بە ئاشكرا هاوكاری چەتە روورەشەكانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تیرۆریست (داعش) ئەكات و، هەندێ لایەن و حزب دژی كردەوەكانی توركیا هەڵوێستیان دەربریوەو ئیدانەی ئەكەن، بەڵام توركیا سوودی لە بوونی لە خاكی كوردستان بینیوەو، توانیویەتی هەندێ كەناڵ وژمارەیەك رۆژنامەنووس و حزب و سەركردەی حزب ئەوانەی لە سەر بیرو بۆچوونی ئیخوان ئەلموسلمین و حزبی دادو گەشەپێدان گۆشكراون لە باشووری كوردستان بكرێت و، شەو رۆژ لە خزمەتی ئاغا تۆرانییەكانیان بن.                                        

لە كاتی هەڵگیرسانی راپەرینەكەی گەلانی سوریا دژ بە رژێمەكەی بەشار ئەلئەسەد رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆك وەزیرانی توركیا بە هەلی زانی و دەستی لێهەڵماڵی و بە ناوی پشتگیری لە خەڵكە راپەریوەكە خوێ كرد بە خاوەنی راپەرینەكە و، هاوكات وڵاتانی عەربستانی سعودی و قەتەر وەك دوو وڵاتی دەوڵەمەند پارەیەكی زۆریان هەڵرشت بۆ توندوتیژی و ئاژاوانانەوەو، ئەردۆگان بوو بە داردەستی ئەو دوو وڵاتەو، ملی شۆر كردو، لە بەر پارە وەك چڵكاوخۆرێكیش ئامادەیی خوێ و حكومەتەكەی پیشاندا بۆ جێبەجێ كردنی خواست وسیاسەتی ئەو دوو وڵاتە.              

بەڵێ جەماوەری سوریا له مانگی { ئازار- مارس} ساڵی 2011 دژ بە رژێمەكەی بەشار ئەلئەسەد هەڵسان و، هەر لە سەرەتاوە ئیخوان موسلیمەكانی سوریا بە هەماهەنگی لە گەڵ ئەردۆگان و ئیخوانەكانی توركیا یەكیانگرتەوەو بە پارەو پولی عەرەبستانی سعودی و قەتەرو وڵاتانی كەنداو توانیان رووی راپەرینەكه ‌بگۆرن و بیخەنە ژێر دەستی ئیخوانچی و سەلەفی و وهابی وئیسلامی توندرەو تیرۆریست و، سەرانی ئەو گروپانە ئیستەنبولیان كرد بە جێی كۆبوونەوەو نەخشەو پلاندانان و، ئەنجومەنێكیان بە ناوی “” ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا”” دروستكردو، بە ئەنجومەنی ئیستەنبول ناسراوەو لە بنچینەوە دژی كوردو كوردستانە، چونكە پرە لە كەسانی شۆڤەنیست و سەر بە وڵاتانی كۆنەپەرست و رەگەزپەرست وەك عەربستانی سعودی و قەتەرو توركیاو، ئەنجومەنەكە سوپایەكی بەناوی “” سوپای ئازادی سوریا “” دامەزراند.                           ‌

توركیا بووە هاوكاری هەرچی شۆڤەنیست و تیرۆریست هەیەو، هەوڵی بێوچانی ئەدا بۆ ئەوەی بچیتە خاكی سوریاو، جێ پێی خوێ قایم بكات بەڵام هەرچەند یارمەتیدرا تەنانەت لەلایەن ئەمریكاشەوەو تەرخانكردنی راهێنەری سەربازی و هەموو كەرەستەی مەشق پێكردن بە “” سوپای ئازاد “” نەیتوانی بگاتە مەرام و خواستە دزێوەكانی.                             

چەند ساڵێكە توركیا باس لە دروستكردنی هەرێمێكی ئارام و ناوچەیەكی دژەفڕین دەكات لە ناو خاكی سووریا، گوایە بۆ خۆپاراستن و پاراستنی خەڵك و سنوورەكانیەتی، بەڵام تا ئێستا خواست و ئارەزووەكانی نەهاتووتەدی چونكە بەزاندنی سنووری وڵاتێكی دیكەو دامەزراندنی هەرێمێكی ئارام پیویستە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەستنیشان بكرێت و، ئەگەر ئەو هەرێمە ئارامە هاتەدی، ئەوا فرۆكە جەنگییەكان و سوپای سوریا بۆیان نییە لە ئاسمان و زەوی ئەو هەرێمە ببەزێنن.                                            

نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا دژ بە خواست و ئارەزووی توركیا وەستاون و، بە هیچ جۆرێك رێگا بەو كارە نادەن و، ئەمریكا لە ئەیلوولی ساڵی 2(2014) وە چەندجارێك لە رێگەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، وەڵامی داخوازی توركیای بۆ پێكهێنانی هەرێمی ئارام لە ناو خاكی سوریا داوەتەوە و ئاماژەی بەوە كردەوە ( ئەمریكا پێكهێنانی هەرێمێكی لەوجۆرە لە سووریا بە پێویست نازانێت و بیری لێ ناكاتەوە).                                    

توركیا لە سەر سنوورەكانی لە گەڵ سوریا ژمارەیەكی زۆر سەربازی جۆراوجۆرو فرۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەرو سەدان تانك و تۆپ و تفاق و كەرەستەی سەربازی ئامادە كردووەو، سوود لە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تیرۆریست (داعش) وەرئەگرێت و، قەت رژێمی توركیای فاشیست دۆژمنی داعش نەبووە، بەڵكو‌ بە پێچەوانەوه هەمیشە‌ هاوكاری یەكترن.                          

ئەركی حكوومەتی بنكە فراوانی هەرێمی كوردستانە هەڵوێستی بتەو تەواوی هەبێت لە ئاست پاراستنی هاووڵاتیانی كوردستان و ئاسایشیان و، لێرەوە داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت دۆسیەی دەستدرێژییەكانی توركیاو بۆردومانكردنی خەڵكی سڤیلی بێ تاوان و، خاپور كردنی دێهات و، سوتاندنی پوش و دارستان وباخەكانی وڵاتەكەمان لە رێگای حكوومەتی عێراقییەوە بگەیەنێتە نەتەوە یەكگرتووەكان و، بە فەرمی سكاڵا بەرامبەر بە توركیای فاشیست تۆمار بكات و، هاوكات داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكرێت هەڵوێستی راشكاوانە بەرامبەر بەم تاوانانە دەرببڕن و ئیدانەی ئەم تاوانانە بكەن كە بەرامبەر بە گەل و نیشتمان دەكرێن و، پێویستە حكومەتی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی بە شەرەفی كوردستان بە یەك دەنگ بڵێن: سوپای توركیای داگیركەر بۆ دەرەوە.