ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شەپۆل فەتحی/ گەمە دۆڕاوەكان

ململانێی حزبی، بەرژوەندی تەسك، لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم و دەسەڵات، دۆخەكەی خستە بارێكی ترسناك و ماهیەت و ناوەڕۆكی (5) حزبەكەی كردە بوخچەیەكی كراوە، هەگبەكانیانی خاڵی كردەوە لەمەبەست و ئامانجە شاراوەكانیان" ئەوان پۆست و دەسەڵات و دەسكەوتە حزبیەكانیان پێ گرنگترە لەبەرژەوەندی خەڵك بەرژەوەندی نیشتمان، ستراتیژی نەتەوایەتی.. هەریەكەیان لەژێر دروشمی چاكسازی و ببڕكردنی گەندەڵی، كە لە راستیدا مەرامی حزبیان لەپشتەوەیە. خەڵك چەواشە دەكەن و دەیانەوێت ئەجێنداو بەرنامەی تەسكی حزبەكەیان جێبەجێ بكەن.                  

سووربونی (پارتی) لەسەر مانەوەی كاك مەسعود تا دوو ساڵی تر مانایەكی نییە، نە لەبەرژەوەندی پارتیدایە، نە قامەتی باڵای كاك (مەسعود بارزانی) ی پێ بڵند دەبێت بە پێچەوانەوە بچوككردنەوەی مێژوو كەسایەتی كاك مەسعود بۆ ئەو ئاستە كارێكی نەشیاو و نەگونجاو و بێ مانایە تۆ بڵێی راوێژكارەكانی و دڵسۆزانی ئەم راستیە نەزانن.                                

لەم قۆناغە هەستیارە سێ سەركردەی شایستە هەن كە بە قۆناغی سەختی تێكۆشانی پڕ هەورازو نشێو تێپەربوون ژیان تەزكیەیان دەكات و ئەوان بەهەڵبژاردن و ململانێی نادروست و بێ مانا ئەو كەسایەتیە كارێزمایەیان بۆ دروست نەبووە، بەڵكو خەبات و شەونخونی و تێكۆشانی بێ وچان و وێستگە سەختەكانی تێكۆشان بە سروشتی دروست بوون.                          

تا ئێرە گەنجی و جوانی و تەواوی تەمەنی خۆیان بەخشیوە بە خاك و نەتەوە ئەوانیش بەرێزان ( مام جەلال، ئۆجەلان، مەسعود بارزانین) نەك هەر بۆ سەرۆكی حزب، شایستەی ئەوەن رابەری بزتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بن هەریەك لە (مام جەلال و ئۆجەلان) دۆخەكەیان دیارە، لەم قۆناغە مەسعود بارزانی شیاوی ئەو شوێنەیە، مەخابن نەخۆی و نە حزبەكەی ئەو زەمینەیان نەرەخساند، بەرژەوەندی تەسك و پایەندبوون بە بەرنامەو سیاسەتی حزب و چوونە ناو ململانێی تاقەت پڕوكێنی بێ بەرهەم ئەم بژاردەیەی دوورخستنەوە هاوكات چونە ناو شەڕی لابەلاو لاوەكی ئەركە نەتەوەییەكەی قەتیس كرد لە (بەرژەوەندی حزبی) بەدرێژایی مێژوو هۆكاری شكستەكان و بەردەوامی جولانەوەی دۆزی كورد لەبازنەیەكی داخراودا پەرت و بڵاوی و ململانێی لاوەكی و بەرژوەندیخوازی كە بۆتە هۆی ( فرە كوێخایی) و پەرت و بڵاوی گەلەكەمان لەئاست مەسەلە هاوبەشەكانمان، هەتا بەو عەقلیەتە تەسك و ناوچەگەری و خێڵەكیە مامەڵە لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بكەین، حاڵمان لەوە چاكتر نابێـت، ئەوانەیش سەرچاوەی قوڵكردنەوەی بارگرژی و قەیرانەكانن،‌ بێشك وەك ئەوانی دی كه ‌سەرچاوەی كێشەكانن بەرپرسیارێتی مێژووییان لەئەستۆیە و هیچ جیاوازیەكیان نییە، حیكمەتی حزبی سیاسی كە خۆی بە بەرپرسیار بزانیت نابێ بێ دەربە‌ستانە مامەڵە بكات، بەقەد ئەوەندەی دەبێت لە هۆشیاری و دەرك كردن بە بەرپرسیارێتی ژیرانە مامەڵە بكاو كاردانەوەی نەرێنی نەبێت بە پێچەوانەوەی (5) حزبەكە تێكڕا نا بەرپرسیارانەو دوور لە پرنسیپ و بەها نیشتمانی و ئەخلاقیەكان مامەڵە دەكەن و بونەتە (بار) بەسەر شانی خەڵكەوە ئەوان بە بیانوی بەرژوەندییەكانی خەڵك دەیانەوێت خۆل بكەنە چاوی خەڵك و هەریەكەیان وەكو ئەوی تر، كە لقی قەدێكن، خوێنی خەڵك دەمژن لەسەر ئێسك و پروسكیان باڵەخانەی دەسەڵاتە (بێ دەسەڵاتەكەیان) بنیات بنێن كە لەلایەن هێزە دەرەكیە‌‌كان ووزەو ئیعاز‌ وەردەگرن، پێ دەچێ هیچ ئەزمونێكیان لەوانە تاڵەكانی رابردوو وەرنەگرتبێ.             

  • 1