ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شه‌پۆل فه‌تحی كه‌ریم/ روو له‌ خه‌ڵك، پشت له‌ده‌سه‌ڵات

به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ كردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نیشتمانی و چینایه‌تیه‌كان ئه‌ركێكی مێژوویی گرنگی هه‌ر تاكێكه‌ په‌یڕه‌وی بكات دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و حزبایه‌تی، مێژوویه‌كه‌ قوربانی و خوێن پێشكه‌شی كوردستان ده‌كه‌ین، له‌قۆناغه‌ جیاجیاكان له‌پێناوی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن قه‌وه‌ره‌و ئاڵا گیانی خۆمان به‌خت ده‌كه‌ین.

پاوانخوازی، قورخاكاری، شه‌ڕه ‌په‌ڕۆ، دوواكه‌وتنی كوێرانه‌ ئێمه‌ی به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ گه‌یاند له‌ژێر دروشمی نیشتمانی و كوردستانی له‌وڵاتی خۆت نامۆو بێ نان و برسی و ناسه‌قامگیربی و ژیانت لێ بكه‌نه‌ ژه‌هری مارو خۆزگه‌ به‌ رابردوو بخوازی.

به‌تاڵان بردن و برسی كردنی خه‌ڵك له‌ژێر دروشمی بریقه‌دارو فریودانی جه‌ماوه‌ر له‌ژێر ئاڵای كوردایه‌تی، راوو ڕووت و گه‌نده‌ڵی و دزینی قوتی خه‌ڵك به‌رۆژی روناك، كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كه‌یه‌.

كاراكته‌رو سه‌ركرده‌و كادری گوێ له‌مست و ته‌شیرێسی ئه‌م حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ وه‌ك گه‌نه‌ جه‌سته‌و خوێنی ئه‌م خه‌ڵكه‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌ ده‌مژن و به‌راست و چه‌پ ئاگری فیتنه‌و ئاژاوه‌و خۆشده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئاوی لێڵدا راو بكه‌ن و خێریان له‌و ململانێ و كێشانه‌دایه‌و سنگ ره‌پێش ده‌كه‌ن تا قسه‌ی نابه‌جێ و ژه‌هر رشتن هه‌بێ قسه‌یه‌كی خێر ناكه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی ( گه‌نده‌ڵیه‌كانیان) حه‌ڵال بكه‌ن و پێگه‌و پایه‌یان له‌ناو حزبه‌كانیان قایمتر و ورگنترو باخه‌ڵیان پڕتر بێت.

ئه‌مانه‌ كاراكته‌ری سه‌ره‌كی و پێكهاته‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌م حزبانه‌ن تا خاوه‌نی ئه‌م (زورنا ژه‌نانه‌) بین و چاوساغ و راوێژكاری حزبه‌كانیان بن" له‌و ده‌رئه‌نجامه‌ باشتر نادوورینه‌وه‌و له‌گێژه‌نێكی داخراوی مه‌رگهێنی وه‌ك ( ئیجه‌) ده‌سوڕێینه‌وه‌.

تۆڕێكی فراوانی مشه‌خۆرو گه‌نده‌ڵ و پاشه‌ڵ پێش و هه‌ڵپه‌رست ئه‌و حزبانه‌یان ته‌نیوه‌، جالجالۆكه‌ ئاسا به‌دووای نێچیر ده‌گه‌ڕێن و هیچ شتێك لێیان ده‌ربازی نابێت، ئه‌وان خه‌ریكی گه‌نده‌ڵی و دزی و راوه‌ڕووت و هه‌ڵگیرساندنی ئاگری فیتنه‌و ئاڵۆزكردنی دۆخه‌كه‌و قایمكردنی پێگه‌ی خۆیانن، فاكته‌ری سه‌ره‌كی قوڵكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانن.

حزبی له‌و چه‌شنه‌، موڵگه‌ی پاشه‌ڵ پیس و مشه‌خۆرو گه‌نده‌ڵ و تاڵانچی له‌وه‌ زیاتر چی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت؟ ئه‌وان پارووی ده‌می منداڵانی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و پێشمه‌رگه‌ و به‌شمه‌ینه‌تان ده‌دزن، سه‌نگه‌رو باوه‌ڕو ئه‌خلاق و مێژووی خۆیان ده‌فرۆشن، ئاسایی یه‌ نیشتمانیش هه‌راج كه‌ن، ئه‌وان لێبونه‌ته‌وه‌، باكیان به‌هیچ نییه‌‌، زۆریان بۆ بێت ( به ‌شانازیه‌وه‌) ده‌ستی داگیركه‌ران ده‌گرن و هه‌ڕه‌شه‌ی پێ ده‌كه‌ن و هه‌موو ره‌وشت و به‌هایه‌ك وه‌لاده‌نێن، .

پێویسته‌ كاردانه‌وه‌ی دوور له‌ عه‌قل و مه‌نتیقیمان نه‌بێت و به‌ره‌فتاری دزێوو نابه‌رپرسانه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌كه‌ین، خێریان له‌برسی كردنی خه‌ڵك و ئاژاوه‌و شه‌ڕدایه‌، با زوڵم و سته‌می ئه‌وان به‌رچاومان تاریك نه‌كات، با زه‌مینه‌ سازی بكه‌ین، بێ جیاوازی له‌ده‌وری یه‌ك كۆبینه‌وه‌، ووزه و تواناكانمان یه‌كخه‌ین، ستراتیژو به‌رنامه‌یه‌كی روونمان هه‌بێت خۆمان رێكخه‌ین، سه‌ره‌ڕای جیاوازی بیروبۆچوون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هه‌ڵوێست و ره‌فتار بنوێنین، ده‌سه‌ڵات جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و پاراستنی ئه‌جیندای داگیركه‌ران باكیان به‌ باروو گوزه‌رانی هاووڵاتیان نییه‌، شوره‌یی یه‌ خه‌ڵك دووای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بكه‌وێ و به‌ ده‌هۆڵی ئه‌وان هه‌ڵپه‌ڕێ، به‌واده‌و به‌ڵێنه‌كاینان باوه‌ڕ بكات، به‌سه‌ كویله‌ی حزبه‌كان بین، با به‌ راستگۆیی و راشكاوی خه‌مخۆرو دڵسۆزی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییمان و پێشمه‌رگه‌ی به‌وه‌فای گه‌لی كوردستان و نیشتمان بین.

  • 1