ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەندرێن ئەحمەد/ هاوڵاتیان داوای مافی ئاسایی و پێویستی خۆیان دەكەن

هەندرێن ئەحمەد

سەرەتای قەیرانی موچە و دواكەوتنی بۆ بڕیاری حكومەتی ناوەندی ئیتحادی بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی دەگەڕێتەوە، ئەو كاتەی پرسی هەناردەكردنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بوە تایتلی شاباشی سیاسی بەرەو سەربەخۆیی ئابوری و كە دواجار دەبێتە هۆكاری بەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسی و بیناكردنی دەوڵەت.

نوری مالیكی كە لەسەرۆكایەتی حكومەتی ناوەندی بوو، خۆی وەك پاڵاوانی سیاسی عێراق پیشانداو بودجەی ئاسایی خەڵكی كوردستانی بڕی و بەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناچاركرد كە بیر لەچۆنیەتی بەدەستهێنان و پڕكردنەوەی موچە بكات، بۆ ئەوەش پەنای بردۆتە بەر قەرزی ناو خۆی لەرێگەی خەرجكردنی سەرماییەی بانككەكانی كوردستان و بگرە سەرمایەی كۆمپانیا ئەهلیەكان و هەروەها تەرخانكراوی پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەش.

نزیكەی دووساڵ دەبێتەوە، قەیرانی دارایی و كەمی بودجە لەهەرێمی كوردستان سەریهەڵداوە، لەمیانەی ئەو ماوەیەشدا، خەڵكی كوردستان رووبەڕووی گەورەترین مەترسی سیاسی و كوشت و جەنگێكی سەرتاسەری بەدرێژایی زیادتر لە هەزار كلیۆمەتر دەبێتەوە كە پێشمەرگە لەسەرێتی بەرگری لەكوردستان بكات و رووبەرووی ئیرهابی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بوەستێتەوە كە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتی لەسوریا و عێراق و كوردستان وەكو هێزێكی تیرۆریستی پڕ چەك بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە شەڕ بەملاو بەولا دەفرۆشێت و گەورەترین هێرشی كردە سەرهەرێمی كوردستان، پێشمەرگەش ناچار بەرەنگاری ببێتەوە كەئێستا بەداننپێنانی زۆر لەشارەزایانی ئەمریكی و روسی تەنها خەڵكی كوردستان بەراستی بەرەنگاری دەوڵەتی خەڵافەتی ئیسلامی – داعش دەبنەوە.

لەلایەك حكومەتی ناوەندی بودجە دەبڕێت قەیرانی دارایی دروست بووە لەلایەكی دیكەشدا هەرێمی كوردستان لەشەڕێكی ئیستنزافی رۆژانەدایە، كەچی حكومەتی ئیئتلافی حاكمی پێنج حزب شەڕی دروشمی سیاسی بریقەدار دەكەن.

هاوڵاتیانی كوردستان، بەتایبەتیش فەرمانبەرانی دایەرە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادتر لە سێ مانگە موچە دوادەدەكەوێت و هیچ ئاسۆیەكی چارەسەریشی دیار نییە، سەرەتا وەك تەحدایەك بۆ بەغدا دواكەوتن قبولكرا بەڵام ئێستا دواكەوتنی موچە بەبیانوی لاواز بۆتە جێگای نائومێدی و خەڵكی خەریكە بگەنە راستیەك كە ئەوە حكومەتی ئیئتلافی حاكمە فەشەلی هێناوە لەئیدارەكردنی هەرێمی كوردستاندا.

ئەگەر فرۆشتنی نەوت بەبیانوی سەربەخۆیی ئابوری و هێنانەدی سەربەخۆیی سیاسی ئەنجامدرابێت، ئەوكاتەش هەندێك پسپۆر و شارەزای سیاسی و لە راپۆرتی سیاسی حزبی شیوعی كوردستانیشدا باس لەوەكرا ئەگەر نیازی سەربەخۆیی هەیە پێویستە بنەماكانی ئامادەبكرێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدامەزراوەیی بكرێت و لەدەست دوو ئیدارەیی و چەند ئیدارەیی رزگار بكرێت، بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان پێویستی بەدەستور و نەخش و دیاریكردنی سنوری هەرێمی كوردستان هەیە و پێویستی بەوە هەیە كە متمانەی خەڵكی كوردستان بەحكومەت و سەركردایەتی سیاسی بەهێزبكرێت و یەكریزی و سەقامگیری گەورەترین چەكی دەست و ئاسانكاری رێگای سەربەخۆییە، بەڵام ئەم حزبانەی حاكم هەموو هەنگاوەكانیان پێچەوانەی ئەم سیاسەتە كرد و تەنها لەرێگای كۆبوونەوەی چەند قۆڵی هەموو رێگاكانیان گەیاندە بنبەست، چونكە جەوهەری كۆبوونەوەكانیان تەنها بەدەستهێنانی دەستكەوتی شەخسی و حزبی بەرتەسك بوو نەك بەرژەوەندی گشتی هاولاتیانی كوردستان.

هاوڵاتیانی كوردستان مافی خۆیانە مانبگرن و داوای دابینكردنی مافەكانیان بكەن، مافی خۆیانە بایكۆتی دەوام بكەن و داوای مانگانەو موچەی خۆیان بكەن، چونكە چاودێران پێیان وایە كە ململانێی حزبیە ناهێلێت وەزع ئاسایی ببێتەوە، ململانێی ئەم حزبانەی ناو حكومەتە ناتوانن بەشداری كارایان هەبێت و خوێندنەوەی واقعیانەیان بۆ تابلۆی گشتی نییەو قەیرانەكان قوڵتر دەكەنەوە. بۆیە هاولاتی ئاسایی تەنها دەتوانێت بۆ چەند كاتێك بەرگەی نەبوونی موچە بگرێت و لەوە زیادتر دەبێتە گوێنەدان بەمافی خەڵكی كوردستان و لەبەرامبەریشدا خەڵكی داوای مافەكانیان دەكەن . بەڵام ئایا ئەم هێزە سیاسیانەی بەشدارن لەحكومەت و گفتوگۆ پێنج قۆڵیەكان تا چ رادەیەك دەهێلن مەودای ناڕەزایەتی بەرفرەوان بێت و كێ مەترسیەكانی دوای ئەمەی لەبەرچاو گرتوە؟.

  • 1