ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەندرێن ئەحمەد/ ئەدای حزبەكانی ناوحكومەت جێگای نائومێدی هاوڵاتیانە

هاوڵاتیانی كوردستان دووچاری تەنگوچەڵەمەیەكی گەورە و تەنگژەیەكی دارایی تووند بوونەوەتەوە، فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی حكومەت سێ مانگ موچەی مانگانەیان دواكەوتووە، بەشی زۆری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان وەستاوە، هەتا دێت ژمارەی بێكاری زیاد دەكات و هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی كە پێشتر حكومەت بەناوی هاوكاری هاوسەرگیری و پاڵپشتی قەرز بۆ پرۆژەی بچوك و بابەتەكانی دیكە كاریان پێدەكرا وەستاون، كێشەی پرۆژەی توانسازی و زانستیەكان و تۆكمەكردنی ژێرخانی ئابوری و ئاوەدانكردنەوە لەجێگای خۆیاندا بەبێ نازی بەجێماوە و كاری لەسەر ناكرێت، ئەمە لەكاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتەواوی وەزیرەكانی  قسەو لێدوانی پێكناكۆك لەدژی یەكتری لەنێوخۆدا بڵاودەكەنەوە، ئەگەر ئەمە تەنگژە و دەستەوەستان و چەقبەستووی لایەنە سیاسیەكانی ناو حكومەت و دەسەڵاتەكانی دیكە نەبێت، ئەی دەبێت چ ناوێك لەمە بنرێت، ئەی بەراستی ئەمە قەیرانی گشتی نییە؟

دوای هەڵبژاردنی ئەیلولی 2013، حكومەتی پێنج قۆڵی پێكهات، لەپێكهێنانیدا هەریەكە لە پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی بەشی شێری وەزارەت و دەستەكانیان وەرگرت و بۆ پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانیش بەشی بچووكیان پێدرا، ئەم كابینەی حكومەت و حزبەكانی بەشداربوو تێیدا بەڵێنی گەوەرەو دروشمی بریقەدارییان لەخۆیان باركرد، كە ئەوكاتیش تێبینی ئەوە درا كە ئەم هەموو بەڵێنە واقعی نییەو بە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەچێت، نەك حكومەتێكی ئیئتلافی راستەقینە.

حكومەت وەكو دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێكدێ كە لەهەڵبژاردن دەنگی پێدراوە لە 20ی ئابیش ماوەی یاسایی تەواو بووە كەلەهەمانكاتدا سەرۆكی پارتییە، جێگری سەرۆكی هەرێمیش لەلایەن سەرۆكەوە دیاریكراوە و سكرتێری مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، سەرۆكی حكومەت كەلەهەمانكاتدا ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتییە و بەتەوافوقی سیاسی و وەكو كوتلەی گەورە حكومەتی پێكهێناوە كە جێگرەكەشی لەیەكێتی نیشتمانیە ولەناو ئەو حكومەتەدا نیوەی وەزارەتەكان بەبەر گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو كەوتوە و وەزیری داراییش كە وەكو وەزارەتێكی سیادی مامەڵەی لەگەڵكراوە لەبزووتنەوی گۆڕانە و ئەمە جگە لەوەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتە گرنگەكانی خزمەتگوزاری برا بەش لەنێوان پێنج حزبەكەدا دابەشكرا و دەستەو پۆستی دیكەی وەكو راوێژكار لەبەخشینەوەی دەستی لێنەگێڕدراوەتەوە تەنها لەپێناو رازیكردن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی تەسكی حزبی. لەهەمانكاتدا، سەرۆكی پەرلەمان درا بە بزووتنەوەی گۆڕان و جێگرەكەشی بەپارتی ..كەسەیری ئەم تابلۆیە دەكرێت، چاودێران دوودڵی دەیانگرێت لەوەی بەراست ئەمانە ململانێی حەقیقیان لەسەر بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بەڕێوە دەبەن، بەراست ئەم پێنج حزبە بۆچی بۆ دووبەرە دابەشبوونە ئەگەر ئەم شێوە پێكهاتنەیان هەیە، بەراست ئەم حزبانە لەم قەیرانەی كەحكومەتە ئیئتلافەكەیان تێی كەوتوە مەبەستیان بەرژەوەندی گشتییە ؟كەبەم شێوەیە راگەیاندنەكانیان هانی هاوڵاتیان دەدات بۆ خۆپیشاندان و بایكۆتی دەوام وبەرەنگار بوونەوە؟

پرسیاری سەرەكی لەم حزبانەی حاكم ئەوەیە، ئایا هیچ ئاسۆیەكی ئیئتلافیان لەبەردەم ماوە تا گتفوگۆی لەسەر بكەن، یان ئەوە لەژوورە تاریكەكاندا خەریكی گفتوگۆی دابەشكردنی كێكە گەورەكەن و لەسەرەوەش قسەی زەبەلاحی سیاسی بێ ناوەڕۆك دەكەن وەكو ئیمامی عەلی دەڵێ "كەلیمەت ولحەقی یراد بها باتڵ"..قسەكان لەرووكەشدا راستن بەڵام لەناوڕۆكدا مەبەستێكی دیكەیان هەیە.

ئەگەر ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم تەواو بووە جێگری سەرۆك كەسكرتێری حزبێكی دیكەی سیاسیە لەپۆستەكەیدا چی دەكات و حزبەكەشی وەكو موعارەزە خەڵكی هان دەدا.

ئەگەر بەتەنها وەزیری سامانە سروشتیەكان هۆكاری نەهاتنی موچەیە، ئەو هەموو وەزیرانە چی دەكەن لەناو وەزارەتەكانیان و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی چ بەهاییەكیان بۆ دەمێنێتەوە؟

ئەگەر پەرلەمان یاسا دەرناكات چونكە نایەوێت سەرۆكی هەرێم كەماوەكەی بەسەرچووە ئیمزای لەسەر بكات، ئەی ئەو پەرلەمانە بەسەرۆكەكەی كەدەیویست ببێتە سەرۆكی بەدیل چی دەكات؟

باشە هاوڵاتیان چ گوناهێكیان كردوە ئەم حزبانە وایان بەسەر بهێنن و لەهەمانكاتیشدا بیانكەنە كارتی فشاری سیاسی لەسەر یەكتری ..

سەرۆكی حكومەت و پارتی دیموكرات چەند رۆژ جارێك بەیاننامەیەك لەدژی چوارحزبەكەی دیكە و وەزعەكە بڵاو دەكاتەوە، ئەی ئەركی ئەم سەرۆكی حكومەتە چییە لەكاتێكدا ناتوانێت وەزیرانی كابینەكەی بەڕێوەببات وەكو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دامەزراوەكانی بەسەر دوو ناوچەی ئیداری دابەشبوونەوەتەوە، چۆن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە كە بڕیارەكانی لەهەموو هەرێمی كوردستاندا وەكو یەك جێبەجێ ناكرێت، بۆچی حكومەتەكەی و ئیئتلافەكەییان هەڵناوەشێنێتەوەو خەریكی حكومەتێكی دیكەی كار بەڕێكەر بن تاوەكو هەڵبژاردنێكی دیكە..بۆچی خەریكی ئەم ململانێ بێ ئەنجامانەن كە جێگای نائومێدی هاوڵاتیانی كوردستانە؟.

زۆر قسە لەسەر بەدامەزراوەی دەستەو دایەرەكانی هەرێمی كوردستان كراوە، چونكەتەنها بەدامەزراوەیی و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی دەتوانرێت حكومەتێكی نیشتمانی تۆكمە بنیاد بنرێت، هەر شتێك لەدەرەوەی ئەوە ئەنجامەكانی لەم وەزعەی ئێستا باشتر نابێت و نابێتە جێگای ئومێد.

ئەم حكومەتی ئیئتلافی حاكمە، لەدوو رووەوە شكستی هێناوە، یەكەمیان لەرووی ئیتلافی پێكهێنانی حكومەت و كابینەكە چونكە خەریكی ئیئتلاف نەبوون بەقەدەر ئەوەی خەریكی دابەشكردنی پۆست و پایە بوون، لەرووی دووەمیشدا لەبەردەم قەیرانێكی قووڵدا ناتوانن دەست لە ئیمتیازاتی خۆیان هەڵگرن لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و نموونەی دەست لەكاركێشانەوە لەحكومەت و پۆستەكانیان پێشكەش بكەن تاوەكو گەل بڕوایان پێ بكات، چونكە ئەوەی لەراگەیاندنەكاندا دەیكەن تەنها سواربونی شەپۆلی نارەزایەتی و بێچارەیی خەڵكە نەك خزمەتكردنی خەڵكی .

بۆچی دەبێت خەڵكی كوردستان بڕوای متمانەی بەوحزبانە بمێنێت ؟ ئەی نازانن تووڕەی خەڵكی بێ سنوورە كاتێك پشتیان تێ دەكات؟ ئەی نازانن و نەیانبیستوە، كە دووژمنەكانمان لەبۆسە وەستاون لەكەلێن و درزێك دەگەڕێن بۆئەوەی وەزعی كوردستان بەتەواوی تێك بدەن، ئەی لەمێژوودا تەجرەبەی وەهامان كەمە؟