ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەندرێن ئەحمەد/ بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی كراوەتە قوربانی بەرژەوەندی حزبی

كێشەكان لەنیەتی خراپ و شاراوەی بەرتەسكی حزبایەتی دەست پێدەكات، كەدەبێتە عەقلیەتێك بۆ یەكتری داپلۆسین و بیانو هێنانەوە بۆ هەڵوێستە خراپ و مەترسیدارەكان، ئەوەی هەرێمی كوردستانی گەیاندۆتە ئەم تەنگژەو قەیرانانە نییەتی شاراوە و هەڵوێستی ژوورە تاریكەكان و نەبوونی پرۆژەیەكی نیشتمانی دوورمەودایە.

رۆژ بەرۆژ ململانێی نێوان لایەنە سییاسیەكانی ئیئتلافی حاكم قوڵتر و مەترسیدارتر دەبێتەوە، ئیئتلافی حاكمی پێنج قۆڵی تا بەو ساتەش دەگات وازیان لەكورسیەكانی دەسەڵات و وەزارەت و پۆستەكانی دیكە نەهێناوە، كەچی گەلی كوردستانیان گەیاندۆتە ئەوپەڕی مەترسی و لێكترازان و لێواری لەنێوبردنی پرۆژەی دەوڵەتداری .

بابزانین كێ لەم وەزعەی كوردستان قازانج دەكات و كێش لەسەرەتای رێككەوتنی پێنج قۆڵی پێشبینی مەترسیەكانی دەكرد؟ لایەنەكانی پێنج قۆڵیش گوێی خۆیان بۆچی كردبۆوەو بۆچیش كەڕ كردبوو؟

لەمێژویی كوردستاندا، پرسی شكستی میرنشینەكانی كورد گەلێك زەق و دیارە، كە مێژوو چەند بارە تۆماری كردۆتەوە، هەروەكو خۆی دووبارە بوونەتەوە، بەدەستی ناو خۆی میرنشینەكان لەنێوبراون، ئینجا چ بەدەستی میرنشینێكی دیكەی كوردستان یاخود بەفیتی دەرەكی و بەدەستی نێوخۆی بنەماڵەی میرەكان.

ئەم پەند و بالۆرە مێژوویانە بایی ئەوەندەی تێدا نییە كەئەمڕۆ دەرسێكی نیشمانی لێوەرگرین، یان ئەوە زاكیرەی سیاسی سەركردە سیاسیەكان ئەوەندە بچوك ولاوازە توانای ئیستعابی ئەم دەرسە مێژووییانەی كۆنی نییە، كەدواجار هەر دووژمنانی كوردستان لەئیمپراتۆریەتی ئوسمانی تورك نشین و ساسانی ئێرانی و تائەوانی دیكە قازانجیان لە تێكدانی میرنشینەكۆنەكانی دوێنێ كردوە.

دیسان بەرژەوەندی نێودەوڵەتی و سادەیی تێڕوانینی سەركردە سیاسیەكانمان لە مێژووی هاوچەرخدا لەتوانایاندا نەبوو لەسەرەتای سەدەی بیستەم هەلی بردنە پێشەوەی پرسی نیشتمانی ببنە پێشەوە، ئەگەر ئەوە وڵاتانی زلهێزی ئەوكات دەستیان هەبوو، بەڵام دیسان لێكترازانی ناوخۆیی یارمەتی شكستی پرۆژەی نیشتمانی كوردستانی لەمێژووی هاوچەرخدا.

ئەگەر دوژمنان هەمووجار دەستیان لەشكستپێهێنانی پرۆژەی بەدەوڵەت و سەربەخۆیی كوردستان هەبووبێت، بەردەوام دەستێكی ناوخۆیی و سادەیی و ساویلكەیی و لێنەزانین لەهاوكێشە سیاسیەكانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هۆكارێكی سەرەكی بووە.

لەسەرەتای رێككەوتنی پێنج قۆڵی حزبی شیوعی هۆشداری بە هەموو لایەنەكاندا كە بۆچی دەبێت بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی و حوكمداری لەنێوان تەنها پێنج لایەن قەتیس بكرێت، ئایا كوردستان وەزعی ئەوەندە لەبارەو دونیا ئەوەندە شامی شەریفە تاوەكو تەنها ئەو لایەنانە قۆرخی هەموو دەسەڵاتەكان بكەن، كەچی گوتیان حزبی گەورە و حزبی بچووك هەیە و گوتیان ئەوە حزبی شیوعی تەنها یەك كورسی هەیە بۆیە نابێت بەشداری كۆبوونەوەكان بكات، وەكو بڵی ئەوە حزبی شیوعی تەنها باسی خۆی دەكات..لەكاتێكدا حزبی شیوعی باسی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كوردستانی دەكرد لەم قۆناغە هەستیارەدا و هەرچەندە تێبینی لەسەر وشەی سازانیش هەبوو چونكە حزبی شیوعی پێی وابوو كە حزبەكانی پێنج قۆڵی گومانیان لەخۆیان هەیە كاتێك ئەم وشەیە بەكاردەهێنن بەڵام دیسان قبولی مەسەلەی سازانی كرد كاتێك هەموو هێزەكان لەچوارچێوەیەكی نیشتمانیدا یەكانگیر دەبن بۆ بەڕێوەبردنی كوردستان.

كاتێكیش، ئەم پێنج لایەنە لەپرسی یاسای سەرۆكایەتی دووچاری قەیران و لێكنەگەیشتن هاتن، حزبی شیوعی پرۆژەی خۆی بۆ هەموو لایەنەكان خستەروو كاتەكە پرۆژەی عەمەلی بوو بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و پەڕاندنەوەی بارودۆخی كوردستان لەم قۆناغە ناخۆشەدا، وەك پێشبینیەك لەوەی كە ئەگەر پرۆژەكەی حزبی شیوعی بەبنەما وەرنەگرن كوردستان بەرەو ئاقارێكی خراپ دەبەن، بەڵام نییەتی لایەنەكان هەم لەگەڵ یەكتری باش نەبوو، هەمیش گوێیان بۆ پرۆژەی نیشتمانپەروەرێتی حزبی شیوعی كەڕ كرد و بەهەندیان وەرنەگرت.

ئەمڕۆش جارێكی دیكە ئەگەر نییەتی باش لەپشت ئەو هەموو بانگەواز و بەیاننامانە هەیە باشترە بۆ پرۆژەكەی حزبی شیوعی بگەڕێنەوە،چونكە لەمكاتە ترسناكەدا، و لەدەمی ئیفیلج بوونی رێككەوتننامەكانی پێنج حزبەكە و ئەگەر دابەشبوونی كوردستان بەسەر دوو هەرێمی بچووكی لاواز، پرۆژەی نیشتمانی حزبی شیوعی باشترین چارەسەرە و بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی بێ ئومێدی سیاسی و بێ متمانەیی لەنێوان لایەنە سیاسیەكان پەنا بۆ پرۆژەكە ببەن كە بریتیە لەوەی هەموو هێزەسیاسیەكانی نێو پەڕلەمان بەشداربن لەئەنجومەنێكی سەرۆكایەتی سیاسی و بەهاوبەشی باس لەهەموو كێشەو گرفتەكان بكرێت لەئاستی باڵا و كەس خۆی لەپشت لیژنەو لیژنەكاری بێ دەسەڵات نەدزێتەوە هەمووان وەكو یەكتری تەحەمولی بەرپرسیارێتی مێژووی قۆناغەكە بكەن و گەلی كوردستانیش لەم تەنگژەو قۆناغە پڕ قەیراناویە رزگار بكرێت.

  • 1