ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەلام عومەر/ دیسان حزبایەتی چۆڕاوگەی خوێنی لە قەڵادزێ رژاند

بەداخەوە كلتووری حزبایەتی بەتایبەت ئەوانەی لە هەناوی توندوو تیژیەوە درووست بوون، ئیستاش هەر خەریكی گۆڕینی ئاراستەكانن و دەخوازن لەنێو روداوە مەدەنییەكاندا هەڕەشە لەو دیموكراتییە بكەن كە چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەكرێ، ئەوانە بازرگانی شەڕن و لەپەنای حزبایەتی خۆیان حەشارداوەو لە دەرفەتێك دەگەڕێن تا سیمای خۆیان و شارو هەموولا ناشیرین بكەن، ئاخر روداوەكەی دوێنێی قەڵادزێ هێندەی پەیوەست بوو بە نەبوونی مووچەو ریكنەكەوتنی پێنج حزبە سیاسییەكە و بەردەوام بوون لە كۆبوونەوە سەرنەكەوتوەكانیان كە هەمیشە ئەم لایەنانە خەریكی حزبایەتین و دەربەستی ژیان و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و تەنانەت دەنگدەرەكانی خۆشیان نین، هێندە كاریان نەكردووە بۆ لەگۆڕنانی حزبایەتی و یەكتری قبووڵ كردن، هەربۆیە لەكاتی خۆپیشاندانی خەڵكدا ئەم پارتە شەڕانگێزانە دەیكەنە دەرفەت و بەرەو توند تیژی ئاراستەیان دەكەن و دواتریش لەگەڵ رودانی كارەساتدا پاشەكشە دەكەن و تەواوی تاوانەكان ئاراستەی بەرامبەر دەكەن، ئەزموونی یەكتری سڕینەوە لە هەناوی كۆمەڵگای ئێمەدا تفەنگو تەقەو یەكتری كوشتنی تێدا حەشاردراوە، بۆتە كلتوورو ناكرێ ئەو مەترسییە هەمیشە دووبارە بوونەوەی هەبێ، ئاخر هەمیشە لەوكاتانەی دەرفەتێكی لەبار بۆ درووست بوونی سەنگی كوردوو دۆزەكەی درووست دەبێت ئەوە وڵاتانی هەرێمایەتی لە سەنگەردان و دۆستەكانیان بەجۆرێك تیژ دەكەنەوە كە ببنە كۆسپ لە بەردەم پێگەیشتن و پێشكەوتن، ئەوەتا تەقە كردن لەهاوڵاتیان و سوتاندنی بارەگاكانی یەكتری سەدان هێندە هاوڵاتیان بێزار دەكات و هەرچی متمانە بێت بە حزبو حكومەت نەماوەو ئێستا شەقام وایدەبینێ كە ئەم پارتانەی دەسەڵات دێوەزمەیەكی ناشیرننو نەك هەر هاوڵاتی كەسانی خۆشیان بەكوشت دەدەن بۆ مەرامی ئەو حزبایەتییەی كە لەوەتەی هەین بە هەڵە بەكاری دەهێنین.