ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

عەبدوڵڵا پۆڵا/ جیاوازی نێوان تیرۆریستانی داعش و تیرۆری سپی!

جەنجاڵی و خراپی رێگاكانی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان، رۆژانە دەیان كارەساتی جەرگبڕ تووشی هاووڵاتیان دەبێت، هەزاران هاووڵاتی ساڵانە دەبنە قوربانی تیرۆری سپی، سەرەرای كوالێتی خراپی زۆربەی كەلوپەلەكانی هاوردە، بەتایبەتی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلەكان، كەوا سەرچاوەی هەڕەشەی ئەو تیرۆرە سپییەن. مانگی رابردوو ملیۆنەها ئۆتۆمبێلی كۆمپانیا زەبەلاحەكان لەبازاڕەكانی ئەمریكاو ئەوروپا بەهۆی خراپی ئێرباگەكانیان كێشرانەوە، كەوا مەزەندەی پتر لە 34 ملیۆن ئۆتۆمبێل دەكرا، بەڵام ئەمە لەرۆژهەلاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان گوێی پێنەدرا، چونكە بەرپرسان هیچ كاتێك خەمی هاووڵاتیانیان نەبووە، تەنها خەمی پڕكردنی گیرفانیان ئامانجی سەرەكیان بووە.                                             كۆمپانیای تۆیۆتا لەساندیگۆ تەنگاوبووەو كێچی كەوتۆتە كەوڵی، دەڵێ دەبێ ئێرباگی پشتەوە لە ئۆتۆمبێلەكەت دابنێی، ئەو ئۆتۆمبێلەی خۆم مۆدێلی 2005 كەوا 10 ساڵە دروستكراوە، نازانم چەند دەستی كردووە، دەڵێم ئێرباگم ناوێ، كۆمپانیا دەڵێ گەر هاتو شتێكت لێهات، ئێمە بەرپرس دەبین، داخوا چەند ملیۆن دۆلار غەرامە دەكرێن، دووشەمەی بۆ كۆمپانیا دەچم، بەبەلاش ئێرباگەكەم بۆ دادەنێن، پرسیار ئایا ئەو كۆمپانیایەی لەساندیاگۆیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان جیاوازی هەیە؟ بەمەزەندەی خۆم هەمان كۆمپانیایە، بەڵام ئەوەی جیاوازە گەندەڵیی بەرپرسانە لەهەرێمی كوردستان. بۆیە ساڵانە ئەو هەموو خەڵكە بە تامپۆنی ئۆتۆمبێل یانیش تیرۆری سپی گیانیان دەردەچێ، خۆ ئەگەر بەراوردێك بكەی لەنێوان بەرەكانی شەڕی داعش لەگەڵ ئەو خەڵكەی لە ئەنجامی تامپۆنی ئۆتۆمبێلەكان گیانیان دەردەچێ، یان دەستوقاچیان دەپەڕێ، لەوانەیە كارەساتەكانی تیرۆری سپی چەندینجار پتر بێ.

ئایا چ جیاوازییەك لەنێوان تیرۆری سپی و تیرۆریستانی داعش هەیە، كەوا ساڵانە هەزارەها خەڵك دەبنە قوربانی ئەو تیرۆرە سپییەی، كەوا بەرپرسانی هەرێم بەپلەی یەكەم بەرپرسن؟