ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

عەبدوڵڵا پۆڵا/ لەهەڵبژاردنەكاندا كورد وەك ویلایەتێكی ئەمریكی سەیردەكرێت!

 

پشتگیری ئەمریكا بۆ كوردان لە ململانێی هەلبژاردنەكانی ئەمریكاو سەردانەكەی ئێستای جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ رۆژهەلاتی ناوەڕاست: ململانێكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا گەرموگوڕتر رۆژدوای رۆژ بەرێوە دەچێ، زۆرترین مەسەلەكانی گۆڕەپانی سیاسی هەڵسەنگاندنی بۆدەكرێ، هەر لەسیاسەتەكانی ئابوری و دەرەوەو هەڵوێستیان بەرامبەر شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوین و ئەورپا و ململانێكانیان لەگەڵ رووس، بەتایبەتی لەئۆكراینیا، سیاسەتەكانیان دەربارەی هجرە كەوا زۆرترین خەڵكی دەوروژێنێ، هەروەها هێزەكانی هاوپەیمانان و تیرۆریستانی داعش كەوا هاووڵاتیانی ئەمریكا گرنگییەكی زۆری پێدەدەن، چونكە باش دەزانن كەوا هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش لەناو ئەمریكا دووردەخاتەوە. بۆیە لەدوای هێرشەكانی داعش بۆسەر شەنگال و كۆبانی كورد وەكو ویلایەتێكی ئەمریكی بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكاندا سەیر دەكرێ، گورگی هار گەر ماڵیشی بكەی، كەڵبەی تیژی لەناخی نێچیریكەی دەقەپێنێ، بۆیە پرۆسەی دیموكراتی لەتوركیا لەناو گەلەگورگێكی دڕندە تەنها رێكلامەكانی حكومەتی فاشی توركیاو كەناڵەكان و رۆژنامەكانی توركیایە بۆچەكدانانی پەكەكەو بەربەرەكانی كانتۆنەكانی رۆژئاوایە. گەرچی پاڵێوراوی یەكەمی دیموكراتەكان هێلەری كلنتۆن بە ئاشكرا پشتگری و هاوسۆزی خۆی بۆكوردانی كۆبانی دەربڕی، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر توند ئیدانەی ئەو كارە قێزەوەنەی پرسووسەی كردو هاوسۆزی خۆی دەربڕی و ئاشكرایكرد كەوا مارە ژەهراوییەكانی ئەردۆگانی لەحەدیقەی پشتەوەی ئەردۆگان لەتەقینەوەكانی پرسووسەدا دەستی هەبووە. گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئینزاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كەوا توركیا بۆردومانانەكان بۆسەر هاووڵاتیانی سڤیل راگرێ، وەرچەرخانێكی مێژووییە. لەیەكەم سەردانی جۆن كیری بۆوڵاتی میسر و پێدانی چەكی كاریگەر بۆ گەڕانەوەی رۆڵی جارانی. بۆدووەمجار موافەقەی فڕۆكەی جۆری ف 16 دەكرێ، بۆیە میسر كاریگەری پتر دەبێ، لەوكاتەی توركیا دەیەوێ رۆڵی كاریگەری هەبێ، بەڵام لە دوای بۆردومانەكەی زارگەلی لەلایەن رژێمی توركیاو بۆردومانی چوار شوێنی دی لەرۆژئاوا لەباكوری حەلەب و گرێ سپی كەوا گەریلاكانی پەپەكەی كردە ئامانج، بۆیە رژێمی توركیا پتر ریسوادەكرێ. دوای ئەوەی زارگەلی بەبیانووی سەركردایەتی پەكەكە بۆردومان دەكرێ، بەڵام ئەوانەی كوژراون هەموویان خەڵكی سڤیلن. ئیستاش حكومەتی عەبادی بۆدووەمینجار بەتوندترین شێوە پرۆتیستۆی بۆردومانەكان دەكات و داوا دەكرێ كەوا دەست لەخاكی كوردستان هەڵبگرێ. رێكەوتنی ناوەكیش رۆڵێكی كاریگەری پتری بە ئێران داوە، بۆیە عەبادی پشتی بەئێران قایمە، كەوا لەگەڵ ولاتانی 5+1 رێكەوتنیان مۆركرد، لەدوارۆژدا توركیا پتر شێت و هارتر دەبێ و كۆمەڵگای جیهانی ئامانجەكانی توركیا باش دەزانێ، كەوا پەلەقاژەی مەرگی ئەو ناوچانەی كوردستانی لەدەست دەچێ. 3ی مانگی 8 ی ساڵی رابردوو، ساڵێك بەسەر هێرشەكانی داعش بۆسەر كوردستان تێدەپەڕێت، كەوا تیرۆریستانی داعش بەهاوكاری وڵاتانی ئیقلیمی سنوورەكانی كوردستانیان بەزاندو خەڵكێكی زۆری سڤیلیان لەژن و مناڵ و پیرو پەككەتە دەستگیر كردو ژن و كچانی یەزیدیان لە بازاڕەكانی موسڵ و رەقە هەراجكرد، كەوا وڵاتانی كەنداو بەتایبەتی قەتەرو وڵاتی توركیا یاریدەدەری سەرەكی ئەم شاڵاوە نەگریسەی تیرۆریستانی دعش بوون. ئەمڕۆكەش هەفتەیەك بەسەر هێرشەكانی فڕۆكەكانی رژێمی نەگریسی توركیا تێدەپەڕێ، كەوا ناوچەكانی كوردستانیان كردە ئامانج و زەرەرو زیانی گیانی و ماڵی زۆریان بە هاووڵاتیانی ناوچەكانی سەر سنووری ئێران و توركیا گەیاند. دوای ئەوەی پێشمەرگەو گەریلا بەهێزێكی كاریگەر و خاوەن ئیرادەو ئازاو بوێرانە ناسران، خاكی كوردشتان لە باشوورو رۆژئاوا لە تیرۆریستانی داعش پاككرایەوە. ئەوەی زۆر گرنگە ئەمڕۆ كورد ناوماڵی خۆی رێكبخات، چونكە بەئاشكرا ئەردۆگان رایگەیاند كەوا پرۆسەی دیموكراتی كۆتایی هاتووەو لەگەڵ پەكەكە ناكرێ، ئەی گەر لەگەڵ پەكەكە نەكرێ و ئەندامانی هەدەپە رەشبگیری بكرێن، ئەی لەگەل كوێ ئەو رێكەوتنە دەكرێ؟ بۆیە پێویستە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی یەك هەڵوێستیان بەرامبەر دۆزی كوردو ئەو كۆمەلكوژییەی لە پرسوسەو زارگەلی و شوێنەكانی تر دەكرێ هەبێت. ئەو رەشبگیرییەی بەرامبەر هەدەپە دەكرێ بەتوندی ریسوا بكات و ئەگینا هەموو كۆمپانیاكانی توركیا لەكوردستان پێویستە دەربكرێ. دەربڕینی رژێمی توركیا كەوا بەیەكچاو سەیری داعش دەكات كە ئەمە لەواقیعدا زۆر دوورە، چونكە توركیا لەئێستاو داهاتوودا پشتگیری تیرۆریستانی داعش بووەو هەمیشە دژایەتی كوردیان كردووە، ئەو پرۆسەیەی لەسەردەمی خوالێخۆشبوو تۆرگۆت ئۆزال دەستی پێكردوو لەلایەن نەتەوەپەرستان پەكخرا، بەكوشتنی تۆرگۆت ئۆزال كۆتایی هات. ئێستاكەش هەمان چارەنووس چاوەڕێی حكومەتی ئەردۆگان دەكات، لەوكاتەی كانتۆنەكانی جەزیرە ناوچەكانیان لەداعش پاككردوەوە كوردستانی باشووریش خاوەن حكومەت و پەرلەمان، باكوریش چاوەرێی هەرێمێكی سەربەخۆ دەكەن، دوای ئەوەی توركیا رێگەی بە هاوپەیمانان نەدا كەوا بەیسی ئینجەرلیك بەكاربهێنن، لەدوا قۆناغەكانی رزگاركردنی كوردستانی رۆژئاوا كەوا هاوپەیمانان رۆڵی كاریگەریان هەبوو، بۆیە توركیا پەنای بۆپلانی نەتەوەپەرستان برد، كەوا مەزەندە دەكرێ حكومەتی ئەردۆگان بەهاسانی لێی دەرباز نەبێ. پێویستە بەزووترین كات كۆبوونەوەیەك لەسەر ئاستی باڵای حزبەكانی كوردستان گرێبدرێ، پێویستە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی بەرامبەر ئەو گۆڕانكارییانە بەزووترین كات رابگەیەنرێت. دوای بەكارهێنانی بەیسی ئینجەرلیك هاوكێشەكان گۆڕان، پێویستە سەرانی كوردیش بەگوێرەی هاوكێشە نوێیەكان مامەڵە بكەن و هەماهەنگی هەبێ، بەڵام ئەوەی هەستپێدەكەم، كۆبوونەوەكان هەر لەسەر سەرۆكایەتی هەرێمە، بۆیە دەبێ لەئاستی ئەو گۆڕانكاریانە كاردانەوەی هاوبەشیان هەبێت. كورد لەدوا قۆناغەكانی شەڕی داعش بەگەورەترین هێزی سەرزەوی دادەنرێ ئێمە خۆمان سەنگیی خۆمان كەمدەكەینەوە، بۆیە دەبێ كورد وەكو هێزێكی كاریگەر سەیری بكرێ. توركیا بەیەك بڕیار هاوكێشەكانی گۆڕی، گەرچی تاكو هەفتەیەك پێشی ئێستاش هەر هاوكاری داعش بووە، بەڵام هەموو لایەنەكان دەزانن بەناوی دژایەتی داعش دوژمنایتی كوردان دەكات. پتر لە 1300 كەس لەتوركیا گیراوە تەنها 30 كەسیان داعشن، ئەوانی تر هەمووی كوردن. بۆیە پێویستە بۆ پرسە ستراتیژییەكان لەنیوان حزبەكانی كوردستانی بەرامبەر بەو هاوكێشە نوێیانە دەبێ خاڵە هاوبەشەكان زیاتر بێ، بەڵام بە پێچەوانەوە خاڵە ناكۆكەكان زەقترن. راستە توركیاو ئێران دوو وڵاتی ئیقلیمی گەورەن، بەڵام دەبێ ئەو رۆڵەی كورد لە هاوكێششەكان دەیبێنێ، لە نەخشە نوێیەكان و سایكسبیكۆی نوێ جێگای تایبەتی هەبێ، بەڵام دەبێ لەلایەن حزبەكانی كوردستانیش بێ جیاوازی بەرژەوەندی گەل لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكان بێ.