ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

عەبدوڵڵا پۆڵا/ سازانەكەی مام مرادی

 

مام مرادی شاخەپیسكەی لەوانەیە زۆربەتان نەیناسن، بەڵام ئەوەی پێشمەرگایەتی ساڵانی زووی كردبێ، رێگای بەگوندی شاخەپیسكە كەوتبێ، لەدوای ساوارێكی خەستی خۆماڵی، تێرتێر چێژی شیعرەكانی مام مرادی شاخەپیسكەی لەوانەیە كردبێ.                           

یەكەمجار وشەی سازانم لەماڵی مام مرادی گوێ بیست بوو، كاتێك كچێكی ژیكەڵە بەناوی سازان لەماڵیان دێ و دەچێ، ناوەكی جیا دەبێ، جیا لەهەموو ناوەكانی فاتم و رەعناو عەیشێ، بۆیە لەگەڵ مام مرادی دەكەوینە سازان.                                           

مام مراد لەگەڵ شەهید بڕیار* بەزمیان زۆر خۆشدەبێ، چەندین وتەی بەنرخی ئەو شاعیرە میللییەم هەر لەبیرماوە.                                             

بۆیە دوای رێكنەكەوتنی حزبەكان لەساڵی 1981 بۆگرێدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردی، هەرزوو مامم مراد ئیعلانیكرد، حزبەكانی كوردی بەهۆی دابەشدوونیان بەسەر وڵاتانی ئیقلامی، سازان ناكرێ.                                                       

بڕیار" مام مراد ئەوەی نەسازا چی لێبكەین؟

مام مراد" بەمن دەستەكی تەڕی بگێین.

ساڵی 1983 مام مراد هەر لەگەڵ شەهید بڕیار دەبینمەوە، بەڵام لەلێواری شەڕی ناوخۆدا بووین. بڕیار" مام مراد تۆ قەولێكتدا، پێچەوانە دەرچوو، ئەوان بەپێوە دەیانەوێ میللەتی بگێن!

مام مراد" بەسەری مام مرادی ئەوەی نەسازێ، پەشیمان دەبیتەوە.

بڕیار" بەڵام سازان هەریەكەو تەفسیرەكی جیای بۆدەكا!

هەڵشاخانی لایەنەكان و ئەجیندای ئیقلیمی، هەریەكەو بۆلای خۆی سازانی دەوێ! بەكارهێنانی ڤیتۆ لەلایەن هێزەكانی كوردستانی هەمان ئەو سەرچاوە دەگرێتەوە، نزیكەی 38 ساڵە بارگرژییەكانی ئەوكاتی و شەڕو ماڵوێرانی پیشاندەدات.                           

هەردوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دیسان نەسازان بەرۆكی میللەتەكەمانی گرتەوە، هۆیەكانی دیارە هەمان نەسازانی نێوان هێزەكانی كوردستانی كۆن و ئێستاو داهاتوو نیشاندەدات، بۆیە ئەوەی سازانی دەوێ پێویستە راستییەكان بزانێ!.                           

مام مراد: شاعیرێكی میللی خەڵكی گوندی شاخەپیسكەی رۆژئاوای كۆێی بوو.              

بڕیار: كاكل حەمەد ناسراو بەبڕیار شەهیدی دەستی خیانەتەكانی ناو هێزی پێشمەرگە بوو، لەگەڵ 17 پێشمەرگەی پاڵەوانی حزبی شیوعی لەناو شاری هەولێر ساڵی 1984 دەرمان خواردكران، بەدەسیسە نەگریسەكەی مەمۆ تەسلیمی دەزگاكانی ئەمن دەكرێن، لەساڵی 1985 لەمەحكەمەی بەناو سەورە لەلایەن عەواد ئەلبەندەر سەرۆكی ئەو دەزگایە حوكمی لە سێدارەیان بەسەردا دەسەپێت.