ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

عەبدوڵڵا پۆڵا/ بیروباوەڕی چەپگەرایی لەنێوان سەركردەكانی ئەمریكای لاتین و پاپای ڤاتیكان

 

خەرمانەی بیروباوەڕەكانی گیڤارای شۆرشگێڕ كەوا لەدوای شەڕەكانی ڤێتنام لەجیهاندا رەنگیدایەوە. ئەمڕۆ لەئەمریكای لاتیندا بەهەمان گڕوتین سەرهەڵدەداتەوە، دوای ئەوە لەرۆژهەلاتی ناوەڕاست بیروباوەڕی شەڕو تیرۆرستانی ئیسلام سەرهەڵدەدا، بەپێچەوانەوە بیروباوەڕەكانی گیڤارای شۆڕشگێڕ لەنێو سەرۆكەكان تادەگاتە پاپای ڤاتیكان، بەتایبەتی لەئەمریكای لاتیندا، وەكو مانگی چواردە ئاسمان رۆشندەكاتەوە.                                                 

پاپای ڤاتیكان فرانسیسی یەكەم كەوا بەڕەچەڵەك خەلكی وڵاتی ئەرجەنتینە، جیاواز لەپیاوەكانی كەنیسە سەرنجی هەموو جیهانی وروژاند، دوای ئەوەی پاپا حكومەتی توركیای تاوانباركرد، كەوا جینۆسایدی ئەرمەنەكانی لەسەدەی رابردوو ئەنجاداوە، لەگەڵ میانگیریی نێوان ئەمریكاو كۆبا، كە بەگەڕانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی هەردوولادا گەڕایەوە.                    

لەسەر زاری ئۆباما لەكۆبوونەوەكانی لوتكەی وڵاتانی هەردوو ئەمریكادا، كە لەدوو مانگی رابردوودا گرێدرا، ئۆباما لەنێو ئاپۆرای سەرۆكەكانی ئەمریكای لاتیندا بەئاشكرا دەریبڕی، كەوا لاپەڕەیەكی نوێ لەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكای لاتین دەكاتەوە، كەوا پاپا رۆڵێكی كاریگەری بینی بوو، بەتایبەتی لەنزیككردنەوەی ئەمریكاو كۆبادا، كەبەدوژمنی سەرسەختی یەكتری لەنیوەی سەدەی رابردوو دادەنران.                                                

 

رووداوەكانی دوو هەفتەی رابردووی كوشتارگەكەی ساوپ كارۆلاینا لەكەنیسەیەكی ئەفریقی ئەمریكییەكان، كەوا 9 كەسی لێ بووە قوربانی، كەقەشەی كەنیسەكە لەنێو كوژراوەكان بووە، ئەوە دووپاتدەكاتەوە، كەئایین و پیاوەكانی ئایین لەپێناو فراوانكردنی دەسەڵاتەكانیان هەموو كارێكی ناڕەوا ئەنجامدەدەن. لەرابردوو ئەوەی كەنیسە بەئەوروپاییەكانی كرد، ئێستاكەش لەبیری ناكەن، بەڵام پاپای ڤاتیكان بەپیچەوانەی زۆربەی ئەو هەڵوێستانەی پەنگخواردووی پیاوانی كەنیسە دەجووڵێتەوە.                                                  

ئەوەی ئەو تاوانەی ئەنجامدا، لەسەرەتا گومانی داعشی لێدەكرا، بەڵام دەركەوت كەوا ئەو گەنجەی ئەم تاوانەی ئەنجامداوە، لەیەكێك لەكەنیسەكانی ئینجیلی كاردەكات، لەئەنجامی ململانێی دەسەڵاتی ئایینی گەوا گەنجەكانكانیان فریو داوە.                                   

گەر لەرۆژهەڵات قاعیدەو نوسرەو جیهادو داعشەكان و میلیشیا شیعەكان بەناوی ئایینی ئیسلام بەرهەمهێنەری تۆقێن و كوشتنی خەڵكی بێتاوان بن، ئەوا لە ئەمریكاش كەنیسەكان بەرهەمهێنەری ئەم كوشتارگانەن. لەلایەك واز لەململانێی ئایینی ناشەرعی ناهێنن و لەلایەكی تر لەئاستی پەیوەندییەكانی ئابووری بانگەشەی سیستەمی سەرمایەداری سەقەت دەكەن. كەنیسەكان لە ئەمریكا و كۆلكە مەلاكان لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی مرۆڤەكانیان هەراجكردووە، گەرچی ئەوروپا لەم كێشەیە ماوەیەكی دوورە خۆی رزگاركردووە، بەڵام هەڵسوكەوتی پاپای رابردوو كەوا بەرەچەڵەك خەڵكی وڵاتی پۆلینیایە، دەبوو زووتر بزانێ، كەوا ململانێكانی ئایینی رۆژهەڵات و رۆژئاوا جیهان بەرەو كاولكاری دەبات، چونكە پۆڵۆنیا دوو جاران لەجەنگەكانی جیهانی وێران كرا، بەڵام پاپای پێشوو لەهەوڵی ئەوەدابوو، كەوا شەڕێكی داعشانە لەئەوروپا بەرپا بكات، لەشێوەی شەڕەكانی خاچەكان و شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ئیسرائیل و عەرەبەكاندا. بەرهەمهێنەری هەمان بۆچوونی توندڕەوی سەلەفی ئیسلامی و جوولەكە تووندڕەوەكان، بەرهەمهێنەری هەمان كوشتاری بەكۆمەڵن.                                                    

پاپای ڤاتیكان فرانسیسی یەكەم لەزۆربەی وتەكانی رەخنە لەپیاوانی ئایینی مەسیحی دەگرێ، كەوا بەدوای بەرژەوەندییە تایبەتییەكان و شەهەواتی جیهاندا دەگەڕێن، ئەم بۆچوونانەی پاپا كەوا جیاوازترە لەگەڵ پیاوانی كەنیسەی پێشوودا، هەموو ئەمریكای لاتینی گرتۆتەوە. پیاوە سیاسییەكان و پیاوەكانی ئایینی دیارە لەئەمریكای لاتین لەئێستاو داهاتوو سەرسامی بیری پێشكەوتووخوازانەی گیڤارای شۆڕشگێڕن، بۆیە هەرزوو لەئیتاڵیاوە پاپا دڵی بۆهاڤانییەكان لێیدا. سەرۆكی كوبای دەعوەتی ڤاتیكان كردوو لەگەڵ ئەمریكا پێكی سەركەوتنی پەیوەندییەكانیان نۆشكرد. لەوەڵامدا سەرۆكی كوبا گوتی" شەرتبێ وەكو شێخی سەنعان بگەڕێمەوە سەر بەرماڵەكەی جاران و نوێژێكی جەماعەتت لەكوبای لەگەڵ بكەم، گەرچی لەكوبا كەنیسەكان نغرۆی سیاسەتی پارتی كۆمۆنیستی كۆن بوون و دووچاری فەوتان بوونەوە.هەموو ئەمریكای لاتین باش دەزانن كەوا بیروباوەڕەكانی گیڤارای شۆڕشگێڕ مێشكی هاووڵاتیانی ئەمریكای لاتینی پێ ئاودراوە، بۆیە سەرۆكەكانی ئەمریكای لاتین هەریەك لەسەرۆكی ئەرجەنتین كریستانا فرناندیزو سەرۆكی پێشووی بەڕازیلی لولاداسیلڤا و سەرۆكی ئۆرگوای خۆسی مۆخیكاو سەرۆكی ڤەنزویلا كۆچكردوو هۆگۆ شافیزۆ سەرۆكی ئێستا نیكۆلاس مادۆرۆو سەرۆكی پۆلیڤیا ئیڤۆ مۆرالیس، كەوا هەموو جیهانیان سەرسامكرد، هەموو پێوەرەكانیان شكاندو جەماوەری وڵاتەكانیان فەرامۆش نەكردوەو هەرچی لەتینیاندا هەبوو پێشكەشی گەل و نیشتمانەكانیان كرد. ئابوری وڵاتەكانیان ژیاندەوەو هەژاری و نەداریان كەمكردەوە. ئێستا لەئاستێكی زۆر نزمدایە، بەپێچەوانەوە شەڕو كاولكاری لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كەوا هەموو بنەماكانی مرۆڤایەتییان هەژاندووە، ملیۆنەها لێقەوماوانی شەڕو كاولكاری و ملیۆنەها شەهیدو بریندار، سەرەڕای هەژاری، گەرچی ژێر زەوییەكانیان پڕە لەزێڕی رەش، بەڵام چ سەركردەكانی سیاسی بەناو تایفی، یان نەتەوەیی و سەركردەكانی ئایینی، هەڵگری ڤایرۆسی ئەم كوشتارو ماڵوێرانییەن. بۆیە پێویستە گەلانی ناوچەكە دەست بەریفۆرمێكی گەورە لەسەر ئاستی سەركردەكانی سیاسی و ئایینی بكەن، ئەگینا ماڵوێرانی تاكو چەندین ساڵی تر هەر بەردەوام دەبێت.