ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

عەبدوڵڵا پۆڵا/ رەحمان كۆپتەرەكان بگرن، هەمووی چاك دەبێت!

بەستی شەرغە لەنێو زورگ و تەلانەكانی رۆژئاوای كۆیە، هاوینان ئاوی كانیاوەكان گلدەداتەوە، زستانانیش ئاوی باران هاشەی وەكو مارێكی زەبەلاحی بریندار دەنگی لەقەدپاڵی چیای دێدەوان دەدایەوە.                                                    

لەهەلەتەكانی ئیلنجاغ و داربەسەرو شیوەشۆك كەوا لانكەی پێشمەرگە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێ بوو، بۆیە لەیەكەم حەملەی تێكدانی گوندەكان و تەرحیلكردنی هاووڵاتییان پشكی شێریان بەركەوتبوو. لەگەڵ پۆلێك پێشمەرگە بۆ باكوری رۆژئاوا لەگوندی بانی ماران لەماڵی كێخوا عەوڵا نوردییەك نان بۆكاتی تەنگاوی لەناو پشدێنەكەم لەگەڵ تاخم و فیشەك لوول دەدەم. لەنزیك بەستی شەرغە بەرەو گوندی بەردبرو بەلەبان لەبەستی شەرغە دەپەڕینەوە، بەرەو باكوری رۆژئاوا گوندێكی بچووك كەژمارەی ماڵەكانیان لە 50 ماڵ تێنەدەپەڕی، لەدەو چەمەكەی قیت بەكاری ئاژەڵداری خەریكبوون، گوندی ئاخورە هەر لەوانەیە یەكەمجاری كەدروستبوو، تەنها ئاخورێك بۆ مەڕو بزنەكان، یانیش چەند ماڵێكی رەوەندۆك بن.                            

ساڵی 1982 لەنزیك گوندی ئاخورە پۆلێك پێشمەرگەی سۆسیالست بەر هێرشی كۆپتەر دەكەون، ژمارەیان 12 پێشمەرگە بوو، چواریان شەهید و چواریشیان بریندار دەبن و چوارەكەی دیكەشیان كۆپتەر زنجیریان بۆ شۆڕدەكاتەوەو دەگیرێن.                               

 

لەگەڵ مەفرەزەزەیەكی حزبی شیوعی سەردانی بریندارەكانمان كرد، كەوا هاوڕێی شەهید وەیسی ئامر مەفرەزەمان بوو، لەناو كەپرەكانی گوندی سماقوڵی گرتك سەرمان لە بریندارەكاندا. ئەوكاتی كۆپتەر وەكو حەزیا هەموو چیاو پێدەشتەكانی دەشێلا، پێشمەرگەش بەهۆی نەبوونی چەكی كاریگەر لەشەڕی كۆپتەر خۆی وەدوور دەگرت، تەنها ئەو كاتەی شەستیرەكەی روو تێدەكردی، یان زنجیرەكەی شۆڕ دەكردەوە، ئەوسا دەبوو شەڕی مان و نەمان بكەی. چەندین پۆلە پێشمەرگەی قارەمان لەئەنجامی شەڕی كۆپتەر گیانی لەدەستداوە، وەكو شەڕەكانی گەرمیان لقی شەهید بەكر تەلانی و شەڕەكانی سێكانیان، كەوا 13 پێشمەرگەی پاڵەوان گیانیان بەخاكی نیشتمان سپارد. زۆربەی قەبارەی زیانەكان بەهۆی نەبوونی چەكی كاریگەر بوو، كەوا موقاوەمەی كۆپتەر بكات.  

ئەو شەڕەی پێشمەرگەكانی سۆسیالست نزیكی گوندی ئاخورە، چوار پێشمەرگەی لەلایەن رژێم گیران دوای ماوەیەك بە عەقیدێكی فڕۆكەوان ئاڵوگۆڕكران. پێشمەرگەیەكی هەرێمی حەوتی سۆسیالست لەسەر جادەی كەركوك بەناوی رەشۆ * لەناو قەبرستانی گردەڕەشە شەو دەمێنێتەوە، بەیانی لەسەر جادەی گشتی كەركوك- هەولێر رادەوەستێ، جێبێكی قیادەی سەربازی دێ، عەقیدێكی فڕۆكەوانی تێدا دەبێ، سەرهەنگی فڕۆكەوان بۆناوچەی ئازادكراو دەگوازنەوە، دوای ماوەیەكی كەم عەقیدی فڕۆكەوان لەگەڵ پێشمەرگە دیلەكان دەگۆڕنەوە. یەكەمجار بوو لەشۆڕشی نوێ حكومەتی بەعس و پێشمەگە ئاڵوگۆڕ بكەن، بەڵام ئاڵوگۆڕی دیل بەواتای ئیعترافكردن بە پێشمەرگە بوو.       

سەرهەنگی فڕۆكەوان ئامیری ئەو سریەی بوو كەوا پێشمەرگەكانی سۆسیالستیان شەهیدو بریندارو بەدیل گرت، خزم و كەسەكانی لەكەركوك بەرپرسی گەورەی حزبی بەعسی رەفتار فاشی بوون، بۆیە زوو پەیوەندی بە سەركردایەتی سۆسیالست دەكەن و پێشمەرگەكان لەگەڵ سەرهەنگی فڕۆكەوان دەگۆردرێنەوە.                                                 

دوای ئەوەی سەدامی دیكتاتۆر ئەو هەواڵەی پێدەگات، ئەو بەرپرسانەی حزبی ئەوانەی ئاگاداربوون، سمێڵیان دەتاشێ و دەیانگرێ، بەعزێكیشیان حەسیر مەیدان دەكات، چونكە كەس لەدوای سەدام ناتوانێ دەنگ هەڵبڕێ، یان پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ بكات، تەنها خاوەن شكۆی گۆڕبەگۆڕ نەبێت.     

ئەو پێشمەرگانەی بەردەدرێن یەكێكیان ناوی رەحمان دەبێ، بۆیە ناوی كۆپتەری پێوە دەنووسێ و دەبێتە رەحمان كۆپتەر، بەڵام دیارە خائین دەردەچێ و لەكاتی زیندانییەكەی حكومەت دەیكڕێ و خەتمایل دەردەچێ و چەند كارێكی ناڕەوای پێدەكات، لەناو پێشمەرگەكان هەرچی خراپ دەبێ دەیكات.                                                     

دوای ماوەیەك لەبەردانیان بەهێزێكی هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگەكانی شیوعی و سۆسیالست بۆناوچەكانی كەندێناوەی تەعریبكراو قەراجی كاكی بەكاكی جەولەیەك دەكەین، كەوا پێكهاتبوو لە لقەكانی هەولێرو خۆشناوەتی و كۆیەو گەرمیانی حزبی شیوعی بەسەرپەرشتی شەهیدان هاوڕێیان عەباس و عەلی حاجی نادر، هاورێ موحسن یاسین، لەگەڵ پێشمەرگەكانی هەرێمی 8 بەسەرپەرشتی شەهید قادر مستەفاو پێشمەرگەكانی قەرەچوغی سۆسیالست، كەوا هەڤاڵ مەنافی فارس باوەی سەرپەرشتیدەكرد، لەگوندی گردگراوی سمایل خەلیفەی قەراجی تەوزیع دەبین، دوای ئەوەی هەوالمَان بۆدێ كەوا پێشمەرگەیەكمان بەئۆتۆمبێلێكی لاندگرۆزەری كارەبایی خۆی بەماڵێكی گوندی گردگراو دەكات و لایەكی ماڵەكەی خاپوور دەكات. گوتیان" ئەوە رەحمان كۆپتەرە ئەو ئۆتۆمبێلەی بەو ماڵە داداوە، ناوەكەی كۆپتەرم گوێ لێببوو، بەڵام زۆر حەزمدەكرد ئەو وجاغە ببینم، بۆیە لەگەڵ جەماعەت چووین بۆماڵی خاپووركراو. رەحمان كۆپتەرمان بینی، شەهید سەرباز دەیناسی و سوحبەتی لەگەڵ هەبوو، یەك رەتڵە جونیی تەڕی پیاهەڵدا. هەرتێی رامام، لەهەموو شتێك دەچوو، تەنها لە پێشمەرگە نەدەچوو. پاش ماوەیەك رەحمان كۆپتەر كەتنێكی كردو خۆی تەسلیمی رژێم كردەوە، مەفرەخاسەی رژێم ئەوجارە بەگژ پێشمەرگەو گوندییان داهاتەوە. ئەو ماڵانەی هەموو دەناسی كەوا یارمەتی پێشمەرگەیان دابوو، تەسلیمی دائیرەی ئەمنی دەكردن و یانیش پارەیەكی باشی سزا لێوەردەگرتن. هەرچەندە دوای راپەڕین رەحمان كۆپتەریان تۆپاند، بەڵام ئێستاكەش چەندین رەحمان كۆپتەر دەبینم، كەوا بەرپرسی باڵان و خزمەتەكانیان لەپێناوی دوژمنەكانی كوردستان پلانیان بۆداڕێژراوە. بۆیە پێویستە حكومەت و پەرلەمان خەمێك بخۆن، ئەگینا هەردەبێ چاوەڕێی دەستی بەغداو تاران و ئەنقەرە بین.                     

شەهید وەیسی: پێشمەرگەیەكی زۆر ئازا بوو، ئامر مەفرەزەمان بوو، خەڵكی گوندی دووكەڵەی نێوان هەردوو جادەی مەخمورو كەركوك بوو، لەدوای شەهیدكردنی كۆمەڵێك سەركەوبنكەی بەجێدەهێڵێ، لەئازایەتیان هیچ باكی بەمردن نەبوو. مخابن لەمانگی 4ی 1983 لەگوندی نێرەگین دوای شەڕێكی دەستەویەخە لەگەڵ جاشەكانی رژێم شەهیددەكرێ، ئەو جاشانەی ئێستا دیواخانانەیان بۆ دەبڕێتەوە، لەوانەیە دیوەخانانەكەیان 10 هێندەی مووچەكەی شەهید بێ.   

رەشۆ: پێشمەرگەیەكی هەژاری سۆسیالست دەبێ، ماڵیان لەگەڕەكی سەیداوەی شاری هەولێر بوو، لەخانەوادەیەكی زۆر هەژار دەبێ.                                      

ئەم وێنەیە وەستاوەكان لەراستەوە: (حاكم وریا، مام جوامێر، سەردار توركمانباخی، كاوەی كەڵكە سماقی، شاخەوان حەساری، شەهید جوتیار، بەندە). دانیشتووەكان: (وشیاری نانەوا، ژنی شاخ رێزان خان، پۆڵای زیندانی)