ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەبوكاروان/ هەڵوێستی شەهید ئەبوڤیان و ململانێی حزبەكان!

ماوەیەكی زۆر بوو، دەمەویست شتێك لە سەر هەڵوێستەكانی كادیری دیارو پێشكەوتووی حزب "ئەبوڤیان" بنووسم، بەڵام ئەوەندە یادو یادەوەریم لەبەردەست بوو، نەمدەزانی لە كوێوەو لە كامیانەوە دەست پێبكەم، پێشووتریش لە چەندین نووسین و ووتاری تردا، بەخێرایی ئاماژەم پێداون. ئەبوڤیان، یەكێك بوو لەو هاوڕێیانەی مەودای دووربینی و بڕوای بەتێكۆشان و هاوكات قارەمانێتی و دڵسۆزی و سەرسەختی بەرامبەر دووژمنان و نەیارانی حزب، هەمیشە لە لوتكەدا بوو. لە سەخترین ساتەكانی تێكۆشانا ئەو هێندەی تر ورە بەرزو بەبڕوای پۆڵاینەوە دەردەوكەت و نەیدەزانی سنووڕی ماندبوون چییە. بۆ منێك كە ساڵانێكی زۆر هاوڕێ‌ و هاوسەنگەری "ئەبوڤیان" بووم، پێكەوە كاری حزبیمان كردوە، پێكەوە پێشمەرگەبووین، یادگاری زۆرمان پێكەوە هەبێت، چۆن زەحمەت نیە لە كوێوە دەست پێبكەم؟ زۆرێك لەو یادو یادەوەرییانەی نێوان "خۆم و شەهید ئەبوڤیان" بۆ دەرفەت و كاتی تر هەڵدەگرم، بەڵام ئەوەی زۆرتر لە هەموو شتێك هانی دام، لێرەدا ئاماژە بە هەڵوێستێكی ئەم شەهیدە بوێرو پاڵەوانە بكەم، ئەم بارودۆخەی ئێستای كوردستان و ململانێی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەكانە. پێش شاڵاوەكانی ئەنفالی سێ‌ لە ساڵی 1988، لە گەرمەی جەنگی نێوان عێرق و ئێران، رووداوێكی نەخوازراو لە گەرمیان و هەندێ‌ ناوچەی تر روویدا، ئەویش هێنانی سوپای پاسدارانی ئێران بوو بۆ سەر بەشێك لە سەربازگەكانی رژێمی لە گۆڕنراوی بەعس، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای كەركوك و گەرمیان و هەولێرو هتد. رێك لەم كات و دۆخەدا، من و شەهید ئەبوڤیان گەشتینە گوندی "خانی ژوورو"، واتە خانی رۆستەم ئاغا لە سەر رووباری "ئاوەسپی" لە گەرمیان، لەوێ‌ لە ماڵی "حمە تەنەكچی" گیرساینەوە، كە خۆیان خێزانێكی یەكێتی و خاوەنی شەهیدیش بوون، ئیتر لەوێ‌ گفتوگۆ لە نێوان ئێمەو كادیرەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دروست بوو، ئێمە لە روانگەی حزبی شیوعی و ئەوانیش لە روانگەی یەكێتی نیشتمانی، ئەوانەی لەلایەن یەكێتی بوون ماون و هەریەك لە "ئازاد حاجی مەحمەدو كاك عادل" و ئێمەش "شەهید ئەبوڤیان و من". شەهید ئەبوڤیان لە گفتوگۆكاندا بەتووندی وەڵامی ئەوانی دایەوەو پێی وتن": ئێوە وەك یەكێتی و پارتی و سۆسیالیست و ئەو حزبانەی تر، كە دەستی ئێران دەگرن بۆ ناوقوڵایی عێراق "مەبەست ناوچەی كەركوك و گەرمیان و هەولێر" پێویستە بەیاننامە دەربكەن و داوای لێبوردن كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەن لەبەرامبەر ئەم كارە خراپەتان، چونكە خەڵك تووشی دۆخێكی خراپ دەكەن و كوردستان وێران دەكەن و تەنها مرۆڤە ئازاكانمان بە كۆڵە پشتیەكانیانەوە لە چەم و دۆڵەكان دەمێننەوە. ئەوە بوو ئەوەی بینیمان لە شاڵاوەكانی ئەنفال لە شاڵاوی یەكەمەوە تا هەشتەم، واتە لە گەرمیانەوە تا بادینان، چی روویداو چ تاوانێك ئەنجامدرا، جگە لە تیاچوونی دەیان هەزار هاوڵاتی و بێسەرو شوێنكردنیان، بزووتنەوەی سیاسی و پێشمەرگایەتیش روو بە ڕووی گەورەترین تێكشكان بوویەوە، تا ئاستی ئەوەی خودی پێشمەرگە خۆیشی خیانەت لە هاورێكانی بكات لە پێناو لێخۆش بوونی لەلایەن بەعسەوە، كە شەهید ئەبوڤیان خۆی یەكێك بوو لە قوربانیەكانی ئەم خیانەتكردنە، ئەم باسە بۆ شوێنی خۆی هەڵدەگرین و دەچینەوە سەر جەوهەری مەبەستەكەمان. لە بەراوردكارییەكی ئەو دۆخەی پێش شاڵاوەكانی ئەنفال و دوای شاڵاوەكانی ئەنفال و بۆچوونەكانی شەهید "ئەبوڤیان"دا، بۆ ئێستا كە نزیك لە سێ‌ دەیەیی بەسەرتێپەڕدەبێت، تەنها جیاوازی كە دەیبینم "كات"ە، بۆیە بە ڕوون و رەوانی دەڵێم: ئەم دۆخەی كە تیایداین، هەمان ئەو دۆخەیە كە "ئەبوڤیان" لەگفتوگۆكانیدا پێشبینی دەكردو هاتنەدی، بەداخەوە ئەوكاتە گوێیان لێنەگرت و كوردستان روو بەڕووی دڕندانەترین وێرانكاری و تاوان بوویەوە لەلایەن بەعسەوە، كە ئەمەش ئەوە ناسڕێتەوە كە عەقڵیەتی بەعس لەسەرەتاوە بۆ قڕكردن و لەناوبردنی گەلەكەمان بوە، بەڵام خۆشمان هاندەرو هۆكاربووین بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیە پێش بخات و جێبەجێی بكات. ئێستا كوردستان لەبەردەم مەترسییەكی جددیدایە، ململانێكان گەشتوونەتە ئاستێك ئیتر بێدەنگ بوون لێیان نابەرپرسیارێتیەكی گەورەیە، ئەگەرو گریمانەی جۆراو جۆر یاخەی دۆخەكەیان گرتوە، هەڕەشەی دووئیدارەیی وەك تارمایی بەسەرمانا دێت و دەچێ‌، لێكترازانی ناوماڵی كوردی بوەتە مۆتەكە، لە قەیرانێكی سیاسی و ئیداری قوڵداین، ژیان و گوزەرانی خەڵك بەتەواوی مانا قورس بوە، تووشی داڕووخانی ئابووری بووین، دەستی دەرەكی و هەرێمایەتی بە ئاشكراو بەنێومانا هات و چۆدەكات، چاوزیتكردنەوەی حزبی و سیاسی و یەكتری نەخوێندنەوە وەك ساڵانی شەڕی ناوخۆ سەری هەڵداوەتەوەو هتد بۆیە رووی قسەم لە تەواوی لایەنە سیاسییەكانە بە تایبەت "پارتی، گۆڕان، یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو"و پێیان دەڵێم: ئێوە لەبەردەم بەرپرسیارێتیەكی مێژوویی گەورەدان، ئەگەر رێك نەكەون و نەسازێن و كۆتایی بە ململانێكانتان و ئەم دۆخە نەخوازراو مەترسیدارە نەهێنن، ئەوە خۆتان و خەڵك و كوردستان و ئەزموونی حكومڕانیش بە هەموو لایەنەكانیەوە لەبەردەم مەترسین، مەترسییەك هەڕەشەی سەروماڵ و تیاچونی دەكات. بۆیە تا ساتێك زووتر رێكەوتن و تەنازوول كردن بۆ یەكتر لە پێناو بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەیی و نیشتمانیەكان و خەڵك رابگەیەنن و بگەنە سازان و رێكەوتن، هێشتا درەنگەو فەرموون دەست پێبكەن و با ئێمەش وەك ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆمان، پشتیوان و دەست بارتان بین، كێش زووتر دەست پێبكات و دەست پێشكەری بكات، ئەو كەسە براوەی یەكەم دەبێت و ئەوكاتیش بە هەمووان دەتوانین درزی لێكترازانەكان بتەنین و تارمایی مەترسییەكان بڕەوێنینەوە.