ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەبو كاروان/ گووتم بەعس فاشییە، لەكوردستانیش دیموكراتییەت نییە

 

لەساڵانی هەفتاكان لەشاری كفری حزبی شیوعی بارەگایەكی هەبوو، كەببوە شوێنی كۆبوونەوەو دانیشتن و گفتوگۆی گەرم و جدی، لەنێوان ئەندامانی حزب له نیو خویاندا له لایه ك و ئەوانەی هاتوچۆیان دەكرد له لایه كی تره وه، بابەتی سەرەكی گفتوگۆكانیشمان تایبەت بوون بە رەفتارو كردارەكانی بەعس. جارێكیان لە تەنیشتی سكرتێری كۆمیتەی رێكخستن "مامۆستا عەلی جاسم یاغش"وە دانیشتبووم، دەستم خستە سەرمێزەكەی بەردەمی و بە توڕەییەوە وتم: بەعس فاشیە؟ ئەویش بە هەمان توڕەیی من پێی وتم: .....؟ ئەگەر بەعس فاشی بوایە، چۆن بارەگات دەبوو، لەكاتێكدا ئەوان خاوەنی حكومەت و دەسه ڵات بوون. رۆژێك دوای ئەو گفتوگۆ توندەی نێوانمان، بە مەبەستی درووستكردن و هەڵواسینی لافیتەیەكی یادی دامەزراندنی یەكێتی گشتی قوتابیان لەبەرامبەر قوتابخانەی ئامادەیی كفری بووم، لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی ئەمنی كفری قۆڵبەست كرام، پاش بردنم بۆ فەرمانگەی ئەمن و هەندێ‌ ئازارو ئەشكەنجە، هەڕەشەی هەڵواسینیان لێكردم، لەم كاتەدا مامۆستا عەلی جاسم تەلەفۆنی كرد، مشت و مڕ لەنێوانیاندا درووست بوو، بەدوای ئەویشدا زەنگی تەلەفۆن لێی دا، ئەوەشم بۆ ئاشكرا بوو كە شێخ عەتایەو بۆ بەردانی من پەیوەندی كردوە. پاش ئازادكردنم، گەڕامەوە بۆ بارەگای حزب، دیاربوو مامۆستا عەلی جاسم لە سەردەستگیركردنی من و ئیهانەكردنم خۆی توڕە كردبوو، منیش پێم ووت: ئەی من پێتم نەوت بەعس فاشییە؟ لێرەوە دێمە وه سەر مەبەستی دووەمم، لە هەرێمی كوردستان زۆر جار بوونی دیموكراتییەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و حزب و لایەنە سیاسیەكان دەفرۆشرێتەوە، لەكاتێكا ئەگەر دیموكراتییەت بە بوونی ئەحزاب و رۆژنامەو ئێستگەو هتد پێوانەو پێناسەبكرێ‌، هەمان ئەم حزبانەی ئێستا "بەشێكی زۆریان" لە شاخ بوون و بارەگاو ئێستگەو رۆژنامەشیان هەبوو، لەدوای راپەڕین و گەڕانەوەیان بارەگایان دامەزراندو بەجۆرێك لە جۆرەكان پەرەیان بەكارەكانیاندا. هەر لەسەرەتای راپەڕینەوە جیاوازی من لە گەڵ حزبەكان ئەوەبوە، كە بوونی "بارەگا، روژنامە، ئێستگە"و هتد بە مەكرەمەو بەخشین دەزانی، لە پاڵ ئەم ئیدعایەدا كۆمەڵێك هێڵی سووریان كێشابوو بۆ ئەحزاب، دەیان تێكۆشەری حزبەكان شەهیدو تیرۆركران، بارەگای چەندین حزب سوتێنران و داگیركران، چەندین رۆژنامەنووس و راگەیاندكار تیرۆرو زیندانی كران، لەسەردەستكەوت و دەسڵات شەڕی نەگریسی ناخۆ كراو هەزاران رۆڵەی تیا بوو بە قوربانی، ئەوەتانێ‌ لەسەر دەستاو دەستكردنی دەسه ڵات كە سەرەتایی ترین چەمكی دیموكراسی و بەرجەستەكردنێتی، چ قەیرانێك درووست كراوە، هەرەشە لە پەرلەمانتاران دەكرێ‌، فشار لەسەر حزب و لایەنی سیاسی دەكرێ‌؟ ئەرێ‌ بەراست ئەمەیە دیموكراتییەت؟ دیموكاتیەت ئەوەیە گەر یەكێك رای جیاوازی هەبوو، ئیتر بخرێتە نێو كەوانەی "سوور"و فشاری نادیموكراتیانەی لە بەرامبەر بكرێ‌؟ دیموكراتیەت ئەوەیە لە بەرباری سەرنجی جیاواز كوردستان بەرەو هەڵدێرببرێ‌ و هەڕەشەی دوو ئیدارەیی بكرێ‌؟ بۆیە ئێستاش دەڵێم بەعس فاشی بوو، بەڵام لە كوردستان دیموكراتیەت نییە، سەرچاوەی سەرەكی ئەمەش باوەڕ نەبوونە بە بەهاكانی دیموكراسی و قبوڵكردنی، دەتوانین بەمەش بڵێین كلتووری دژە دیموكراسی. ئەوەشی هەمانە پەراوێزێكە لە ئازادی و بەری رەنجی هەموانەو مافی كەس نیە بە "مەكرەمە" پێمانی بفرۆشێتەوە؟ تێبینی: مامۆستا عەلی جاسم لەلایەن بەعسەوە لە سێدارەدرا، شێخ عەتاش كۆچی دوای كردوە.