ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەبو كاروان/پەرلەمان و سروودی ئەی رەقیب!

 

 كاتێك ئەم وتارە دەنووسم، زۆر شت یاخەگیرم بوون و هەڵدەگرن هەڵوێستەیان لەسەربكرێ، باسەكەمان سروودی ئەی رەقیب لەگفتوگۆكانی نێو پەرلەمان و لیژنەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە، بەڵام دەمەوێ پێش ئەم باسە ئاماژە بەوە بكەم كە مەترسییەكی زۆرم لە دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان هەیە تا ئەوئاستەی كە پێموایە بەریەككەوتنی خراپی لێدەكەوێتەوە. پێشووتریش لەچەندین وتارو دیداری رۆژنامەوانیدا ئاماژەم پێكردووەو لەوتارێكیشدا بەم شێوەیە گوزارشتم لێكردو گوتم " دابەشكردنی ئەم كێكە لەنێو پێنج حزبەكەدا تاسەر ناڕوا"، ئێستاش دەڵێم هیوادارم ئەم زەنگە ترسناكەی واقیعی ئێستای هەرێمی كوردستان بە دیوی ئەرێنی كۆتایی بێت، نەك پێچەوانەكەی.

دێمەوە سەر ئەسڵی مەبەست، ئەویش ئەوەیە لە دانیشتنی ژمارە "14" رۆژی 9-6-2015 لە بەرنامەی كارداو لەخاڵی دووەمدا بەم شێوەیە هاتبوو( گفتوگۆكردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كەلەلایەن لیژنەی كاتی بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەوی ناوخۆ ئامادە كراوە، بەپێی بڕیاری ژمارە "26" ی ساڵی 2014و، بڕگەی "8" لە مادەی "56"ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە "1"ی ساڵی 1992 ی هەمواركراو".

تایبەت بەم خاڵەو گفتوگۆ لەسەركردنی كۆبوونەوەكە بەلاڕێدابراو لەجیاتی گفتوگۆكردنی بابەتیانە كەشێكی سیاسی و گۆشەنیگای سیاسی تەسك هەژموونی خۆی سەپاند، كە ئەمەش ناڕاستترین و خراپترین ئاراستەیەكە، كە دانیشتنەكانی پەرلەمان و لیژنە تایبەتەكانی بەرجەستەی دەكەن و ئەم خولەی پەرلەمان پەیڕەوی لێدەكەن.

كار گەیشتە ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوەكە بۆماوەی نیوكاتژمێر رابگرێ، بە مەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان بۆ دۆزینەوەی رێكارو رێگاچارەی گونجاو، لەكۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانیشدا دیسان بەهەمان شێوەی كۆبوونەوەی پەرلەمان گفتوگۆكان درێژەی كێشا، تا كارگەیشتە ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان بە ئاشكراو بە روونی بڵێ": ئێمە دەمانزانی ئەو خاڵەی كەلەبەرنامەی كاردا هاتوە دەربارەی پەیڕەوی ناوخۆ كۆتایی نایەت، بەڵام لە بەرنەبوونی پڕۆژە یاساو بڕیارو پرسی گرنگ ئەو خاڵەمان خستە ناو بەرنامەی كارەوە".

لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم كە كاتێك گوێم لەم روونكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بوو، ناچار وەك هەموو جارێك وڵام بدەمەوەو ڕووی پرسیاریان لێبكەم و بپرسم": پڕۆژە یاسای سروودی نیشتمانی "ئەی رەقیب" بەلای ئێوەوە گرنگ نیە؟ پڕۆژە یاسای هەمواری وەربەرهێنان گرنگ نیە لای ئێوە؟ لەكاتێكدا چەندین پڕۆژە یاساو بڕیارتان لەبەردەستە؟

من دەزانم تەوژمی تەسكی سیاسی و حزبی لەم خولەی پەرلەمان بەبەراوردی خولەكانی پێشووتر زاڵترە، بە تایبەت كاریگەری ئیسلامیەكان لە دەستەی سەرۆكایەتی و ناو هۆڵی پەرلەماندا، بەڵام دەمەوێ ئەوە بۆ خوێنەرو خەڵك و سەرۆكایەتی پەرلەمان روون بكەمەوە كە دوو پڕۆژە یاسای گرنگ تایبەت بە سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب پێشكەش كراوە لە9 -12-2014 خوێندنەوەی یەكەمی لە بۆكراوەو 14-12-2014 ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كراوە، لەسەرهەمان بابەت لە رۆژی 19-1-2015 لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر راپۆرتی خۆی كۆتایی پێهێناوەو ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردوە، هەروەها لیژنەی كاروباری یاسایی لەسەر هەمان پرس بە نوسراوی ژمارە "65" لە بەرواری 5-5-2015 راپۆرتی خۆی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردوە، واتا لە 5-5-2015 وە ئەم پڕۆژە یاسایە ئامادەیە بخرێتە بەرنامەی كارەوە، كە هەردوو پڕۆژەكە یەكێكیان "30" پەرلەمانتار واژۆی لە سەركردوەو ئەوی تریشیان "19" پەرلەمانتار واژۆی لەسەركردوە.

پرسیارو تێبینی جەوهەری ئێمە لێرەوەیە، ئایا پڕۆژە یاسای سروودی نیشتمانی بۆ فراكسیۆنەكانی زەردو سەوزو نیلی و ئەوانی تریش گرنگ نیە؟ ئەگەر گرنگە بۆچی بێدەنگن؟ یان ئەگەر گرنگ نەبوو بەلاتانەوە بۆچی پڕۆژەتان بۆ ئامادەكردو واژۆتان بۆ كۆكردەوە؟

عەیبەو نوقسانیەكی زۆر گەورەیە لە بەرامبەر پڕۆژەیەكی وا گرنگ كە سیمبولی نیشتمانی و نەتەوەییە بەم خوێن ساردی و نابەرپرسیارێتیە مامەڵە بكرێ، هەروەك ئەمە عەیبەیە بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حزبە باڵادەستەكانی ناو پەرلەمان، ئەگەر پڕۆژە یاسایەك یان پڕۆژە بڕیارێك رێكەوتن و تەوافقی لەسەربكەن تێی دەپەڕێنن، ئەگەر رێكەوتن و تەوافقی لەسەرنەكەن هەزارو یەك پاساوی بۆ دێننەوەو دەیخەنە پەراوێزەوە، بۆ نموونە سێ پڕۆژە بڕیاری تایبەت بە تاوان و جینۆسایدی ئێزدییەكان ماوەیەكی زۆرە لەلای دەستەی سەرۆكایەتی پەلەمانە كەچی ئاِمادەنین وەك پێویست بیخەنە بەرنامەی كارەوەو بریاری لەبارەوە بدەن.

كێ بەرپرسیارێتی ئەم خەم ساردییە هەڵدەگرێ؟ بۆچی بابەتە گرنگە نیشتمانی و نەتەوەییەكان دەكرێتە قوربانی هەژموونی تەسكی حزبی؟ ئایا ئیتر بەس نیە ئەم سیاسەتی خۆڵكردنە چاوی خەڵكە لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبی و سیاسی؟