ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەبو كاروان/ دوای یەك ساڵ لە پێكهێنانی كابینەی هەشتەم

 

واساڵێك بەسەر كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت، كە بەرێككەوتن لەنێوان هەر پێنج حزب لە "پارتی ، گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ" بە تەوافق پێكهات، دوای هەڵبژاردنەكانی ٢٠١٣/٩/٢١.

لەماوەی یەك ساڵی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بە پێچەوانەی بەڵێن و بەرنامەی پێشكەشكراو، رۆژ له دوای رۆژ كێشەو گرفتەكان روویان لە زیادبوون كرد، تا ئەو ئاستەی كە "قەیران و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا روویان لە فراوانبوون كردو بێچارەسەر ماونەتەوە، پێشكەشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بۆ چین و توێژەكانی هاوڵاتیان لە پرۆژەكانی بنیادنانەوە بەرەو داهێزران و لەبەریەك هەڵوەشانەوە دەچن، كێشەی كارەباو ئاو، مەسەلەی مووچە بوون بە گەورەترین كێشەو بەرۆكی هاوڵاتیانیان گرتوە، كێشەی دۆسییەكانی گەندەڵی نەك چارەسەرنەكراون بەڵكو زیادیان كردوەو بوون بە خۆركە بەسەر كۆمەڵگاو چین و توێژەكانەوە، متمانەی نێوان حزبەكانی حوكمڕان و خەڵك درزێكی گەورەی تێكەوتوە، چەندین پڕۆژە یاسا لەبەر ململانێی تەسكی هەر پێنج حزبەكە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، لە سەروویانەوە پرسی رەشنووسی دەستوورو گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان و دواتریش پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و كۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم و درووستبوونی بۆشایی لەم بوارە بە تایبەت لە دوای ٢٠١٥/٨/١٩"، و ئەمانەو چەندین كێشەو گرفتی تر، كە لە كۆتاییدا تەنها هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیان زەرەرمەندی یەكەمن تیایداو بەرپرسیارێتی پلەیەكیش هەر پێنج حزبەكە "پارتی، گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ" هەڵی دەگرن.

 

چونكە ئەوان بوون لەدوای هەڵبژاردنەكانی ٢٠١٣/٩/٢١ دەست پێشكەرو هۆكاربوون بۆ ئەوەی ئەم نموونەیە لە سیستەمی حكومڕانی بێننە پێشەوەو هەموو هێزو لایەنەكانی تر بكەنە دەرەوەی بازنەی پێكهێنانی حكومەت و بەڵێنی گەورەو بێبنەمایان بە چین و توێژەكانی خەڵكدا، كەهەموو پێچەوانەكەی راست بوون، تا كار گەیشتە ئەم دۆخەی ئێستاو تێكڕای ئەزموونی حكومڕانی هەرێم بخاتە بەردەم قەیرانی یەك لەدوای یەك و مەترسی جۆراو جۆرو درووستكردنی دەیان كێشەی جۆراو جۆر بۆ هاوڵاتیان.

 

لە بەرامبەر تێپەڕبوونی یەك ساڵ بەسەر كابینەی حكومەتی پێنج حزبەكەدا، دەبێت بە روونی بڵێین: نموونەی ئەم كابینەی حكومڕانیە كە لەئاست زۆربەی هەرە زۆری دۆسیەو پرسە جۆارو جۆرەكاندا فەشەلی هێناوەو نەیتوانیوە كەمترین داخوازییەكانی چین و توێژەكانی هاوڵاتیان جێبەجێبكات، باشترین رێگاچارەو رێكاری دەرچوون لەم دۆخە ناهەموارو قەیراناوییە ئەوەیە كە دان بە هەڵەكانی خۆیاندا بنێن و ئەم نمووزجی حكومڕانیە هەڵوەشێننەوەو رەخنە لە سیاسەتەكانی خۆیان بگرن، وەك جێگرەوەش حكومەتێكی بنكە فراوانی راستەقینە پێك بێنن، بۆ ئەوەی چیتر چین و توێژەكانی هاوڵاتیان و بەرژەوەندی و داخوازییەكانیان نەكەونە نێو دەساڕی حزبانەو نەهاڕدرێن، ئەگەر ئەمە نەكرێ‌، ئەوا قەیران و كێشەو گرفتەكان روو لە فراوانبوون دەكەن و سەر لە ئاستی خراپەوە دەردێنن و كۆی ئەزموونی حكومڕانی دەخەنە بەردەم مەترسی راستەقینە.

 

بۆ مێژووش ئێمە لەناو پەرلەمان و گفتوگۆكانماندا، ئەم مەترسییەمان وەك ئەنجامی سیاسەتی ئەم پێنج حزبەو رێكەوتنەكانیان و دواتریش ململانێ‌ نالۆژیكی و هاوكات قۆرخكارییەكانیان، خستوەتە روو، لایەنە نەرێنی و زیانبەخشەكانیمان روون كردوەتەوە، بۆ رای گشتیش قسەی جددی و رەوانمان بۆ كۆی ئەو بابەتانە هەبوە.

 

قەت و بەهیچ شێوەیەك خوازیاری ئەگەرو پێشهاتی خراپ نەبووین، هەمیشە داكۆكیمان لە بەرژەوەندی خەڵك و پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بە راستە ڕێی بابەتیانە كردوە، بەڵام ئێستا كە دوای یەك ساڵ لە تەمەنی ئەم كابینەی حكومەتە دۆخەكە دەبینین، مەترسی جدیمان لەلا دروستبوە، بۆیە وەك وتمان رێگاچارەو رێكاری بنەڕەتی بۆ دەرچوون لەم قەیرانە هەڵوەشاندنەوەی ئەم نموزجەی حكومەتەیە، لە جێگایدا پێكهێنانی حكومەتێكی بنكە فراوانی راستەقینە، بۆ بەپیرەوەچوونی كێشەو گرفتەكانی هاوڵاتیان، چارەسەركردنی كەم و كوڕییەكان، رێگاگرتن لە درزەكانی فراوانبوونەوەی قەیرانەكان، گەڕاندنەوەی متمانەی نێوان هاوڵاتیان و حكومەت، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدادو هەرێم، دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان، چارەسەركردنی قەیرانی كارەباو ئاوو بانزین و موچە، و تد

ئەم هەنگاوە نەنرێ‌، قەیران و كێشەكان قوڵتر دەبنەوە، دۆخی هەرێمی كوردستان روو لە هەورازی سەخت دەكات!

 

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان