ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەبوكاروان/ گومركەكە.. وڵامێك بۆ سەرۆ قادر!

دوور لە پێشەكی، كەرەستەی زۆرم لەبەردەست بوو، بۆ ئەوەی وڵامی "سەرۆ قادر" بدەمەوە، بێگومان دوریش لە كاردانەوەو هەڵچوون، دوورتریش لە گفتوگۆی سەرۆ ئاسا، لەلایەك لەسەر دەسڵاتی"٢٣" ساڵەی حكومەتی هەرێم و لەلایەكی تریش دڵسۆزی حزبی شیوعی و شیوعیيەكان، لە دەربڕینی هەڵوێست و خستنە ڕووی بیرۆكەی دەربازبوون لە كێشەو قەیرانەكان و رێگاچارەكان، ئەمەش بە پشت بەستن بە ووتە بەناوبانگەكەی فەهدی دامەزرێنەری حزب "الكفاح و التچامن"، واتا (تێكۆشان و هاوكاری).

سەرۆو سەرۆكانی تریش باش ئەو راستیە دەزانن، حزبی شیوعی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، دەتوانم وای بشوبهێنم درووشمی "كوڕی خۆم ناكەمە قوربانی كچی خەڵكی" رەت كردوەتەوە، بەڵكو بەبەردەوامی "كچ و كوڕی خۆی" كردوەتە قوربانی و قەڵغانی گەل و نیشتمان.

هەر بۆیە ئەوەی سەرۆ دەیڵێ‌" لە برادەرێكی شیوعیم پرسی بۆچی لە ئێستادا، چوونەتە بەرەی دژی پارتی"؟ ئەویش لە وڵامدا وتویەتی": چونكە پارتی لە داهات و گومركی ئیبراهیم خەلیل بەشمان نادات"؟! بەتەواوی مانا دوورە لە راستیەوەو هیچ بنەماو زه ره یه ك ڕاستی تێدا نیە، یان ئەبێ‌ پێچەوانەكەی راست بێ‌ و ئەبێ‌ برادەرە شیوعیەكەی لەو زەخیرە زۆرو زەبەندەی حزبی شیوعی پڕ بە پێزی خۆی وڵامی نەداوەتەوە؟ یاخود وڵامی داوەتەوەو "سەرۆ"ش وەك هەڵوێستی پێشووی، دەیەوێ‌ هێرش بكات و پەلاماربدات؟ یان ئەوەتانێ‌ ئەو جۆرە گفتوگۆیانە لە بنەڕەتا روویان نەداوەو لە ئارادا نەبوەو ئەگەریش وایە زۆر ئاسایی و راستگۆیانەتر دەبوو "ناوی برادەرەكەی بهێنایە"؟

بۆیە دوور لە شێوازو زمانە نەشیاوو زبرەكەی "سەرۆ"، كە هەموو دیدارو قسەكردنێك، لێشاوێك توڕەیی و ناڕەزایەتی راست و بابەتی و لۆژیكی بەدوای خۆیدا دێنێ‌، وەك روونكردنەوەیەك بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، تەنها لەسەر ئەو خاڵە دەوەستم و دەنوسم، ئەویش ئەوەیە لە گەرمەی شەڕی ناوخۆی نێوان "پارتی و یەكێتی"، بزووتنەوەی ئیسلامی لە بەرەی "پارتی" دژ بە "یەكێتی" بە هێزی چەكدار دەجەنگان، بەتایبەتی قیادەی مەیدانی سلیمانی و كه ركوكی پارتی دەسه ڵاتی بەسەر ناوچەی "هەڵەبجە، هەورامان"دا بوو، بارەگای سەرەكیان لە هەڵەبجە بوو، شاندێكی حزبی شیوعی سەردانی پارتیان كرد. بەشێك لەگفتوگۆو سەرنجەكانی حزبی شیوعی لەو دانیشتنەدا رەخنەگرتن بوو لە پارتی بەرامبەر ئەو هەموو بازگە گومركیانەی لە سنورە دانرابوو، هەروەك هەموو حزبەكان لەو سنوورە باجیان وەردەگرت" پارتی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی سۆسیالیست"، لە دیوی سەید سادقیشەوە بەهه مان شێوە "یەكێتی" بازگەی گومركی خۆی هەبوو.

ئەوانیش لە وڵامدا وتیان": قسەكانتان زۆر راستەو ناكرێت حزبی شیوعی دۆستمان گومركیان نەبێت و ئێوەش بازگەیەك دابنێن و گومرك وەربگرن! وڵامی ئێمەش ئەوەبوو حزبی شیوعی داوای لابردنی بازگە گومركیەكان دەكات، كە قورسایی خستوەتە سەر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بازرگانەكان نرخیان زیادكردوە، داوای ئێمەش لابردنی ئەو گومركانەیە نەك ئێمەش گومركمان هەبێ‌ و ببینە بەشێك لە قورسكردنی باری گوزەران و ماندووكردنی خەڵك و جەماوەر.

بەڵێ‌ كاك سەرۆ. ئەوساو ئێستاش، ئەوە هەڵوێستی ئێمە بوە وەك حزبی شیوعی نەك ئەوەی جەنابتان دەیفەرموون و دەیبینن. تەمەناشم دەكرد، بەهیچ شێوەیەك بۆ داپۆشین و پەردەپۆشكردنی قەیرانەكانی كوردستان و واقیعی تاڵی ژیان و گوزەرانی خەڵك و كەمكردنەوە لە نرخی ناڕەزایەتی و داخوازییە رەواكانی خەڵك، هەوڵی "گەوجاندن" ی كەس نەدەن و بۆ یەك جاریش توخنی هەڵپەی "شێواندن"ی راستیەكان نەكەون، چونكە كه س برواتان پی ناكات و بارودوخه كه به ته واوی گوراوه .