ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەبو كاروان/ پڕۆژەكان وەلا بنێن. ئیرادەی چارەسەر بخەنەكار!

 

هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەخت و قەیرانێكی كوشندەدا تێپەڕدەبێت، ئەمەش بەرەنجامی سیاسەتی هەڵەی حكومڕانی هەردوو حزب "پارتی و یەكێتی"یەو لەوێوە سەرچاوەی گرتوە. دواتریش بەهەمان عەقڵییەت و رێبازو بیركردنەوەی پێشوو، كابینەی هەشتەم "پێنج حزب"ییان پێكهێناو درێژەیان بەم كلتووری حكومڕانیەدا، كە دۆخەكەیان بەم ئاستە لە مەترسی و لێكترازان و قەیرانی جۆراو جۆر گەیاند!

دیارە گومان لەوەدا نیە، كە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و هەمواركردنەوەی یاساكەیی و تەواوبوونی ماوەكەی، هەروەك رێگری كردن لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ناردنەوەی وەزیرەكانی "گۆڕان" بۆ ماڵەوە، هێندەی تر دۆخەكەی ئاڵۆزو پڕ گرێ‌ كردو پەیوەندی هێزو لایەنە سیاسییەكانی لە زۆر وێستگەدا گەیاندە بن بەست، و دەرگاشی كردەوە هەندێ‌ حزب رۆڵی ریش سپێتی ببینن، كە لە راستیدا ئەمەش دۆخەكەی نەك هێوكردەوە بەڵكو ئاڵۆزتری كرد!

پێشم وایەو ئەمەش لە رێگا چارە گونجاوەكانە، ئەگەر "پارتی، یەكێتی، گۆڕان" ئیرادەو بڕوایان بە ناوەندگیری یەكێتی نیشتمانی هەبێت، ئەوا لەماوەی چەند رۆژێكدا رێككەوتن ئەنجام دەدرێت و پەرلەمان دەكەوێتە كارو دەرگای گفتوگۆ واڵا دەبێت بۆ كاركردن بە ئامانجی چارەسەركردنی قەیرانەكان بەگشتی و چارەسەری قەیرانی سیاسی و پەیوەندی حزبەكان بە تایبەت.

دەمەوێ‌ راشكاوانترو روونتر بڵێم، كاتی ئەوە هاتوە بڵێین بەسە شەڕی پڕۆژەو پێشكەشكردنی راگرن، چونكە كەس بە فلسێكی قەڵپ نایانكرێ‌، تا دۆخەكە ئاسایی نەبێتەوە! بۆیە دووپێشنیاری سەرەكی و كرداری دەخەمە روو، كە پێویستە حزبەكان كاری لەسەربكەن و پێداگیربن لەسەری، وەك جێگرەوەی ئەو هەموو پڕۆژەو پڕۆژە كارییە، ئەویش ئەوەیە:

یەكەم: هەمووتان داوایەك ئاراستەی "بەرزانی" و پارتی بكەن و بەڕاشكاوی بڵێن ئێوە پەرلەمانتان لەكار خستوە، هیچ كارو هەنگاوێكی چاكسازی بەبێ‌ پەرلەمان لە جێگای خۆیدا نیە، كەواتە با سەرۆكایەتی پەرلەمان بگەڕێتەوە كە ئەمەش بۆ بەرژەوەندی گشتیە، راستە بارەگاتان سووتاوەو چەند كادیرو پێشمەرگەتان شەهید بوە، بەڵام كاتێك بمانەوێ‌ دۆخەكە ئاسایی بێتەوەو قەیرانەكان تێپەڕێنین، دەبێ‌ ئەم هەنگاوە بنێن. رابووردووش ئەزموونی لەم جۆرەمان هەیە. دوای ئەوەش رووبكەنە بزووتنەوەی گۆڕان و دوایان لێبكەن، وردتر خوێندنەوە بۆ دۆخەكە بكەن، دەستبەرداری گووتاری زبربن و هێمنی بنوێنن، چونكە هەرێمی كوردستان لە قەیران و كێشەی گەورەدایەو تەحەداكانیش زۆرن و مەترسیش لەسەر داهاتووی هەرێمی كوردستان كەم نین و زۆرن!

دووهەم: ئەگەر پارتی ئەو پێشنیارەی قبوڵ نەكرد، ئەوا هەمووان رووبكەینە بزووتنەوەی گۆڕان دوای ئەوەی پارتی هەڵوێستی یەكلایی دەكاتەوە، كە داواكارییان گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمانە، ئەوكاتە پێیان بڵێین لەبەر دۆخەكەو تێپەڕاندنی قەیران و مەترسییەكان، داواتان لێدەكەین سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕن بە كەسێكی تر، پەرلەمانیش بەسەرپەرشتی سەرۆك كۆببێتەوەو دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك قبوڵ بكات و دەستەیەكی نوێی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێ‌.

ئەگەر كیشه كه یان له گه ل بزوتنه وه ی گورانه، ئەوا با بزووتنەوەی گۆڕان ئەم دووساڵەش ببنەوە ئۆپۆزسیۆن، هەروەك واشە خۆشیان لە هەناوی ئۆپۆزسیۆن بوون درووست بوون و ئێستاش زیاتر لە پێشوو، ئەم دەسڵاتە ناشرین و قەیرانی زۆرترەو دەتوانن رۆڵی ئەرێنی ببینن. پێشم وایە لە حاڵەتی جێبەجێنەبوونی دوو پێشنیارەكەی پێشوو، ئەم داوایە لە بزووتنەوەی گۆڕان لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیە و بە هەموو لایەكەوە گەورەییەكی مەزن بۆ خۆیان و خزمەتی گشتی تۆمار دەكەن.

لە كۆتاییدا، دووبارەی دەكەمەوەو دەڵێم: شەڕی پڕۆژەو پڕۆژەكاری بێسوود بەسە. كۆبوونەوەی بێبەرهەم بەسە. زمانی زبرو تەخوین بەسە. ئەم دۆخە لێبوردەیی و هەنگاوی كرداری و ئیرادەی دەوێ‌.