ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دلێر محەمەد شەریف/تۆ بڵێی ئازادی بازاڕ یەكسانی‌و دادپەروەری بەرهەمبێنێ‌؟!

بەدرێژایی مێژوو یەكێك لەكێشە هەرە سەرەكییەكانی مرۆڤ كێبركێ‌‌و ململانێ‌ بووە لەپێناو ژیاندا. دیارە بۆئەم مەبەستەش چەندان تیۆر‌و فەلسەفە نوسراون‌و هەریەكەیان بەئاراستەیەك هەوڵیداوە لەژیانی مرۆڤ بكۆڵێتەوە‌و ئەو بۆشایی‌و ئەو حاڵەتە بدۆزنەوە كە پەیوەستن بە ململانێكانی مرۆڤ. هەر لەسوكراتەوە تا ئەرستۆ‌و ئەفلاتون‌و هیگل‌و فیورباخ‌و مۆنتسیكۆ‌و مەكیاڤیلی‌و نیتشەو باكونین‌و ماركس‌و ئینگلیس‌و..هتد، كەدواترینیان فۆكۆیاماو هینتنگتن بوون. هەموو ئەو بیرمەندانە لەئاكامدا دوو ئاراستەیان گرتەبەر‌و یەكیان یەكسانی مرۆڤی كردۆتە مەحەكی بیركردنەوەكانی‌و ئەویتریان دەسەڵات، كە لەهەردوو باردا مرۆڤ كڕۆكی مەسەلەكانیان بووە، بەڵام كەمینەیەتی مرۆڤ، مەزنترینە. تێڕوانینی فكری ئەم بیرمەندانە ئەو چەمكە فكرییە بوو كەپاش چەندین خوێندنەوە‌و لێكۆڵینەوەی تیۆری‌و فەلسەفەی كەماركس لەبارەی كار‌و سەرمایە‌و ئابووری‌و سیاسییەوە خستییەڕوو، بەتایبەتی پاش ئەوەی توانی یەكێك لەگرنگترین خاڵە ونبووەكانی نێوان كارو سەرمایە بدۆزێتەوە، ئەویش (زێدەبایی)بوو، كەخاوەن سەرمایەكان لەرێگەی هێز‌و بازووی كارگەرانەوە دەستیان دەكەوت‌و هەرئەو زێدەباییەش بوو كەسەرمایەكەی كەبۆی دروستكردوو سەدان ملیونێر‌و ملیار دێری لەسەر ئەو زەمینە دروستكرد. ئێمەی كورد لەناوەڕۆكی راستەقینەی كارو سەرمایە‌و زێدەبایی تێبگەیەنێ‌ بێئەوەی خاوەن سەرمایەداری بەم جۆرەبین كەماركس باسی لێوە دەكرد. شاباشكردن بۆ دروستی ئەو چەمكە كە لەراستیدا دروستبوو، بەڵام ئێمەیەكی هەژاری هێنا پەیوەست بوو بەمەڕداری‌و كشتوكاڵی‌و نەبوونی، یان لاوازی ئاستەكانی بەرهەمهێنان. پێش پەرەسەندنەكانی كۆمەڵگا كەوتین‌و زۆرمان لەو راستییانەی دونیای پێشكەوتوو بۆ كۆمەڵگەكەمان باسكرد، بەڵام ئێمەیەك كەهێشتان پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەپەیوەندی خێڵو خوێن تینەپەڕی بوو بۆ پەیوەندی بەرهەمهێنان باسمان لەجیهانی سوسیالیست‌و یەكسان‌و دادپەروەری كرد. بزووتنەوە سیاسی‌و حزبە سیاسییەكانیشمان هەریەكەیان وەك مودێل كەمیان نەوت‌و كەمیش لەبەرنامە‌و پەیڕەوەكانیاندا باس نەكرد..تا ئەو رادەیەی كۆمەڵەی ئەوكات كۆتایی حەفتاكان‌و هەشتاكان ئێمەی شیوعییەكانیان بەلادەرچوو لەقەڵەمدا. زۆربەی هێزەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی لەپاڵ رزگاری نیشتمانی باسمان لەیەكسانی‌و دادپەروەری‌و دروستكردنی كۆمەڵگەی بێ‌ چین و چەوساندنەوە دەكرد. كە لەراستی هەموو ئەم چەمكانە بەرلەوەی پەیوەستبن بەسیستمی حوكمڕانی‌و شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەوە، پەیوەستبوون بەسیستمی ئابووری دەوڵەت كەئەوسا عێراق وەك رژێمێكی تاكڕەوی شمولی سیستەمی ئابوورییەكەی لەسەر بنەمای ناوەندێتی دەوڵەت بنیادنابوو. بەو بنەمایەی كەدەوڵەت تەواوی سیستمی ئابووری‌و بازاڕی بەدەستەوەیە، كەهەمیشە سیستەمە شمولییەكان بەم شێوازە مامەڵەیان لەگەڵ ئابووری دەوڵەتدا كردووە‌و ئامانجی سەرەكیشیان بەهێزكردن‌و راگرتنی دەسەڵاتی سیاسی بوو، نەك بەهەمان شێوازی سیستەمە سوسیالیستەكان كە ئەگەر لەئامانجەكانیشیان پاراستنی دەسەڵات بوو، بەڵكو لەپاڵ ئەوەشدا لەرێگەی موڵكداری دەوڵەت بۆتەواوی سامان‌و هۆیەكان بەرهەمهێنان دروست نەبوونی سەرمایەداری دەرەوەی دەوڵەت‌و موڵكایەتی تاكەكەس بوو. پێموایە لەگەڵ رەخنەگرتن لەسیستەمی بەڕێوەبردن‌و پیادەنەكردنی ئازادی‌و دیموكراسییەتی سیاسی لەسیستەمە سوسیالیستەكان، بەڵام زۆربەی خەڵكی دەوڵەتانی دوێنی سوسیالیستی‌و ئەمڕۆی سەرمایەداری دەسەڵاتی بازاڕ خەون‌ بەژیان‌و گوزەرانی ئەو سەردەمەوە دەبینن، لەكاتێكدا ئەوان سیستەمی بازاڕی ئازادەكەیان پەیوەست‌و پابەندە بەچەندین یاسا‌و سنوری یاسایی دەستوری دەوڵەت كەهەموو ئازادییەكانی كێبڕكێی بازاڕو رێگەگرتنی لەقۆرخكردنی بازاڕو پاراستنی بەكاربەریان چەسپاندووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەو پێیەی بازاڕ بنەمای سەرەكی سیاسەتەكانی دەرەوە‌و ناوەوەی دەوڵەت ئاراستە دەكات، كەچی نایەكسانی‌و نادادپەروەری تا ئەوپەڕی بەروونی دیارن، كەهەر ئەم بارودۆخەش بوو چەند ساڵە گەراِون بەدوای ریفۆرمی ئابووری‌و سیاسی‌و یاساكانییان، كەبتوانن بەشێك لەو نابەرابەرییە لەدەستكەوت‌و ژیانیان چارەسەربكەن. ئەگەرچی لەمڕۆدا بەهۆی ئەو قەیرانە دارایی‌و ئابوورییەی كەتێی كەوتوون، جارێكی تر دووچاری داڕمان‌و بێكاركردن‌و زیادبوونی لەشكری بێكاری بوونە، كە لەئاكامی قەیرانێكی زۆرو فشارێكی قوڕسی لەشكری بێكارانەوە لەرێگەی بیمەی كۆمەڵایەتییەوە دەوڵەتانی سۆسیال‌و دیموكراس بەشێكیان لەو قەیرانە رەواندبوویەوە. ئەگەرچی لەدەوڵەتانی هەڵگری فەلسەفەی ئابووری ئازاد‌و لیبراڵی‌و نوێ‌ بەم چارەسەرەشدا نەچووبوو، كەبێگومان ئەو لەشكرە بێكار‌و برسی‌و گیرۆدەی ژێر پرد‌و سەر تەنەكە زبڵەكانی ئەو دەوڵەتانە‌و دووچاربوون، گیرۆدەبوونیان بە ماددە بێهۆشكەرەكان لەرێگەی مافیاكانەوە باشترین بەڵگەی ئەو راستییەن..(كەكەسمان نییە گوێبیستی رۆڵی ئەوباندە مافیا جۆر بەجۆرانەی دونیای ئەوروپا‌و ئەمریكا نەبووبین، كەچۆن ئەو هەموو بازرگانی بەشاڵ‌و شمەكەكانیانەوە دەكەن، بەڵكو لەمڕۆدا بازرگانی بەمرۆڤیش بووەتە مەترسییەكی گەورەیان كەبەشێكی زۆر سیاسەتی ئابووری‌و بازاڕ‌و دەسەڵاتیش لەلایەن ئەم مافیایانەوە بەڕێوەدەچێت). تۆبڵێی ئێمەی كوردستانی لەم فەوزا‌و بێ‌ سنوری‌و بێ‌ یاساییەی دەسەڵاتی بازاڕو نەبوونی یاسایەك بۆپاراستنی بەركار‌و رێگەگرتن لەكۆنتڕۆڵكردن‌و قۆڕخكردنەوەی بازاڕ‌و نەبوونی كێبڕكێی ئازادنە، توانیومانە ئەم ئازادی بازاڕە بكەینە هۆیەك بۆیەكسانی‌و دادپەروەری‌و خزمەتی خەڵكی؟ داخوا لەكوێی دونیادا بازرگانی‌و سەرمایەدارەكانی بازاڕ وازیان لەسوود‌و قازانجەكانیان لەبەرژەوەندی خەڵك هێناوە؟ وا لەو ئەوروپایەی كەبەراستی پڕە لەجوانی‌و سروشت‌و یاسا كەس هەبێت بێ‌ كاركردن‌و بێ‌ ماندووبوون پاشا ئاسا ژیابێت؟ تۆبڵێی بازاڕی ئازادەكەی ئێمە جیاوازبێت‌و لەبڕی قازانج‌و پڕكردنی هەگبەی سەرمایەكانییان بەمیتۆدو فەلسەفەی ئەخلاق هەڵسوڕێن؟ ئەی ئەوەنییە نەشتی ئیكسپایەرو نەكەرەستەی خراپ‌و هتد... مان نییە؟! كێن ئەمانەی بازاڕیان كردۆتە كەرەستەی دەستكەوت‌و قازانج؟ تۆبڵێی تەنیا بەرپرسەكانی بن، یان ئەوانەی لەرێگەی دەسەڵاتی سیاسیی‌و بەئاگاییان لە سیاسەتەكانی ئابووری‌و بازاڕو سوود وەرگرتنیان لەو دەسەڵاتە سیاسییەی هەیانە كۆنتڕۆڵی بازاڕیان كردووە؟ ئەی ئەوانیتر كێن؟ گەر دەسەڵاتی سیاسیمان لەوانە سەند، داخوا ئیتر بەو سەرمایەو توانا ئابووری‌و داراییە هەیانە ناتوانن هەمان ئەو ئامانجە ئێستا بپێكن؟ كەواتە هەڵگرانی ئەم فەلسەفەیە چۆن دەتوانن بەیەكسانی دادپەروەری بەدیبهێنن؟ ئەگەر بازاڕ تاكەكەس حوكمی بكات‌و دەوڵەت لەدەرەوەی ئەو هاوكێشەیە بێت..لەوانەیە بەهەڵەدا بچین لەم سات‌و قۆناغەدا دەرگاكانی بازاڕ‌و ئازادی بازاڕ دادەخەین، چونكە ئێمەی كوردستان پێویستمان بەبوژانەوە‌و هەڵسانەوە هەیە، كەئەمە تەنیا بەحكومەت ناكرێت، بەڵام ئەم بووژانەوەیە تاچەند لەبووژانەوەی كارگەكان كاریگەرە، تاچەند هۆیەكە بۆكەمكردنەوەی بێكاری‌و مسۆگەركردنی هەڵی كار؟ تاچەند دەتوانێ لەم واقیعە‌و لەم پێكهاتە كۆمەڵایەتی‌و ئابوورییەی ئێمەدا زامنكردنی یەكسانی‌و دادپەروەری بێت؟ كەدوو مەسەلەی لێكجیاوازن، ئایا سیاسەتی وەبەرهێنان بەم حاڵەتەی ئێستای دەبێتە هۆیەك بۆدروستكردنی زەمینەی ژێرخانی ئابووری‌و بووژانەوەی كەرتە تایبەتەكان؟ تۆبڵێی بەتایبەتكردنی كەرتە گشتییەكان بەراستی هۆكاری بەهێزبوون‌و دروستبوونی ئابوورێتی بەهێزی سەربەخۆبێت؟ یان دووبارە بەشێوازێكی تر پاشكۆبوونە بە ئابووری دەوڵەتانی بەرهەم هێنەر‌و خاوەن كاڵا‌و ئێمەش بازاڕێكی بێ‌ سنوری یەكلاكردنەوەی كەرەستەو كاڵاكانیانین؟ تۆبڵێی میتۆدەكانی فكری نەتەوایەتی، ئایینی، تاچەند دەتوانن ئەم بارە راستبكەنەوە‌و تاچەند هەڵگری پەیامی راستەقینەی یەكسانی‌و دادپەروەرین؟ بێگومان نەتەوەپەرستی‌و نیشتمانپەروەری بۆرزگای نیشتمان، دوو مەسەلەی پیرۆز‌و پێویستی ئێمەن، بەڵام تاچەند میتۆدێكی راستەقینەن بۆرزگاری مرۆڤ‌و یەكسانی دادپەروەری؟ بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی كوردستانی لەبڕیاردانی بۆئەو مەسەلانە هۆشیار‌و وریا بێت، ئەگەرنا بێگومان دەبێت باجی ئەو بڕیارەی خۆی بداتەوە، كەخۆی دروستی دەكات‌و دەبێت ئەوەی لاروون بێت كە ئازادی‌و مافەكان جیاوازن لەئازادی بازاڕ‌، چونكە هەموو سیستەمەكانی دەوڵەت ئەوەیان سەلماندووە كەئازادی بازاڕ بەرلەوەی ئازادی كارو ماف بێت بۆهاووڵاتی، ئازادییە بۆخاوەن سەرمایە‌و بازاڕ‌و قازانجەكانی ئەوان. ئەمەش حوكمی ژیان‌و هاوكێشەكانی ژیانە ئەگەرنا ئیتر چۆن دەتەوێ‌ تۆی هاووڵاتی خاوەن كۆشك‌و سەرمایەكانی ئەوانی خاوەن سەرمایە‌و بازاڕ بێت‌؟ بەكام پێوەر دەتەوێ‌ یەكسانی‌و دادپەروەری بخوڵقێنی؟.