ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هۆشیاری عەبدولعەزیز/ئەرێ بۆ كەس شەڕی بودجە و قوتی خەڵك ناكات..؟

لە خولەكانی پێشوو تری پەرلەمانی كووردستاندا ئاستی ململانێ‌و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسیەكانی ساحێب سوڵتە و هێزە موعارەزەكانی بەشدارە لە پەرلەمانی كوردستان هێندە توندو مەترسیداربوو تا ئاستی چەپڵە لێدان و شێواندنی ناوی پێشمەرگە بە میلیشیا و وەشاندنی دەبەی ئاو لە سەرۆكی پەرلەمان و دزە كردنی لەفەی فیقنە بۆ ناو هۆڵ و حەرەمی پەرلەمان، زۆرینەی شەڕەكانیش لەو كاتەدا لە سەر پرۆژە یاسای بودجە و قوتی خەڵك بوو، هەر لەودەمەدا حزبە حوكڕانەكان بە گەڵابە پارە و دۆلاریان هەڵدەرشاند، سولفەی عەقار و سولفەی زەواج و قەرزی بچوك و موچەی مانگانەی باش و هاوكاری و پرۆژەی زۆر و زەوەندە گەیشتبوە ئەو ڕادەیەی كە بەشێكی زۆری هاوڵاتی لەم وڵاتەدا ساڵانە و لە گەڵ مۆدیلەكانی ساڵی نوێدا ناوماڵە و ئۆتۆمبیل و كورسی و قاپ و قاچاخی هەموو دەگۆری و زۆرجاریش لە ساڵێكدا دوجار گەشت و سەیران و حەج و عەمرە دەكرا، وەلێ خۆشبەختانە دوای سەركەوتنی باشی موعارەزە و پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوانی پێنج حزبی و دابەشكردنەوەی جارێكی تری تەواوی قاچ و قولی دەسەڵات تۆخكردنەوەی دەستی حزب لە ناو تەواوی جومكەكانی حكومەتدا، هەموو خێر و بێری ئەم وڵاتە بڕا و خەڵك خرایە سەرساجی عەلی كەچی كەس نقەی لێوە نایە،به مه ش دەركەوت لیستە ركابەر‌و نەیارەكانی نێو پڕۆسەی سیاسی كوردستان كە پێشتر شەڕی بودجەی هەرێم و میزانیەی خەرجیان دەكرد و بە دەبە و فیكە هۆڵی پەرلەمان و ڕاگەیاندن و خەڵكیان هێنابوە جۆش تەنها لەپێناو گەیشتن بەخواست‌ و مەرامی دەسەڵات و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانیان‌ بوو نەك بەرژەوەندی و قوتی خەڵك و دەریش كەوت بەهیچ شێوەیەك بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكیان لاگرنگ نییە و گوێ لەخەمی دانیشتوان ناگرن، ئەگەرنا كوا بۆ دەنگ نەماوە خۆ ئەوە دووساڵە حكومەتی بنكە پێنج حزبیەكە هیچ پرۆژەی میزانێیەكی ساڵی نەخستۆتە بەردەم پەرلەمان، ئەرێ بەڕاست كوان ساحێب فیقنەكان بۆ دەنگیان نەما خۆ پارەی گومرك و سنورەكان لە پێشتر زیاترە، كەچی عەقار نەما، موچە نەما، سولفەی زەواج و هاوكاری كوروكچی شەهید نەما، داودرمان و داروبەرد و پرۆژە و مرۆژە نەما، بازاڕ پەكی كەوتوە، كۆمپانیاكان قەرزاربار دەچوون، ئەرێ بۆ دەنگدەرەكانی ئەو حیزبانەی بۆ سوڵتە و هاوبەشی پارە و داهات و تەعینكردنی دەست و پەیوەندەكانیان چونە دەسەڵات نایەنە دەنگ و هاوارناكەن و بەگژ ئەوانەدا ناچنەوە كە دەنگەكانیان بە فیرۆچوو، حیزبە دەسەڵاتدارەكانیش كە ئێستا هاوبەشێكی تەواون لە حكومەتدا ( قەیران لەسەر قەیران ) بەرهەم دەهێنن و دەیانەوێ بەو جۆرە خەڵك بگەمژێنن و شەڕی قوتی خەڵك و بودجە و خەرجی گشتی و گەندەڵیەكانی دەسەڵات بشارنەوە، شاردنەوەی ئەو دۆخە و باندانی هەڵا و هەرای پێشوویان و بێدەنگی ئێستایان ئەوە دەخاتە روو كە شەڕی بودجە و قوتی خەڵك لە ڕابردودا جگەلە بانگەشەیەك بۆ چوونە سوڵتە و گرتنە دەستی دەسەڵات هیچی تر نەبوە .