ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کازیوە ساڵح/ئێزیدی نە تاووس پەرەستە و نە شەیتان پەرەست

 

“ئێمە شەیتانی خۆمانین، ئەم دونیاشمان کردووە بە دۆزەخ بۆ خۆمان ” ئۆسکارد وایەڵد

بە ڕەچاو نەکردنی ئەو راستیەی تا چەند شەیتان بوونی هەیە،سەرچاوەی کۆنسێپتەکە تا چەند دروستە، لە کوێیەوە هاتووە و لە کوێی مرۆڤدا حەشاردراوە. شەیتان بووە بە بیانویەک بۆ پەنادانی کار و نێتە قێزونەکانی مرۆڤ. ژمارەی ئەوانەی قوربانی ئەم نێتەن کەم نین، بەڵام درێژترین ماوەی قوربانیدانی ئەم نێتە ئێزیدی تۆماری کردووە. ئەویش بە هۆی لاوازی نەتەوەیی، یەکدەنگی و یەک دەستی ناحەزانی کورد و ئێزیدی، ئەو چەوساندنەوە نەبڕاوەی بە دڕێژایی مێژووی لە پاش سەرهەڵدانی ئاینی زەردەشتییەوە تا ئەمڕۆ سێبەری زاڵ بووە بە سەریاندا، جگە لە نەخوێندەواری و نەبوونی هۆشیاری نووسین و ڕوونکردنەوە و ڕاستکردنەوەی ئەو تێکدانە ئاینی و کلتوری و نەتەوەییانەی دراوەتە پاڵییان.

 

لە گەڵ ئەوەی وەکو لە ژمارەکانی ڕابردوودا باسم کرد لە متۆلۆجیادا تاووسی مەلەک کوڕی خواوەند و دوایش خۆی گەوترەی خواوەندەکان بووە. ئەمەش بۆ هەر نەژادێکی دی بووایە نەک کورد هەمیشە بە خوا سەیری دەکرد و ناوی دەهێنا، چوون سەدان نەژاد و نەتەوە و ئاینزا لە جیهاندا هەتا ئێستا لە سەر ئەو باوەڕو کلتورە دێرینانەماونەتەوە . جگە لەوەی ئەو مرۆڤو نەتەوانەی ڕووبەڕووی سەختی زۆر ئەبنەوە بە هۆی هەر فاکتەرێکەوەبێت زیاتر هۆگری ئەو فاکتەرە ئەبن، بۆ نموونە ئەوانەی لە ڕووی نەتەوەییەوە چەوساوەن نەتەوەییترن هەتا نەژادە ئازادەکان. ئەمە بۆ فاکتەرەکانی دی هەر وایە بە تایبەت ئاین، بەڵام ئیزیدی زۆر نەکەوتوەتە ژێر کاریگەری سۆزداری لە گەڵ ئەو فاکتەرە ئاینیانەی کە لە میتۆلۆجیادا هاتوون سەبارەت بە تاووسی مەلەک و وەکو فریشتە مامەڵەیان بە مێژوو و بوونی تاووسەوە کردووە نەک خودا. لە لایەکی دی لە گەڵ ئەوەی خۆیان بە نەوەی ئیبراهیم ئەزانن، بە پێی ئەو میتۆلۆجیایەش ئەبێت ڕەگەزێکی ڕەسەنتری مرۆڤایتەی بن، لە گەڵ ئەوەشدا لە پاڕانەوە و نێوێژەکانیاندا دان بە زۆربەی ئەو ئاین و پەیامبەرانەدا ئەنێن کە پێش وە پاش خۆیان هاتوون.

ئێزیدی پێی وایە خودا دروستکەری گێتی و هەموو بوونەوەرەکانیەتی، هەر خوداش چاکە وئاوەزی لە مرۆڤدا دروستکردووە، خراپە و شەڕی بۆ نانێرێت، بەڵام ئەتوانێت نەهامەتی و خراپەیان لێ دوور بخاتەوە، هەر وەکو چۆن ئەتوانێت چاکەیان لە ناودا بڵاو بکاتەوە. بۆ جێ بە جێکردنی کارەکانی دنیاش خودا مەلائکە / فریشتەی ناردووەتە سەر زەوی، وە لای ئیزیدی تاووس گرنگترینیانە چونکەپێیان وایە نزیکترینیانە لە خوداوە.

 

 مەتەمسەکۆنسیس واتە کۆپیبوونەوە یان ‘ التناسخ‌، زیندووبوونەوەی ڕۆح metempsychosis    ئێزیدی باوەڕی بە

 

هەیە پاش مەرگ. ئەوان پێیان وایە کاتێک مرۆڤ ئەمرێت سزا سەرەتایەکانی خۆی وەرئەگرێت و زیندوو بوونەوەی ڕۆحی دوا ناکەوێت بۆ ڕۆژی قیامەت، بەڵکو ڕۆحە خێر بەخش و پاکەکان دەچنە جەستەی خەڵکێکی پاکەوە و ڕۆحە شەڕانگێزەکانیش دەچنە جەستەی خەڵکێکی خراپەوە، یان ئەکرێت بچێتە جەستەی ئاژەڵەوە.بۆ ئەوەی کاری مرۆڤ رێکبخرێت خودا فریشتەی ناردووەتە سەر زەوی بۆ ئەوەی مرۆڤ لە خودا و لە ئەوانیش بپاڕێینەوە کە پاڕانەوەی لای خودا بۆ بکات لە گوناهەکانی خۆش بێت و ڕۆحی پاکی خەڵات بکات.

بە پێی ئەو سەرچاوانەی لە لایەن ئەم نووسەرانەوە ‘ زهیر کازم عبود ٢٠١١، سعید الدیوەجی ٢٠٠٣،، خلیل الجندی ١٩٩٨، گەیست ١٩٨٧، تد. ‘ نووسراوون، جگە لەوەی ئەو گریمانە ڕوو ئەخەنە کە خوداوەندی یونان تیوێس و خوداوەندی مەسیحیەکان زیۆس هەر لەو تاووس /تامۆزەکەی ئێزیدیەوە وەرگیرابێت، هەروەها حەوت فریشەتەکە ئێزیدیان بەم شیوەیە ڕیزبەند کردووە:

خودا لە ڕۆژی یەکەشەمەدا فریشتە عەزازیلی ” تاووسی مەلیک” دروست کردووە.

 

لە دووشەەمەدا فریشتە دەردائیل … کە شێخ حەسەنە

 

سێ شەمە فریشتە ئیسرافیل … کە شێخ شەمسە

 

چوار شەمە فریشتە میکائیل … کە شێخ ئەبو بەکرە

 

پێنج شەمە فریشتە جبرائیل … کە شێخ سوجادەدینە

 

هەینی فریشتە شەمنائیل …  کە شێخ ناسرەدینە

 

شەممە فریشتە نورائیل…   کە شێخ فخرەدینە

 

پێشتر باسی مێژووی تاووسم کرد کە چەند کۆنە و چەند پێش ناوی ئەو شێخانەی بۆ ناوی مەلائکەکانیان زیاد کردووە بوونی هەبووە. هیچ گریمانەیەک لە ڕووی مێژوویەوە نایسەلمێنێت ئەو ناوانە لە بنەمادا لە گەڵ بوونی ئێزیدا هاوتەکی ناوی مەلائکەکانیان کراون، چوون لە بنەمادا کاتێک میتۆلۆجیای فریشتەکان هەبووە کەسەکان یان شێخەکان بوونیان نەبووە. بۆیە لای من گریمانەی ڕاست ئەوەیە کە دەستکاری ئاینەکە کراوە. ئەمەش یەک: واتای چاکسازی و پێداچوونەوە ئەکات کە هەمیشە کاریەکی باشە ئاینەکان لە گەڵ خواستی سەردەمدا بگونجێنرێن. دوو: بە خودکردن یان زیاتر کۆکردنەوەی ئەکات لە بازنەی کوردی ئێزیدیدا. واتە ئەکرێت ئەم سەربارکردنە لەپێناوی سووکردن یان سڕینەوەی ئەو تۆمەتانە بێت کە زەردەشتی و ئیسلام و هەندێ جاریش مەسیحی داویانەتە پاڵ ئێزیدی و هەر یەکەیان بە گروپێکی سەر لێشێواو و هەڵگەڕاوەی خۆیان لە ژێر دروشم و چیرۆکی هەڵواسراوی سەیردا گەیانراوون بە خەڵک، هەر یەک لەو چیرۆکانەش شەرعیەتی کوشتنن، پاکتاوکردن ولە ناوبردنی گشتی ئێزیدی بەخشیوە. بەخودکردنی ئاینەکە و زیادکردنی خەڵکانێکی ئێزیدی بۆ ئەو سەردەمانە گونجانێک و وەلامدانەوەیەکیش بووە بە ڕووی ئەو نادادوەری و توندوتیژیانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە. ئەم گریمانانە لەوێوە سەرچاوە ئەگرن کە ئێزیدی باوەڕی بەوە هەیە فریشتەکان ئەو بوونەوەرانەن لە ڕووناکی دروست بوون و جەندەرییان نیە واتە نە ژنن نە پیاو، بەڵام لە هەمان کاتیشدا سەربارکردنی کۆمەڵێک ناوی مرۆڤ و ئەو مرۆڤانەش هەموویان پیاون وو دەسەڵاتی ئاینی و خێلەکیان هەبووە لە ناو ئیزیدا گریمانە ئەوە ئەباتە سەر کە لە پێناوی خۆپاراستندا بووبێت.

 

    بیرمان نەچێت ئێزیدی باوەڕی بە کۆپی ڕۆح هەیە، بۆیە ئەگەر پێی وابێت ڕۆحی هەر یەک لەو فریشتانە لە جەستەی ئەو پیاو چاکانەدا بوون کە خۆی باوەڕی پێیەتی ئەکرێت گریمانەیەکی دیکە بێت.

 

    لەمانە گرنگتر ئەوەیە ئێزیدی ناو و کەسیەتێکی ڕاستەقینەی بۆ تاووسی مەلەک سەربار نەکردووە، چوون بە پێی ڕێبازی ئەوان ‘تاووس‌ مەلیک یان سەرکردەی هەموو فریشتەکانە، و کارەکتەرێکی ساکار نیە، چوون تاووس لای خودا خۆشەویستە، بۆیە زۆربەی خێر و چاکە و خۆشیەکانی ژیان لای تاوسەوە خودا ئەیگەیەنێت بە مرۆڤ.              ئێزیدی پێێ وانیە خوا نێردەری شەڕ و خراپە بێت،تەنانەت ناوی خودا بەو کۆنسیپە نادروستانەوە نالکێنن. پێیان وایە خودا تەنها خێر و چاکە بۆ مرۆڤ ئەنێرێت ولە ڕێگەی فریشتەکانییەوە هاوکاری ئەکات، مرۆڤ خۆی بەرپرسە لە خراپەکاریەکان و تەنها پەیوەندی بە دەروونی مرۆڤەوە هەیە، ئەگەر خودا شەڕی بناردایەتە خوارەوە بۆ مرۆڤ ڕۆژی حسابی نەئەبوو. ئەم بۆچوونە لە گەڵ بوچوونی ئاینی وەکو بودیزم گونجاوە، لە ڕووی فەلسەفیشەوە لە زۆر ڕووەوە ئەکرێت مامەڵەی لە گەڵ بکرێت، لە گەڵ بۆچوونەکانی ئەنەشتاین سەبارەت بە بوونی تاریکی لە غیابی روناکیدا، هەتا بۆچوونەکانی ئۆگەستین و چارڵس هارتهۆرن سەبارەت بە بوونی خودا و بونیاد و حوکمی تەواقفقی، حوکمی زانستی نوێ و حوکمی دژە بت پەرەست.

تا ئێرە دەرئەکەوێت کە تاووس لای ئێزیدی بە خودا سەیر نەکراوە و بەڵکو ناوی بەهێزترین فریشتەیە لە میتۆلۆجیای ئیزیدیدا، وە ئێزیدی تاووس پەرەست نیە، بەڵام تاووس گەورەترین فریشتەیە و پیرۆزترین هێمای ئاینیانە لەوێوە پێی ئەڵێن تاووسی مەلەک . کەم نین ئەوانەی بە بت پەرەستیشیان تاوانبارکردن تەنها لە بەر ئەوەی پەیکەری چەند تاووسێک لە دەوری لالش و مەزارگەکانیاندا دانراوە. ئەمەش جگە لە ڕەمزییەت بۆ ئاینەکەیان هێما نیە بۆ هیچ شتێکی دی، وەکو چۆن مەسیحیەکان خاچیەکیان هەیە بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەو ئاینە لە کاتێکدا لە سەردەمی خودی مەسیحدا ئەو خاچە نە بوونی هەبووە و نە هێمایەکی هاوشیوەش لە ئارادا بووە، یەکەم کەسیش کە خاچی کرد بە ڕەمزی مەسیحیەکان قوستەنتین بوو، گوایە خەوی بینیبوو ئەو سێ مێخەی کە مەسیچی لە سەر لە خاچدرا و دوای ناوی نرا خاچ بکەن بە هێمای خۆیان. خەونێک لە کاتێکی ساکاری مامەڵەو ژیاندا ئەکرێت بە هێما ئاینیەکی بەرفراوانی وەکو مەسیحیەت.   لەم ڕوانگانەوە تاووسی مەلەک شەیتان نیە،بت نیە، پەرستراو نیە، فریشتەیەکی پیرۆزە و هێمایەکی ئاینی یە و ئیزیدیش لە بەر ئەوەی گروپێکن تەنها لە ڕێگەی ئاینەوە تایبتمەندی خۆیانیان پاراستووە نەک خاک و نەتەوە و نیشتمان ڕێزیەکی بێ وێنەیان بۆ هێما و نوینەرە ئاینیەکانی خۆیان هەیە و ئەمەش مافی ساکاری هەر مرۆڤ و نەژاد و نەتەوەیەکە. کەواتە ئەم چەوساندنەوە بێ پسانەوەی ئیزیدیەکان بە بیانووی شەیتان پەرەست لە کەیەوە و لە کوێیوە سەرچاوەی گرتووە ؟ کێ بە شەیتان پەرەست تاوانباریکردن؟ چ جۆرە ڕاڤەیەکیان خستە بەر دەست بەوا بتەوێ توانیان ڕەگی چەوساندنەوە و لە ناوبردنی هەمیشەی ئیزیدی بچێنن؟