ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

محەمەد چۆمانی/سیاسەتی پەنهان و كوشتنی متمانە

هەر دەزگایەكی راگەیاندن دەگریت بەردەوام قسە لەسەر بودجەو قەیرانی دارایی دەكات، وەلێ‌ تەنها وەزیری كوردەكەی دارایی عێراق قسە ناكات!! بۆچی پێمان ناڵێت بەغدا لەبەرچی ئاوا مامەڵە دەكات؟ یانی چی بێدەنگی ئەو؟! لەراستیدا دەبێت ئەو راستییەكان بەخەڵكی كوردستان و پەرلەمان بڵێت، نەك هاتوهاوار هەستان بەرامبەر عەبادی! هەموو بەرپرسێكی كورد لەسەر ئەم پرسە قسە دەكات، وەزیری دارایی عێراق زێباری نەبێت! كەوەزیری دارایی عێراق و سەرۆك كۆمارە تەشریفییەكە كوردبن، ئیدی كورد هاوار بۆكێ‌ بەرێت؟ پێموایە بەرپرسە باڵاكانی هەرێم ئاگاداری وردو درشتی كێشەكەن، ئەوەی شتەكان نابینێت خەڵكە، سیاسەتی پشت پەردە، هێشتنەوەی خەڵك لەمەراق و چاوەڕوانی و پەنهانی، سیاسەتێكە قەیرانەكان كەڵەكەتر دەكات و متمانە دەكوژێت و بەتاڵكردنەوەی ئەو قەوانەیە میللەت بڕیار دەدات.!                            

 شین و شەپۆر بۆچی؟

بەشێك لەهاوفكرانی ئیسلامی سیاسی لەكوردستان هەر دوای شكستەكەی ئاكپارتی، كەوتنە سەنگەری نووسین لەژێر ناوی"فاكتەرەكانی دەنگنەهێنانی ئەردۆغان، نووسینێكم نەبینی مەیلی خۆشحاڵی هەڵكشانی هەدەپەی لێ‌ بێت و بنووسرێت"فاكتەرەكانی بردنەوەی هەدەپەو دەمیرتاش"، هەرچەند تائێستا شوناسی فكری و سیاسی هەدەپە رۆشن نییە، بەڵام رێی تێناچێت لەپرسی كورد پاشەكشێ‌ بكات. لەنێوان دین و نەتەوەیەكی پلیشاوەی بندەستی فاشییەتی تورك كامیان هەڵدەبژێرن؟ تۆبڵێی كوردان بێ‌ بەری بن لەدین؟! بەدرخانییەكان و شێخ رەزای دەرسیم و شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، ئەگەر بزووتنەوەكەشیان لۆكاڵی بووبێت، بەڵام خەونی گەورەیان هەبووە، ئەو مێژوو نەتەوەیە هی ئەوەیە لەبەرامبەریدا دڕدۆنگی سیاسی بنوێنین؟! ئەردۆغان ریكلام بەئامرازە كۆنەكان و نەخوێندنەوەی زەمەن و واقیع و پێكهاتە دینی و نەتەوەییەكان بەو دەردەی برد، ئیدی شین و شەپۆر بۆچی؟!                                                 

فیوزەكە پێویستی بەگۆڕینە

بەرشە دەیباتەوەو ركابەرەكەی دەدۆڕێت، یەكتری ماچدەكەن، لێرەش بەكورسی لەیەكتردان و تەقە بەئاسماندا كردن! ئاهەنگی حزب و دامەزراندنە تەقە دەكەن و شەقام دەگرن! بەپێش ماڵ و بارەگای حزبی دژ هۆڕنلێدەدرێت!! گرنگ چاوی بەرامبەر كوێربكرێت! دوو سەدەیە كوێرمان دەكەن، ئێمەش یەكتری شل و كوت دەكەین! كۆدی مێشكان تێكچووەو زۆر دەماری پووت و وشك بوونە!!! كوردان لەباكور سەركەوتن و ئاهەنگی شایی و خۆشی دەكەن، لێرەش تەق و هۆڕو زیقە زیق و شەقام گرتن و جنێودان بەیەكترو تەخوینكردنی یەكتر لەسەرئەوەی دڵم لای هەدەپەیەو لای نییە!!! تادوێنێ‌ حزبە كرێكارییەكەی باكور جاش و ستالینی و خۆسەپێن، ئەمڕۆ شۆڕشگێڕ!! رۆژئاواو رۆژهەڵات هەمان شت! هێزی سیاسی و نەتەوەیی و دیموكراسی باشوور لەكوێ‌ بابێت، لەوێ‌ شەن دەكات! فیوزی مێشكمان پێویستی بەگۆڕینە.                                         

ناوگۆڕین بەچی، كەئەوە رەوشتمان بێت؟

ناوە میللییەكەی "كەناس" ی جاران و كارگوزاری ئێستای كرا بە"كارمەندی ژینگەپارێز"، دەكرا هەر "ژینگەپارێز" بێت و بەس، كورت و پڕمانا. ژینگەپارێز مەغزاكەی لەكارمەندیش گەورەترە. دیوێكی دیكەی ئەم ناونانەی ئەنجومەنی باڵای ژینگەپارێزی هەرێم كاتێك تەواوتر دەبێت، كەلەباری كۆمەڵایەتی و كەسێتی بەچاوی رێزەوە لەژینگەپارێز بڕوانرێت. كۆمەڵگەیەكی سەیرو دووفاق! رۆژ نییە بازاڕو شەقام و گەڕەك و شوێنە گشتییەكان نەكرێنە زبڵخانە، ناوگۆڕین بەچی، كەئەوە رەوشت و كردەوەمان بێت؟! لەباری ئابوورییەوە بێبەشترین كەسە! ناكرێت مووچەكانیان 30جار لەمووچەی وەزیرو پەرلەمانتار كەمتر بێت!! كاتێك رێز لەم ژینگەپارێزە دەگرین، ئەگەر مووچە چەورو ئەستوورەكان هی ئەم مرۆڤە بێت، كاتێك مانایەك بۆئەم ناوگۆڕینە دەبێت، تێبگەین ژینگە چییەو ئەو كائینەش چییە بەر دەرگاو هەر سووچێكی ئەم وڵاتەمان بۆگسك دەدات.