ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

محەمەد چۆمانی/ لەچاوتاندا دەبینم، ئەو ماڵە تێكدەدەن!

 

 وای بەحاڵی میللەتێك پرۆفیسۆری وای هەبێت!

د. عەلی قەرەداغی دەڵێت" لەتوركیا مافی باش بەكورد دراوە، وەك بڵێی لەو گۆڕەی تورك ملی دابێت، نازانێت ئەو چۆڕە مافانە بەرهەمی سێدارەو سوتاندن و شكاندنی قەفەسی" توركە كێوییە"!چما نەتەوە هەیە لەتورك ئەنارشیستر؟! پەكەكە بەفیتنەی شەڕ دەزانێت و پێی وایە ئەوان واز لەتورك ناهێنن! دەڵێت" هێرشەكانی توركیا پەرچەكردارەو پۆلیسی كوژراوە! ئەی كوشتنی هەزاران كورد تەنها لەسەر كوردبوون چی پرۆفیسۆری كوردو ئیسلام؟ شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و شێخ رەزای دەرسیمیش پەكەكە بوون؟!! بەزیندوویی ناشتنی هەزاران ژن و منداڵ پەكەكە بوون؟! وای بەحاڵی میللەتێك پرۆفیسۆری وای هەبێت! دیارە كورد سەدەیەكە لەسارشان و ملی تورك و ئەردۆگان نازی دەكێشرێت!! كورد دۆست و زانای وا هەبێت، دوژمنی بۆچییە؟!                     

شایانی هیچ نییە، بار لێ‌ باركردن نەبێت!                 

ئەوە هیچ سێ‌ مانگ مووچە نەدراوە، ئەگەر بەیانی مووچە وەربگرم، یەك مانگ و نیوی رەبەقە لەگەڵ مانگی پێشتر مووچەم وەرنەگرتووە! بەراستی مامۆستا لەپشووە!!! چینێكی ئینتیهازی و پاشكۆی دوای هەموو پرس و گۆڕانكارییەكان!! كڕ لێی دانیشن و سەری بەرزتان بۆمووچە هەر بەرزتر بكەنەوە! لەو قەیرانەدا میللەت پشتی داچەماندووەو ئامادەی هەڵگرتنی هەموو بارێكە! باری گرانی، باری گاڵتەجاڕی، باری یاری پێكردن، باری سووكایەتی، باری شەرمەزاری!! چەند سیاسییانە دەستەمۆیان كرد میللەت!! تەق تەق فەرموو پارەی كارەبایەو 180هەزارم دا! لەماڵ نیم و ئاودیو بەو سەعاتی كارەبایان بەستاوەو 50هەزار بدە! ئاو نییەو بەتانكەر بیكڕە! پارەی موەلیدە خەمی دیكە! غاز لە6هەزارەوە بۆتە 7هەزارو نیو، كارتی مۆبایلیش دوو هەزاری دیكەی دەخەنە سەر! باهەڵگرێت ئەو هەموو بارە!! شایانی هیچ نییە گەلی دەستەمۆ، بار لێ‌ باركردن نەبێت!

لەكەشتییەكی بچووك و كۆڵۆنیال دەچێت!                  

شەوی رابردوو لەچۆمان بووم، لەكاتژمێر 4ی بەرەبەیانەوە دەنگی فڕۆكە خەوی زڕاندین، بۆنی مەرگ و خوێن دەهات، باوكم دەیگوت" 80ساڵە ئەوە بەزممانە، ئێوەش دەڕۆن تەیارە هەر لەسەر سەرمانە! لەسەرچیای كۆدۆ رەبییەكانی پاسداران وا لەنێو خاكی كوردستاندا! لەچیاكانی واوەتر جەندرمە دایكوتاوە!! لەولای هەڵگورد تەنراوە بەپێشمەرگەكانی حزبی دیموكرات، ئەولاتر پەكەكە، ئەولا پژاك، مەعلومە تێكی دەدەنەوە باڵەكایەتی!! لەكەشتییەكی بچووك دەچێت كوردستان!! لەوڵاتێكی كۆڵۆنیال دەكات، نەك خاوەن سەروەری و وڵاتێكی ئازاد!! ئەوە كام حكومەتە بێگانە خاوەن ماڵ بێت؟! بیست ساڵ زیاترە هێزە سیاسییەكان تۆپیان بەم میللەتە هاویشت و ئێستاش تۆپی تورك!! ئۆقرە ناگرێت ئەم كەشتییەو وا بەرەو دوورگەی رەشی دەبەن!! چەند بێدەسەڵاتە ئەو حكومەتە بەیاننامەی ناڕەزاییشی، لەئاست بۆمباران، هەر نووشتانەوەیە بۆدوژمن!                

بووە پردیش بەسەریدا مەپەڕەوە!                       

راوە كوردەو ئێوەش تائەبەد راوی یەكتربكەن!! وەك سەگی هار وا لێمان وەخۆكەوتوون، ئێوەش رەشماڵیان بۆهەڵدەن! دیسان بۆمباو ناپاڵم و كوردقڕان، ئێوەش شەڕی دەستوورو پارەو حزب بكەن! دوژمن شەڕی سڕینەوە! ئێوەش شەڕی سعات و عەینەكی سەرۆك! لەچاوتاندا وەیشوومە دەبینم و ئەو ماڵەمان لێ‌ تێكدەدەن!! خوداناسەكان شەڕەفی نەتەوەو نیشتمانیش پیرۆزەو چیتان لەسەر قسەیەك لەسەر مێژووی ئایین بەنووسەرێك كرد، دەی وڵات سووتێنەرەكانیش سووك بكەن! گەلی بەنجكراو یەكتر ریسوا دەكات و دوژمن خەنی! چەند دوورە لەخودا میللەت، زوحاك خوێنی دەمژێت و لانەی تەختدەكات ئەویش بێدەنگە! مەلا عوسمان یەكەم ئەفسەری كۆماری كوردستان هەمیشە بەباوكمی دەگوت" ئەگەر كەندەڵانێكی قووڵت هاتە پێش و ناچاربیت بپەڕیتەوە، كورد ببێتە پردی نەجاتت، بەسەریدا مەپەڕەوە، خۆت فڕێدەو مردن هەڵبژێرە.                      

چی قەوم و قیلەی دنیایە پێمان پێدەكەنن!

كەقوتابی بووم مامۆستایەك بەقوتابییەكی گوتبا" كەرە، حەیوان، بێ‌ مێشك" دەمگوت واوەیلا بۆئەو مامۆستایە! وێستاش ئەو جنێوانە لای زۆر مامۆستا لەسەر زارن و قوڕ بەسەر پەروەردەو داهاتووی كۆمەڵگە! لەكۆڵان و گەڕەك جنێوی هەرزان دەدرێن و دیارە لەكوێ‌ دێن! كارەسات ئەوەیە مینبەری مزگەوتەكان بوونەتە كارخانەی بەرهەمهێنانی جنێوی وا، لەهەمبانە بۆرینەو هیچ قامووسێك و پەندو قسەی نەستەق و پێشینان وشەی وا سووك نادۆزیتەوە!! مزگەوت دەبێت وابێت؟! هەندێك پیاوی ئایینی لەشاشەكانیش وا جنێو پەخش دەكەن و رووم نییە لای منداڵ و خێزانەكەشم گوێیان لێبگرم!! وابڕوات چۆن دەمێكە لەسیاسەتكردن و ئیدارەداندا بووینەتە گاڵتەجاڕی زەمانە! ئاواش جنێودان ئابڕوومان دەبات و هەرچی قەوم و قیلەی دنیایە قاقا پێمان پێدەكەنن!