ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

محەمەد چۆمانی/ ساحێبی ئەو قسانەم سەد ساڵی تریش بێت

 

لەوەدا رەشبینم!

لەوڵاتێكدا پۆلیسێك نەتوانێت سەرەرۆیەك و شەقوەشێنێك بووەستێنێت، دادگا كڕ كەوتبێت و دادوەران نەتوانن تاوانباران سزا بدەن، پیاوانی یاسا نەكارن یاسا بەرقەرار بكەن، بەرپرسانی بازرگانی بكەن و بەشێك بن لەبەرهەمهێنانی قەیران، بازاڕ پڕ بووبێت لەمافیاو، هاووڵاتی لەهەمبەریدا كەوتبێتە بن پێیان، جومگەو دەزگاكانی لەگەندەڵی نغرۆ بووبن و ئەخلاقی سیاسی و رۆحی میللەتیش هەلا هەلا بووبێت، ئینتیما بۆنیشتمان وێران و حزب سەروەرو هەموو شت بێت، بەو حاڵەوە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی، پێموایە دەبێتە مەهزەلەترین دەوڵەت لەسەر رووی زەمین!! حكومەتێك نەتوانێت شەڕی گەندەڵی بكات، كەرتەكانی هەڕی لەسەروبەڕو ئاشی نەزان بێت و خوا بیگێرێت، دەوڵەت شكستێكی پێشوەخت و حەتمییە!! لەوەدا رەشبینم و دەوڵەت بەقسان دروست نابێت و حوكمدارێتیش بەو ئەقڵە ناكرێت! ساحێبی ئەو قسانەم سەد ساڵی تریش بێت!.       

دەترسم نەوت بفرۆشین و ئاویش بكڕین!

ئەوەی لەكوردستاندا بوونی نەبێت سیاسەت و ستراتیژی ئاوە. دەترسم نەوت بەبۆڕی بفرۆشین و لەوسەر بەبۆڕی و تانكەر وەك قوبرس و وڵاتانی ئەفریقیا ئاو بكڕین! ئەوەتا 200مەتر ئاوی ژێر زەوی كەمیكردووە، چەندین سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی وشكبوونە، لەبەر تەنگژەو قەیرانەكان، كەس قسەیەك لەو سامانە مرۆییە ئابوورییە بەنرخە ناكات و تەوژمی سیاسەت مێشكی داگیركردووین و هەمووان شرۆڤەكاری سیاسین! كورد ئێژێت"پاش تڕێ‌، خەپشەی بڕێ‌" تازە وا حكومەت دەكەوێتەخۆ، بەڵام پلان و سیاسەتی مەودادرێژی دەستگرتن بە ئاوی نییە! هەرزانترین شت ئاوە! بێبەهاترین شت ئاوە! شەقام هەر ئاوی پاكە دەڕوات، رۆژانە رەنگبێت زیاتر لە100هەزار ئۆتۆمبێل بەو ئاوە هەر بۆشۆخی و خۆشی بشۆردرێت! بەهەزاران بیری نایاسایی لەمەزرەعەو ماڵان، نەبوونی پێوەری ئاو، نەبوونی لێپێچینەوە، تۆبڵێی دوای نەوت، رووبەڕووی تەنگژەی ئاو نەبین؟  

 

لەهەر وڵاتێك بژی دۆلار، بژێنمەوە سەد گیڤارا (عەبدوڵڵا پەشێو)

دۆلار هەروا بەرزدەبێتەوەو مۆڕاڵیش هەروا نزم! ئەو دراوە نەعلەتییە سەرچاوەی نەهامەتییە، سیاسەت و ئاشووب و ماڵوێرانی هەر ئەم پارچە كاغەزەیە! شتومەك هەروا گران و مرۆڤیش هەروا هەرزان دەبێت، ماركس لەخۆڕا نەیگوتوە" تانرخی كاڵاكان بەرزتر بێت، ئینسان بێ‌ بەهاتر دەبێت". لەبن سێبەری ئەو هەموو دۆلارەدا تەنها ژیان ناكەین و سووكایەتی دەبارێت! لەگەڵ ئەم فڕینەی دۆلارو شتومەكیشدا لەگەڵ هاتنی رەمەزان كەدەبێت مانگی خێرو بەرەكەت بێت، بازاڕ، ویژدان، بەزەیی، خۆشەویستی و سۆز، هێمنی و نەرم و نیانی، پێچرانەوەو ئەوانیش فڕین!! دۆلار بەری چاوی گرتووین! تاكۆیلەی پارە بین و گرووپێكی پارەداری مافیائاسا هەڵمانسووڕێنن، نەدین و نەنیشتمان، نەئینسان، بەهایەكیان نابێت.! پەشێو گوتەنی بۆئەو سیستەمی ئیمپریالیزمی دۆلارو مەملەكەتی قۆرخكارییە، تەنها گیڤاراكان!.                                        

چاوەڕێی چی بین؟

بەڵێ‌ دەبێت زۆر بخوێنینەوەو كەم بنووسین، زۆر گوێبكرین و كەم بدوێین! كۆمەڵگەیەك لەهیچیاندا بەشی نییە!! ئەوە نەبێت بۆتە مێگەل و هەر رۆزە هیزێكی سیاسی لێی دەخوڕێت! دەستەبژێرو خوێندەوارەكانیشی كەمترین كاریگەریان هەیەو ئەوانیش زۆرێكیان بەدوای لوزەوەكە كەوتوون!! ئەوانەشی پیتی "د" لەپێش ناوەكانییانە زۆریان بەتاڵن و كەوتوونەتە دوای بەرژەوەندی و پوول و رووداوەكان! ماوەتەوە ژمارەیەكی كەمی خەمخۆرو خاوەن فكرو هەڵوێستەكان، ئەوانیش كۆمەڵگە نەگوێیان لێدەگرێت و نەلێیان تێدەگات!! لەزۆربەی كاتیشدا پێیان پێدەكەنێت!! ئیدی چاوەڕێی چی بین؟                                                        

 

بۆیە چەقیوین، ئەوە سیاسەتی پەروەردەییمانە!

عەیامێك تەنها شاشەیەكی بەتاڵ! دواتر ساڵێك زیاتری پێچوو تەنها لۆگۆی دەسوڕا! ئێستا وەشاندن دەكات و تەنیا نووسین و رەشكردنەوە!! رێك گوزارشتە لەو عەقڵە بەجێماوەی پەروەردە! تەلەفزیۆنێكی پەروەردەیی ئەوە بەرنامەو سیاسەتی پەروەردەیی بێت، هەر وای بەحاڵمان! لەجیاتی بەرنامەی كلتوری و مەعریفی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی هاوچەرخ، لەجیاتی چوونە نێو كێشە قووڵەكانی پەروەردەو كۆمەڵگە، چەشنی بازاڕە بەڕەڵڵاكەی خوێندن و سەنتەرو خولكردنەوە، بۆتە كەناڵی پێشكەشكردنی وانەی تایبەت و شیكردنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن! وەك بڵێی قوتابخانەكان توورو چەوەندەر بچننەوە!! كێ‌ لەپشت ئاراستەكردنی تەلەفزیۆنی پەروەردەییە؟! تۆبڵێی ئەم هەموو شارەزاو راوێژكارەی پەروەردە ئەم مەهزەلەیە نەبینن؟! دەبێت ئەم كەناڵە بێ‌ بەرهەمە چەندێك پارەی بەلاشی بۆخەرجبكرێت؟بۆیە چەقیوین، ئەوە سیاسەتی پەروەردەییمانە!.