ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

محەمەد چۆمانی / سیاسەتمان شكست و بیركردنەوەشمان كورت دەرچوو

حەیامان بەردەوام بار دەكات!

گۆرانی شاعیر بەری نیو سەدە ئێژێت" ئەمڕۆ ئەبێت مامۆستای كورد رێگەی پێگەیاندن دانێ، بۆملیۆنان نەك سوڵتانێ" ئێستا لەسایەی قەومی بێ سەر، لەسایەی ئەو هەموو سوڵتانە، رێگەی خۆكوشتن و كۆتایی ژیان دادەنێت! كۆمەڵگەیەك و دەسەڵاتێك، رۆشنكەرەوانی ژیانی ئاسان و لەبرسان و لەترسان و لەركان، بۆئەوەی چاوشۆڕی دەستی زەمانەی سەخیف نەبێت گوللە بەسەریەوە بنێت، پەنجەی پەشیمانی لەهەڵخلیسكان دەگەزێت!! شەرمە رابەران لەتاو ئازاری نەبوونی خۆیان بكوژن و دەسەڵاتیش هەستی نەبزوێت! حەیامان بەردەوام بار دەكات، مەرگی برسێتی مامۆستایان هەواڵی راگوزەر بێت و رامان نەچڵەكێنێت.!! 

بەو حاڵەوە چی لەبكەرو بەركار بكەم؟!

چی لەكاری تێپەڕو شاعیران بكەم، كەهەموو رۆژێك پۆل و نێو رەحلەو سەر پەنجەرەو باخچە پڕبكرێت لەقووتوی ئاوو بیبسی و قونكە سەمونی فڕێدراو! لەنێو گۆڕەپان چەشنی تۆپ شووت لەقوتوی بەتاڵ دەدرێت، دەیبینم و دەزانم دواجار ئەو شووتە لەنیشتمان دەدرێت!! پەروەردە بەڕێكردنی ساڵی خوێندنە! بەشینەوەی بڕوانامەو دامەزراندن و مووچە وەرگرتنەو بەس!! فێربوون و بیناكردنی ئینسان نییە! فێرخواز بووەتە بتێكی رەق و تەق!! رابەران دێن و دەچن و وانە دەڵێنەوە، وەلێ‌ شاگردانیان فێرناكەن!! زۆریان زیادەیەكیان پێ‌ نییەو وەك دێڕەكانی كتێب رەش دەچنەوە! ئەو دەمەی لەگەڵ قوتابییەكان كاری پاككردنەوە دەكەم، پێیان دەڵێم بەرپرسیارێتی و كارو بیركردنەوەی دروست و مرۆڤایەتی چییە، هەستدەكەم ئەوكاتە زانست و زانیاریم گەیاندووە! ئاخر بەو حاڵەوە چی لەبكەرو بەركار بكەم؟!!.

نەك پۆڵایین، تەنەكەش نەبوو!

تەنها بەسێ‌ ساڵ كورد لەسوریادا ئەزموونێكی گەورەی دروستكرد، كانتۆنەكانی ئیدارەی خەڵك دەكەن، گرفتاری شەڕی پەڕۆو حزب نەبوون!، گەمارۆ دران و بێ‌ نان خۆیان گرت و داعشیان تێكشكاند. سیاسەتێكی عەقڵانیان لەمامەڵە لەگەڵ دەوروبەر گرتەبەر، سوود لەهەموو لایەك وەردەگرن، ئەوەتا ئەمریكاو رووسیاشیان بەلای خۆیاندا راكێشا! وابڕوات دوور نییە دەوڵەتیش رابگەیەنن!جیا لەتێبینی زۆریشم لەسیاسەتیان، كەچی 24ساڵە ئەزموونی باشوور هەروا دەچێتە دواوەو دەوڵەت ئێمە خۆش و فشارە ئیقلیمی و دەرەكییەكانیش نەبێت، دەیكەنەوە دوو ئیدارەكەو دێگەڵە سنوورمان دەبێت! دەركەوت سیاسەتمان شكست و بیركردنەوەمان كورت و ئیرادەمان نەك پۆڵایین، تەنەكەش نەبوو!! خودا بتانگرێت ئاواتان لێكرد!

خەفەتم لەوەیە مێشكیان دەگووشرێت!

سادقی هیدایەت دەڵێت" وای بەحاڵی میللەتێك من گەورە نووسەری بم" رۆشنبیربوون تەنێ‌ ناوێكی زل نییە، فكرو دنیابینی و خوێندنەوەی سبەینێیە لەمڕۆدا، تێگەیشتنە لەلوغزو كردنەوەی كۆدەكانی بیركردنەوەیە، زۆر رۆشنبیر لەتێكگیرانی هێزە سیاسی و قەیرانەكاندا دەمامكیان لاداو وەك خۆیان دەركەوتن!! بانگەشەی ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئیشی رۆشنبیرە، نەك بەڕەخستنە ماڵی سیاسییەكان!! بەشێكی دیاری نەوەی نوێ‌ وێڵی بیری ئەو رۆشنبیرانەن، كەپێی وایە هەقیقەت و عەقڵانییەت لەوانەوە دەڕژێتە نێو كانیاوی لێڵی بیركردنەوە!! خەفەتم لەوەدایە مێشكیان دەگووشرێت و بچووكدەكرێتەوە!! وای بەحاڵمان ئەو پێنووسانە پەڕەی سپی مێشكمان پڕبكەنەوە.

نیفاق خۆری كوردی ئاواكرد!

عەبادییەك لەسەر وێرانەی حوكم، لەوڵاتی خوێن و دزی و مافیاییدا ئابرووی عێراقی برد، كەچی وا ئەو دێتە نێوانمان و بەكوردەكان ئێژێت" گفتوگۆ بكەن و بەیەكدا هەڵمەشاخێن"! كورد سەدەیەك زیاترە هەموو كەسی بەخۆ خۆشكرد، خۆشی هەردەم كۆست و تاسەباری! دۆست و دوژمنی هێنایە پێكەنین، تەنها خۆی نەبێت!! شین لەماڵی خۆیدایەو شادی لەماڵی دوژمن!! نیفاق وا خۆری كورد ئاوا دەكاتەوە!! بێكەسی شاعیر گوتەنی" قەومێ‌ سەوییەی ئاوا بێ‌، مەحاڵە خاكی بەرزو ئاوا بێ‌". حەیفێك قەدری میللەت و ئەزموونەكەمان شكاندەوە.!!