ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

محەمەد چۆمانی/ كرمی خۆخۆری مێشكمان هەروا زاوزێ دەكات

حەیا نییەو رژاوە!                        

پەشێو دەڵێت" ئەوەی كورد بێ‌ و كورد بكوژێ‌، زۆڵە، تەرەسە، گەوادە". منیش دەڵێم" ئەوەی كورد بێ‌ و هاوسۆزی داعش و حاجی قادر گوتەنی"كڵاوسوورو كڵاورەش"بێت، بیژییە، بێشەرەف، كەربابە". ئەمڕۆ نییە، ژن و منداڵمان لەژێر چەقۆی تیژی توركدا سەردەبڕدرێت،، عەیامێكە وەك ئەم وێنانە كەل و كۆممان دەكەن، بەس حەیامان نییەو رژاوە!!!، بێدەنگین و بێدەنگ! چ خۆشباوەڕییەكە ئەمریكا بەفریادەرەسی كوردو تورك و فارس، بەدۆستمان بزانین!! گوو بەو دراوسێیەتییە!! ئەورەحمان بەگی بابان گوتەنی" ئینگلیز هاتە ناوەوەو ئومێدی سەربەستی نەما". كوردستانی رۆژئاوا كوێری كردوون، چۆن دادەنیشن؟! وەك چۆن 24ساڵە لێرە تێكمان بەردەدەن و خەومان دەزڕێنن، ئاواش لەو پارچە لەتكراوە دەكەن!! داخەكەم لەغەفڵەتین و كرمی خۆخۆری مێشكیشمان هەروا زاوزێ‌ دەكات!!! داد بۆكوردی بێ‌ شەرم و بێچارە.!                         

چ بەدبینییەكی سیاسییە ئەمانە دەیكەن!

تادوێنێ‌ لقێكی حزبی بنەماڵە بوو، ئەمڕۆ بەلای ئەوانەی پێچكە كورسییەك بوون شۆڕشگێڕ! بەلای ئەویدیش نمەك حەرام و بێ‌ هەڵوێست! زەحمەتە سیاسەتكردن و هاوسەنگی لەم فەزا بۆگەنەدا! زۆرجار چەپڵەلێدان و لەیەكدانی دەستەكان شكاندنی بەرامبەرو شەڕی دەروونی و یەكلاكردنەوەی شەڕی جەمسەرە تێكگیربووەكانە دەكرێت! بەدیدی ئەوان حزبێك 20ساڵ پاشكۆ بێت و بەهەڵوێستێك كە عەیامێكە روون و ئاشكرا لێی جیانەبۆتەوە، بكرێت بەپاڵەوانی مەیدان، دیارە ئامانج لێی چییە!! هەراوزەنای دوێنێی پەرلەمان و بەرزركردنەوەی فراكسیۆنی شیوعی و لەوبەر بەئەرزدادانی، كورد گوتەنی"كاغەزێكی نەنووسراوەو دەخوێنرێتەوە"، چەند كورتبینییەكی سیاسی و فكرییە، بۆشكاندنی یەكتر، هێزێك بێت هەڵوێستێكی نیشتمانی حزبێك بباتە مەزادخانەو هەرزانفرۆشی بكات! هێزێكی دیكە نابووت و ناشرین بیبینێت! چ بەدبینییەكی سیاسییە ئەمانە دەیكەن

 

تێناگات ئەو خەڵكە!

دوێنێ‌ ئەوان كۆبوونەوەو پێكەینین! ئەمڕۆش پەرلەمانەكەیان و هەوادارانیان لەسەر تەقینەوە بوون و فەیسبووكیش ئاگری گرت! تێناگات ئەو خەڵكە! هەردوێنێ‌ دوای بەكوشتدانی 5هەزاركەس، سەرۆكەكانە گوتیان" بێتاوانترین كەس ئێمەین! تێناگات ئەو خەڵكە! هیچ لەگۆڕێ‌ نییە، وەك چۆن چوار ساڵ یەكتر كوشتن، بەلایان نەبا بوو نەباران! چ كارەساتێكە ئەمانە دەیكەن! چ بەڵایەكە میللەت هەر لەغەفڵەتەو بێدار نابێتەوە! دەروێشەكان بۆ وادەكەن؟! ئەم حاڵگرتن و سەرسوڕانە تاكەی؟ تەنها خەجاڵەتییە دەمێنێتەوە! داخی گرانم بۆئەو رۆشنبیرو نووسەرو قەڵەم بەدەستانەیە، بێباكانە تەرەفگیری دەكەن و كەڕەنای شەڕ لێدەدەن! شەرمە ئەم بیركردنەوەیە! هەندێك دەم و چاو بەلاش خۆیان ناشرین دەكەن! لەوڵاتێكدا حزب سەردارو سالارو یاسا لەژێر پێیان بێت، ئەوە هەڵوێستی رۆشنبیرانی بێت، قوڕ بەسەر ئەو میللەتە!! قوڕ بەسەر پەرلەمان، كەئەمڕۆ مردار بووەوە.      

سوحبەتێك بوو كردتان!

قەیرانەكان تاتەپڵی سەری خەڵك هات، ئێوەش شەڕی سەرۆك و حزب بكەن! لێی خوڕن و ئاوڕناداتەوە ئەو مێگەلە!! بیخوڵقێنن قەیران! داعش پەیدانەبووایە، ئەو گۆمە بۆگەنە هەر دەشڵەقا! خۆتان كردووەتە بۆمب و بەنیشتمان و یەكتردا دەتەقنەوە! دیموكراسی و رەنجی شاختان سەربڕی و دەنگی خەڵكیشتان كردە پێ‌ و بێ‌ منەت لەسەری سەرەوە لێی پاڵكەوتوون! بەڵێن و پەیمانی دروستكردنی بەهەشت سوحبەتێك بوو، بەر لەهەڵبژاردن كردتان! كێكەكە بەشكراو میللەت قیڕە قیڕ دەكات جەهەننەم! پەرلەمان بۆبنەبان! نایەڵن ئۆقرە بگرێت رۆحی شەكەتمان! بەزۆر نییە وێكڕا هەڵناكەن! "پیرەر" بگەڕێننەوەو بیكەنە دوو حكومەت و دوو سەرۆك! ئەودەم خۆتان برا گەورە! قەسەم دەوڵەتیش دروستبكەن، كەدروستنابێت، بەردەبنە گیانی یەكتر! تا میللەت سەركزو مەلوول و بێ‌ ئاگا بێت، ئێوە هەر سەردارو سوار دەبن.!بۆنی ئاشووبێكی دیكەتان لێدێت و وەرنەوە هۆش و ئەو خانۆچكەیەمان لێ‌ تێكمەدەن.                                         

بەزۆر نییە ئینسان نیت

چەند رۆژێكە كەجادە چۆڵەو مرور نییە، ئەوەی دێت و لەگڵۆپی سوور دەدات!! بەتەنها وەستاوم و كەسم لێ‌ دیارنییەو ناڕۆم! وای كە بێ‌ عەقڵم!!! دە ساڵیش دەبێت، دەگمەن نەبێت ئۆتۆمبێل بەئاو ناشۆم، پێم ستەمە ئەو ئاوە پاكە ختوخۆڕا بچێتە زێرابەكان، تەنها دوو پارچە پەڕۆ بۆلابردنی پیسی و سافكردن بەكاردێنم. كاكم لەولا هات" مامۆستا ئەوە چییە، خۆ ئاو قاتی نییە؟! ئای كەپیاوێكی سەمەرەم! گڵۆپی زیادە دەكوژێنمەوە، میوانی خۆشەویست هەڵیدایێ‌" مامۆستا ئەو تاریكستانە چییە، دەپێكە پێ‌ ئەو گڵۆپانە كارەبای رەئیسییە!! بەتوو چاك دەبیت!! بنیادەمێكی تەڕوتووشم!! مامۆستا ئەوە لۆ ئەتو لەگەڵ جەرەسی پێشی مە دێیە ژۆرێ‌، ئای لەوەشدا مامۆستایەكی وشك و رەقم!! كەرۆح گەندەڵبوو، كەدڵ بۆگەن بوو، كەئینسان لەبەهاكان داماڵرا، كەهۆش و مێشك نەبوو، تێنەگەیت بەرپرسیارێتی چییە، بەرماڵ لەسەرشان بیت،بێ‌ دین بیت، دكتۆرو پرۆفیسۆر و نووسەر بیت، بەزۆر نییە ئینسان نیت.!