ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

محەمەد چاوشین/سەبارەت بە مادەی شەشی دەستووری هەرێم

 

مادەی شەشی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو مادانەی کە زۆرترین پاڕادۆکسی لە ناواخنی خۆیدا ھەڵگرتووە و پێویستی بە خوێندنەوەی ورد و دەستکاریکردنی ورد ھەیە.

ناوەرۆکی ئەو مادەیە بەو جۆرەیە : "بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەیەکی سەرەکی یاسادانانە و نابێ یاسایەک دابنرێت ناکۆک بێت لەگەل حوکمە نەگۆرەکانی ئیسلامدا". لە ھەمان کاتدا دەڵێت نابێت یاسایەک دابنرێت ناکۆک بێت لەگەڵ بنەماکانی دێموکراسی.

بێ شک، کاتێک لەو دوو بڕگەیەی مادەی (٦) ورد دەبیتەوە، لە ناورەڕۆکدا تەواو ناکۆکن لەگەڵ یەکدا.

بە مانایەکی زۆر سادەتر :زۆرشت ھەیە لە شەریعەتی ئیسلامدا ڕێگەپێدراوە، بەڵام لە دێموکراسیدا ھەرگیز جێگایان نابێتەوە. بێگومان بەپێچەوانەکەشیەوە ھەرد ڕاستە.

ئەو مادەیە، جۆرێکە لە پاڕدۆکس و پێویستە دەستکاری بکرێت.

قسەی من لەسەر ئەوە نییە کە بێڕێزی بەھیچ دینێک بکرێت، بەڵام بۆ وڵاتێکی فرەئایین و فرەمەزھەب، نووسینەوەی بڕگە و مادەکانی دەستوور دەبێ بە وەبەرچاوگرتنی ئەو هەمەڕەنگییە بێت نەک بەپێی چوارچێوە و سنوورەکانی ئایین یان مەزهەبێک.

ئەوە ڕاستە کە زۆرینەی خەڵکی ھەرێم موسڵمانن و پەیڕەوی لە دینی ئیسلام دەکەن، بەڵام خۆ مەرج نییە ھەموو ئەو خەڵکە ـ هەرچەند موسوڵمانیش بن، لەگەڵ ئەو مادەیەدا بن. تەنانەت خەڵکانی مولتەزیم بە ئایینیش کە لە دەرەوەی ھێزە دینییەکانی ھەرێمی کوردستانن، لەگەڵ دێموکراسیدا کۆکترن تا ئەو بنەمایانەی شەریعەت کە لەگەڵ سەردەمدا ناکۆکییان هەیە. موسوڵمانانی ئازادیخوازیش دەزانن کە بوونی مادەیەکی لاستیکی لەو شێوەیە، ماف و ئازادییەکانی ئەوان کۆت و بەند دەکات.

ئەو لایەنانەی زیاتر لە هەموان باسی جێگیرکردنی ئەو مادەیە دەکەن، ئەوانەن کە لە چوارچێوەی "ئیسلامی سیاسی"دا پۆلێن دەکرێن. بەڵام ئەوە لە کەس شاراوە نییە کە، وەک لە هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوتووە، زۆرینەی خەڵکی کوردستان پڕۆژەکانی ئیسلامی سیاسی ڕەت دەکەنەوە. ئەمە بۆخۆی پێمان دەڵێ کە ئێمە دەبێ خاوەنی دەستوورێکی سێکولار بین.

ئێستا کە پڕۆژەی دەستووری ھەرێم گەڕاوەتەوە پاڕلەمان و لیژنەیەکیش بۆ پێداچوونەوە و ھەموارکردنەوەی بڕگە و مادەکانی پێکھاتووە، یەکێک لە خالە گرنگەکان دەبێت سێکولارکردنی دەستوور و دەرھاویشتنی ھەرچی خاڵ و بەندی گرێدراو بە ئایین و شەریعەتە لەو دەستوورەدا. دەبێ لە دەستووردا ڕاشکاوانە جیایی ئایین و شەریعەت لە دەسەڵات و ھاوکات دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە رێگەی دەنگی کۆمەلانی خەڵکەوە مسۆگەر بکرێ.

بۆقۆناغی ئێستا و داھاتووی کۆمەڵگەی کوردستان، پێویستیمان بە دەستوورێکی مەدەنی و سێکولار ھەیە، کە لەژێر ڕۆشنایی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و یاسا و ڕێساکانی ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکانی خەڵک نووسرابێتەوە.

تەنیا لە وەھا ھەلومەرجێکدایە کە دەتوانین ھیوامان بە داهاتوویەکی گەش و روو لە گەشە هەبێت کە نیشتمان و نەتەوەکەمان لێمانی دەوێت.